دوو درۆن لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

درۆنێک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە و زیانی مادی هەبوو. هەر ئەمشەو لە سنووری چۆمانیش هەر لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران درۆنێک کەوتە خوارەوە. 
 
ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سۆران، ئەمشەو رایگەیاند، نزیکەی 9:50 خولەکی ئەمشەو هاونیشتمانییانی سۆران گوێیان لە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بوو. 
 
ئەندام جەبار گوتی، درۆنەکە لە نزیک ماڵی شەهید عادل موهاجیر کەوتووەتە خوارەوە و هەر زوو هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە. 
 
عادل موهاجیر فەرماندەیەکی دیاری پێشمەرگە بوو و لە شەڕی دژی داعشدا شەهید بوو. 
 
هاونیشتمانییەک لە نزیک شوێنی رووداوەکە بە پەیامنێری رووداوی گوت، دەنگێکی زۆر گەورە هات و درۆنەکەش زیانی مادەی هەبووە. 
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، درۆنەکە بووەتە هۆی دروستبوونی چاڵێک لە شوێنەکەدا و لە ئەنجامدا زیان لانیکەم بە ئۆتۆمبێلێک گەیشتووە. 
 
هاوکات هەر ئەمشەو، درۆنێک لە سنووری گوندی کەوەرتە لە سنووری چۆمان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتە خوارەوە. 
 
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو گوتی، درۆنەکە لە چۆڵەوانییەک کەوتوەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە.