درۆن و مووشەک ئاسمانی هەرێمی کوردستانیان تەنی.. هێرشکرایە سەر بارەگا و کەمپەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات

رووداو دیجیتاڵ
 
شەوی رابردوو و خولەکەکانی سەرەتای ئەمڕۆ دووشەممە، زنجیرەیەک هێرشی درۆنی و مووشەکی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج، دەنگی تەقینەوە لە هەولێر، سلێمانی، سۆران و کۆیە بیسترا و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵات و کەمپەکانی خێزانەکانیان بۆردوومان کران.
 
سەرەتا کاژێر 8ی شەوی رابردوو بە درۆنێک و مووشەکێک، کەمپێکی پەنابەرانی بنەماڵەی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە سنووری قەزای کۆیە بۆردوومان کرا. 
 
ماڵپەڕی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بڵاوی کردەوە، هێرشەکە تەنیا زیانی ماڵی بە کەمپەکە گەیاندووە.
 
هەر بەپێی هەمان ماڵپەڕ، کاژێر 10:20 خولەکی شەوی رابردوو کەمپێکی دیکەی کەسوکاری پێشمەرگەکان هەر لە کۆیە بە مووشەکێک و درۆنێک بۆردوومان کراوە، ئەویش تەنیا زیانی مادی هەبووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو لە كاژێر 10:20ی شەوی رابردوو بۆ كاژێر 11:00 لە ئاسمانی هەولێر و دەوروبەری حەوت درۆن تەقێندرانەوە.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی رۆژێکی نوێ، هێرشەکان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش بۆ سەر بارەگا و کەمپەکانی کەسوکاری پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوون.
 
کاژێر 12:20 خولەکی رۆژی یەکشەممە دەنگی تەقینەوەیەک لە ئاسمانی شاری سلێمانی بیسترا.
 
بەرپرسێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە شاری سلێمانی بە نزار جەزا پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "بارەگای پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کەوتە بەر هێرشێکی ئاسمانی، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، چونکە بارەگاکە چۆڵ بووە."
 
هەر لە هەمانکاتدا جارێکی بە دوو درۆن هێرشی کرایەوە سەر کەمپەکانی پەنابەران لە کۆیە. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "یەکێک لە درۆنەکان تێکشکێندرا و ئەوەی دیکەشیان کەوتە خوارەوە."
 
لە کاژێر 12:40 خولەک جارێکی دیکە بە درۆن هێرشکرایەوە سەر کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵات لە کۆیە. چەند خولەکێک دواتر جارێکی بە درۆن هێرش کرایە سەر هەمان کەمپ. بەگوێرەی بە دواداچوونی رووداو هێرشەکان تەنیا زیانی مادیان هەبووە.
 
بەر لە کاژێر یەک جارێکی دیکە بارەگاکەی کۆمەڵە لە سلێمانی بە درۆن هێرشی کرایە سەر. بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بۆ رووداو نێردراون زیانێکی زۆر بەر بارەگاکە و ماڵەکانی دەوروبەری و ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانیان کەوتووە.
 
زنجیرەی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە تایبەتی بۆ سەر شاری هەولێر بەردەوام بوون، کاژێر 2:37 خولەک درۆنێک لە سنووری ناحیەی شەمامکی هەولێر تەقێندرایەوە. دوو خولەک دواتر دوو درۆنی دیکە لەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تەقێندرانەوە.
 
هەر ئەمڕۆ دەنگی تەقینەوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بیسترا. ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند: "لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە دیاریکراوی لە قەزاکانی سۆران، خەلیفان، رواندز، چۆمان و سیدەکان، دەنگی فرۆکەی جەنگی بە نزمی دەبیسترێت، هاوکات دەنگی دوو تەقینەوە لە سنوورەکە بیستران."
 
هێرشەکانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی ئەمڕۆش زۆرتر بۆ سەر بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کەمپی پەنابەرانی کەسوکاری پێشمەرگەکانی رۆژهەڵات بوون، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (فۆکس نیوز) رایگەیاند، واشنتن لەڕێگەی کوردەکانەوە چەکی بۆ خۆپێشاندەرانی نێو ئێران ناردووە، بەڵام گومانی هەبوو لەوەی چەکەکان گەیشتبنە دەست خۆپێشاندەران و گوتبووی: "پێموایە کوردەکان چەکەکانیان بۆ خۆیان هەڵگرت."
 
بەگوێرەی نوێترین ئاماری تۆڕی میدیایی رووداو، کە رۆژانە تۆماری دەکات، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 670 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری.