نێچیرڤان بارزانی: جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق بە چاودێریی نێودەوڵەتی دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەبارەی دۆخی سووریاوە "تێڕوانینی هاوبەشمان لەگەڵ فەرەنسا هەیە" و جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشق دەکاتەوە.
ئەمشەوی پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی، "رۆڵی گرنگی سەرۆک ماکرۆن بۆ ئاگربەست لە سووریا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی نێوان دیمەشق و هەسەدە و پشتگیرییان لە مافەکانی کورد و پێکهاتەکان بەرز دەنرخێنین".
لەبارەی رێککەوتنەکەی هەسەدە و دیمەشقەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختمان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بە چاودێریی نێودەوڵەتی کردەوە".
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سوپاسی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ گەیشتنی کورد و دیمەشق بە رێککەوتن و گوتی، "ئێمە دەمانەوە وەکو چۆن لە عێراق مافی کورد پارێزراوە، لە سووریاش پارێزراو بێت".
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "هێزەکانی فەرەنسا و پێشمەرگە پێکەوە دژی تیرۆر جنگان و بەردەوام دەبین".
ئەمڕۆ 5-2-2026، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەغداوە رایگەیاند، "بۆ کارێکی گرنگ هاتوومەتە بەغدا، پێکەوەبوون دژی داعش گرنگە و فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژ بە تیرۆر".
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پاش کۆبوونەوەیان لە بەغدا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد.
هەر ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دیمەشق، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە.
دهقی قسەکانی نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
زۆر خۆشحاڵ بووم كه ئهم ئێوارهيه له ههولێر پێشوازيم له مسيوو (ژان نوێل بارۆ) وهزيرى دهرهوهى فهرهنسا كرد. دووباره به گهرمى بهخێرهاتنى جهنابيان دهكهم.
له ديدارهكهماندا باسمان له برهودان به پهيوهندييهكانى فهرهنسا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان و فراوانكردنى هاوبهشيى ستراتيژيمان بۆ ئێستا و داهاتوو كرد. دۆخى سياسيى عێراق و ههرێمى كوردستانمان تاوتوێكرد.
سوپاسى دۆستايهتيى دێرين و پشتگيريى بهردهوامى فهرهنسامان بۆ عێراق و بۆ گهلى كوردستان بهتايبهتى كرد. سوپاس و پێزانينم بۆ جهنابى سهرۆك ماكرۆن دووپات دهكهمهوه كه ههميشه پشتيوانیى له گهلى كوردستان و مافه دهستوورييهكانى كردووه. گهلى كوردستان ههرگيز ئهمه لهبير ناكات.
خهمخۆرى و دڵسۆزيى فهرهنسا و رۆڵى گرنگى سهرۆك ماكرۆن بۆ ئاگربهست له سووريا و دهستپێكردنهوهى گفتوگۆى نێوان ديمهشق و ههسهده، ههروهها پشتگيرييان له مافهكانى گهلى كورد و پێكهاتهكان به شێوهيهكى دهستوورى له سووريا بهرز دهنرخێنين.
تێڕوانينى هاوبهشمان لهگهڵ فهرهنسا ههيه كه سهقامگيريى سووريا گرنگه. سووريايهكى يهكگرتوو كه كورد و ههموو پێكهاتهكان لهخۆبگرێت و مافى ههمووان پارێزراو بێت. بۆ ئهوه جهختمان له جێبهجێكردنى رێككهوتنى ديمهشق و ههسهده، به چاودێريى نێودهوڵهتى كردهوه.
لهگهڵ جهنابى وهزير هاوڕا بووين كه داعش هێشتا مهترسييهكى راستهقينهيه و ههڕهشه له ئارامى و سهقامگيريى ناوچهكه دهكات. بۆيه پێويسته ئهركى هاوپهيمانيى نێودهوڵهتيى دژى داعش و بهرهنگاربوونهوهى تيرۆر و تووندڕهوى بهردهوام بێت.
داكۆكيمان له گرنگيى پاراستنى ئارامى و سهقامگيرى و رێگرى له زيادبوونى گرژييهكان له ناوچهكه كرد. جهختمان كردهوه كه پێويسته ههموو ههوڵێك بدرێت بۆ ئهوهى كێشه و ئاڵۆزييهكان ئاشتييانه، به گفتوگۆ و رێگه ديپلۆماسييهكان چارهسهر بكرێن.
جهنابى وهزير، دووباره به هاتنان خۆشحاڵ بووين، زۆر بهخێر بێن.
دەقی قسەکانی ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا
زۆر سوپاس، جەنابی سەرۆک نێچیرڤانی ئازیز، بۆ پێشوازییەکەت لە هەولێر، لەم کوردستانەی کە شوێنێکی زۆر تایبەتی لەلای فەرەنسا هەیە.
هەمووان لێرە هێزی پەیوەندییە مێژووییەکانمان دەزانن. هەمووان دەزانن کە بە دەستپێشخەریی فەرەنسا بوو بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایش پەسند کرا، کە تێیدا ناوچەی دژەفڕین لەلایەن فڕۆکەوانە فەرەنسییەکانەوە دابینکرا، ئەوەش کۆتایی بە کۆمەڵکوژیی کوردەکان هێنا لەلایەن سەدام حوسێنهوه و رێگەی بۆ ئۆتۆنۆمیی کوردستان خۆش کرد.
هەمووان خەباتی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی فەرەنسا و پێشمەرگە قارەمانەکانمان لە یادە کە بەم دوایییانە شاری پاریس رێزی لێ گرتن، هەروەها خەباتی هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ راگرتنی داعش لەسەر دەروازەکانی هەولێر و کۆبانێ.
سەرۆک هۆڵاند یەکەم سەرۆک دەوڵەت بوو کە سەردانی هەولێری کرد بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ برا و خوشکە هاوسەنگەرەکانمان، چونکە هەمووان ئازایەتی و قوربانیی ئەو پاڵەوانە ژنانەیان لەبیرە کە سەرکەوتووانە رووبەڕووی بەربەرییەکان بوونەوە بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەیان، کوردستان.
لە ناو ناخۆشییەکاندا، فەرەنسا و کوردستان هەمیشە یەک چارەنووس بوون. ئەمڕۆش، لە کاتێکدا گرژییەکانی سووریا و ئێران رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەهەژێنن، ئێمە کۆبووینەوە بۆ نیشاندانی هەماهەنگیی نزیک و هەوڵی هاوبەشمان.
لێرەدا دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق بکەم بۆ ئەو رۆڵەی لە چەند هەفتەی رابردوودا گێڕاویانە.
سەرەتا لە سووریا، جەنابی سەرۆک، ئێوە بە شەخسی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەتان گێڕا بۆ کۆتاییهێنان بە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
لە کاتێکدا فەرەنسا بەردەوامە لە هەوڵە نێوەندگیرییەکانی بە بەشداریی شەخسیی سەرۆککۆماری فەرەنسا، دەمەوێت سوپاسی ئەو هەماهەنگییە نزیکەتان بکەم کە لەم هەفتانەی دواییدا بینیمان، کە رێگری لە خوێنڕشتن کرد و بووە هۆی هاتنەکایەی ئاگربەست و ئاسانکاری بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی رابردوو.
رێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕ دەهێنێت و دەبێت بەتەواوی جێبەجێ بکرێت بۆ دابینکردنی گەرەنتی سیاسی و ئەمنی بۆ تێکەڵبوونی کوردەکان لە سووریایەکی یەکگرتوودا، هەروەها دەبێت مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ ناساندنی مافە زمانەوانی، کولتووری و پەروەردەییەکانیان بەتەواوی جێبەجێ بکرێت.
ناساندنی ناسنامەی کوردەکان مەرجێکی سەرەکییە بۆ بووژانەوەی سووریا، وەک چۆن لە عێراقدا وا بوو. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە و گواستنەوەی سیاسی، بە مەبەستی دروستبوونی سووریایەکی یەکگرتوو، خاوەن سەروەری و ئاشتیخواز کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت. ئاسۆی کوردانی سووریا نابێت تەنیا لە ناوچەکەی خۆیان کورت بێتەوە، بەڵکو دەبێت وەک عێراق، بەشداربن لە ژیانی سیاسیی سووریادا.
سەبارەت بە ئێران، تووندوتیژیی دەوڵەت دژی گەلی ئێرانم بە تووندی سەرکۆنە کردەوە. ئێمە ئاگاداری دۆخی ناوخۆیی نیگەرانکەر و مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکانین. دەزانین چ مەترسییەک رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە ئەگەر ململانێیەک هەڵگیرسێت کە خۆی هەڵی نەبژاردبێت.
پێشتریش ئەوەمان بینیوە و نە دەتوانین قبووڵی بکەین و نە تەسلیمی دەبین. دڵنیاییم داوە بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونی لەگەڵ کوردەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کە دەزانین بەستراوەتەوە بە ئاسایشی خۆمانەوە.
سەردانەکەم دەرفەتێکیش بوو بۆ دیدارم لەگەڵ سەربازە فەرەنسییەکان لە عێراق، بەتایبەتی لە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. ئەم هێزانە خەریکی خۆڕێکخستنەوەن وەک وەڵامێک بۆ گۆڕانی هەڕەشەی تێرۆریزم کە ئێمە بە تووندی پابەندین بە شەڕکردن دژی، هاوشان و پێکهوه، وەک ساڵانێکە دەیکەین.
جارێکی دیکەش سوپاسی دۆستە کوردەکانمان دەکەم بۆ ئەو متمانەیەی بە ئێمەیان بەخشیوە و هەماهەنگییە نایابەکەیان لەم بوارەدا.
پێویست بە گوتن ناکات کە پەیوەندییەکانمان لەوە زیاترن و هەموو بوارەکانی ئابووری، کولتووری، کۆچ و ژینگە دەگرێتەوە، وەک پڕۆژەی بەڕێوەبردنی ئاو بۆ خزمەتی دانیشتووانی کوردستان. بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی ئەم هەماهەنگییە.
لێرەدا دەمەوێت بە دڵ سوپاسی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی عێراق بکەم بۆ ئەو بڕیارەی شەوی رابردوو دایان بۆ پشتیوانیکردن لە فراوانکردنی پێگەی دیپلۆماسیی فەرەنسا لە هەولێر. ئەمە هەڵوێستێکی زۆر جوامێرانەیە و گوزارشت لە هێزی پەیوەندییە دانەبڕاوەکانمان دەکات.
لە کۆتاییدا، دەمەوێت ئاماژە بە پێشهاتە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و عێراق بکەم. لەبەرامبەر ئەو تەحەددییە گەورانەی رووبەڕووی ناوچەکە و وڵات دەبنەوە، لە بەرژەوەندیی هەموواندایە کە لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی کورد دیالۆگێکی بنیاتنەر بکەن. هەروەها لە بەرژەوەندی هەموواندایە کە سیاسەتی هەمەجۆریی و گەشەپێدان لە عێراقدا بەردەوام بێت.
جەنابی سەرۆک، سبەی بەردەوام دەبم لە سەردانەکەم و شەرەفمەند دەبم بە دیداری جهنابی مەسعوود بارزانی، کە لەگەڵیدا باس لە تەحەددییە زۆرەکانی ناوچەکە و رێگەکانی رووبەڕووبوونەوەیان دەکەین.
ئەوە دەرفەتێکیش دەبێت بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو هاوسۆزی و دۆستایەتییەی مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. چونکە هەر لە ساڵی 1967 دا، مستەفا بارزانی بۆ جەنەڕاڵ دیگۆل نووسیویەتی: «بزانە کە تۆ بۆ ئێمە، کە گەلێکی بوون لێ زەوتکراو و هەڕەشەلێکراوین و قوربانیی جەنگێکی درێژ و دڵڕەقین، تەنیا لایەنی نێودەوڵەتیت کە دەتوانیت بنەماکانی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و ئاشتییانەمان بۆ دابین بکەیت.»
جەنابی سەرۆک، نێچیرڤانی ئازیز، بە وەفاداری بۆ ئەم مێژووە هاوبەشە، فەرەنسا هەمیشە لە تەنیشت گەلی کورد دەوەستێت بۆ ئەوەی رێز لە مافەکانی بگرێت.
دووبارە سوپاس بۆ پێشوازییەکەتان.