لیستی مووچە ئامادەیە و رەوانەی بەغدا دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان تەواوبووە و رەوانەی بەغدای دەکەن. 
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی حکومەت کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ لیستی مووچەی وەزارەتی ناوخۆ وەکو دوایین وەزارەت ئامادە کرا. 
 
دوێنێ دووشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە زووترین کات لیستی مووچە بۆ بەغدا دەنێرن.
 
هێشتا چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان یەکلانەبووەتەوە، کە کەی و چۆن دابەش دەکرێت.
 
بۆ مانگی شوبات، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە بە عەرەبی لیستی مووچەی بۆ بنێرن.
 
دوێنێ، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی بۆ بەغدا گێڕایەوە بۆ "هەندێک ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق" کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنیان.