رێزان شێخ دلێر لە شوێنی د.میران محەممەد دەبێتەوە ئەندامی پەرلەمانی عێراق
رووداو - سلێمانی
رێزان شێخ دلێر لە شوێنی د.میران محەممەد دەبێتەوە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، سبەی پێش متمانەدان بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق سوێندی یاسایی دەخوات.
رێزان شێخ دلێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی د.میران محەممەد بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی حیزب دەبێت دەست لە پۆستە حکومیی و پەرلەمانییەکان هەڵبگرێت و خۆی بۆ کاری حیزبیی تەرخان بکات، بۆیە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و دەستلەکارکێشانەوەکەشی پەسەندکرا.
رێزان شێخ دلێر هەروەها رایگەیاند، ئەمڕۆ رێکارە یاساییەکان لە بەغدا تەواودەکەم و سبەی لە کۆبوونەوەی متمانەدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی سوێندی یاسایی دەخۆم. دەشڵێت: "ئەگەر فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر کارنامە و وەزیرەکانی کابینەکەی کازمی کۆدەنگ بن سبەی دەنگ بە کابینەکە دەدەین".
هاوکات د.میران محەممەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەرچەندە یاساکانی پەرلەمان رێگە لەوە ناگرن کە کەسێک لەهەمانکاتدا پۆستی پەرلەمانی و پۆستی حیزبیشی هەبێت بەڵام من بڕیارمدا خۆم بۆ کاریی حیزبی تەرخانبکەم".
رێزان شێخ دلێر لە خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق ئەندامی پەرلەمان بوو، لە هەڵبژاردنی 12-5-2018 لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی پێنج هەزار و 211 دەنگی بەدەستهێنا و لە ریزبەندی بەربژێرەکانی یەکێتی نۆیەم کەس بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی یەکێتی لە سلێمانی هەشت کورسی بەدەستهێنا نەیتوانی بچێتە پەرلەمان.