دایک و باوکی دانەر و گەنجە شوانەکە لەسەر ئەرکی مەسرور بارزانی دەچنە عومرە
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر ئەرکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دایک و باوکی دانەری 10 مانگ و ئومێد نامیق، گەنجە شوانەکە بۆ بەجێهێنانی عومرە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن.
نەبەز ساڵح، باوکی دانەر لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ دایکی دانەر بەرەو سعودیە دەڕۆین بۆ بەجیهێنانی عومرە".
نەبەز ساڵح گوتی: "دوای دۆزینەوەی تەرمی دانەر، بەڕێز مەسرور بارزانی لە رێگەی پارێزگاری هەولێرەوە پێی راگەیاندم کە لەگەڵ دایکی دانەر دەماننێرن بۆ عومرە و ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە بەرەو ماڵی خوا دەڕۆین".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی ئەو خێزانانە ئەو کارەساتە گەورەیەیان بەسەرداهات، بڕیاردرا بچنە شوێنێک کە دڵیان بکرێتەوە، بۆیە ئەوەبوو کە بڕیاردرا بنێردرێنە عومرە".
دوای نزیکەی 60 رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی تەرمی دانەری 10 مانگ و گەڕانی شەو و رۆژی دایک و باوکی و ئەو تیمانەی کە لەلایەن حکومەتەوە راسپێردرابوون، رۆژی شەممە 12-02-2022، تەرمەکەی لە گوندی سۆربەش دۆزرایەوە و رەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا، دوای دڵنیابوونەوەی 100٪ـیش، تەرمەکەی بە خاک سپێردرا.
تەرمی دانەر دوای ئەوەی لەنێو بەرماڵێکدا برایەوە ماڵەوە بۆ لای دایکی، لە گۆڕستانی قوشتەپەی خواروو بە خاک سپێردرا.
دانەری 10 مانگ یەکێک بوو لە قوربانییانی لافاوەکەی هەولێر لە 17-12-2021. دانەری 10 مانگان لەگەڵ دایک و باوکی و خوشک و براکانی لە شیرینی خەودابوون، کاتێک لافاو چووە نێو ماڵەکەیان، بەهۆی زۆریی ئاستی ئاوەکە ئاوبردی و دوای 60 رۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە.
دایكوباوكی دانهری 10 مانگ و ئومێد نامیق، گەنجە شوانەکە کە لە لافاوەکەی هەولێردا خنکان، بۆ بهجێهێنانی عومرە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتنhttps://t.co/1VrJshZxth pic.twitter.com/tozXHpxI8n
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 5, 2022