وەزارەتی دارایی: یەکشەممە پارەی تەواو بێت، راستەوخۆ خشتەی مووچە رادەگەیێنین

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو تەواوی تەمویلی مووچە بخرێتە سەر هەژماری بانکیمان".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی (5ی ئازاری 2026) بڕی (274) ملیار و (962) ملیۆن دینار بە چوار گوژمە وەک بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان و سودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و فەرمانبەرانی گرێبەست و مینحەی زیندانیانی سیاسی، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق".
 
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی دەڵێت، رۆژی یەکشەممە لەگەڵ گەیشتنی تەواوی پارەکە و وەرگرتنی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، "راستەوخۆ خشتەی مووچەی مانگی شوبات رادەگەیێندرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".