بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە چارەنووسی 3174 ئێزدی، تورکمان و کریستیان نادیارە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ساڵی 2014دا چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ئێزدی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، راوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش، دەڵێت: پرۆسەی پێکهێنانی دادگاییکردنی چەکدارانی داعش پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە، لە پەرلەمانەوە یاسای بۆ دەردەچێت.
 
بەهۆی هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014 بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە، 3 هەزار و 174 ئێزدی تورکمان و مەسیحی چارەنووسیان نادیارە، کە پێکهاتوون لە دوو هەزار و 768 ئێزدی، 164 تورکمان، 200 مەسیحی و 42 پێشمەرگە.
 
حوسێن قاسم حەسون، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گوتەبێژی پێشووی لیژنەی باڵای جینۆسایدی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە، بە رووداوی راگەیاند: "سەبارەت بە دادگاییکردنی چەکدارانی داعش و تاوانەکانیان، ئەو دۆسیە پێشکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو راوێژکارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیاند: "چەند رۆژ پێش ئێستا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیداوە دادگایەتی تایبەتمەند لە کوردستان لە هەولێر دابمەزرێت، ئەوەش پڕۆژەیاسای پێویستە، کە دەبێت لە پەرلەمانی کوردستانەوە یاسای بۆ دەربچێت. تاوەکو ئێستا ئەو پڕۆژە لەژێر چاودێریدایە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. ئەگەر پەرلەمان یاساکەی پەسندکرد، دادگایەکی هەرێمی تایبەت بە تاوانەکانی داعش بە ستانداردی نێودەوڵەتی لە هەولێر پێکدەهێنرێت."
 
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە شەڕی داعش 42 پێشمەرگە بێسەروشوێن بوون و تاوەکو ئێستا هیچ سۆراخێکیان نییە. هەزار و 726 پێشمەرگە شەهید و 10 هەزار و 720 پێشمەرگەش برینداربوون."
 
بەگوێرەی راپۆرتی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، کاتێک لە 3/8/2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال و دەوروبەری لە چەند رۆژی سەرەتای هێرشەکە هەزار و 293 کەس گیانیان لەدەستدا. ئەو هێرشە بووە هۆی بێباوانکردنی 2 هەزار و 745 منداڵی ئێزدی، تاوەکو ئەمڕۆ 82  گۆڕی بەکۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە، داعش 68  مەزارگەی ئایینیی ئێزدییەکانیشی تەقاندووەتەوە.
 
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 3-8-2014ـەوە تاوەکو 15-02-2021 لە کۆی شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێندراو لەلایەن داعش، سێ هەزار و 545 کەس رزگاریان بووە، کە لە هەزار و 2020 ئافرەت، 339 پیاو، هەزار و 45 منداڵی کچ و هەزار و 470 منداڵی کوڕ پێکهاتوون. هەروەها دوو هەزار و 768 ئێزدی لەدەستی داعشدا ماون، کە هەزار و 298یان ئافرەت و هەزار و 470یان لە رەگەزی نێرن. هەرچەندە لە تشرینی یەکەمی 2015 شنگال کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، بەڵام هێشتا 43.1%ی رفێندراوەکان چارەنووسیان دیارنییە".
 
کاتێک چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر موسڵ، شنگال و دەشتی نەینەوا و تەلەعفەر، تورکمانەکانیش بەر شاڵاوی هێرشەکە کەوتن. 
وەزیرێکی هەرێمی کوردستان لە نەتەوەی تورکمان دەڵێت: "لە 10-6-2014ـەوە كاتێک داعش هاتە تەلەعفەر و موسڵ، 400 هەزار تورکمان ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق بوون و 60 بۆ 70 هەزاریشیان ئاوارەی توركیا بوون."
 
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم راسپێردراو بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە ساڵی 2014دا سێ هەزار تورکمان لە موسڵ و تەلەعفەر بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە گیانیان لەدەستداوە. 64 منداڵ و زیاتر لە 100 ئافرەتی تورکمان لەلایەن داعشەوە رفێنراون، بەڵام تەنیا 10 ئافرەت و منداڵ رزگار کراون، هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی تورکمانەکانی دیکە یان گۆڕی بەکۆمەڵی ئەوان بەردەست نییە." 
 
ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەش دا، "تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی کەمی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە، پێش هێرشی داعش نزیکەی 500 هەزار کەس لە تەلەعفەر دەژیان، بەڵام لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی 150 هەزار کەس گەڕاونەتەوە و هێشتا ژمارەیەکی زۆی تورکمانەکان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و بەشێکیان لە کەمپەکاندا دەژین. ئەوەش پەیوەندی بە نەبوونی متمانە، ئاسایش و خزمەتگوزارییەوە هەیە."
 
وەزیری هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، زۆر هەوڵیانداوە لەسەر ئاستی هەموو پێكهاتەکان بۆ زانینی سۆراخی ئەوانەی کەوتوونەتە دەست داعش، بەڵام لەبارەی تورکمانەکان بەهیچ نەگەیشتووین. ئەگەر هەشبێت رەنگە بەهۆی هەندێک پرسی دابونەریتییەوە خۆیان ئاشکرا ناکەن.
 
بەهۆی هاتنی داعش بۆ موسڵ، 200 هەزار کریستیان لە موسڵ و دەشتی نەینەوا ئاوارە بوون. لەو بارەوە رۆمیۆ هەکاری، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەکاتی هاتنی داعش بۆ دەشتی نەینەوا و تەلەعفەر و ناوچەکانی دیکە 200 بۆ 300 کەس لە کلدان و ئاشوور و سریانەکان کەوتنە دەستی داعش و بێسەروشوێن بوون، لەو ژمارەیە تەنها 100 کەس ئازادکراون یان رزگاریان بووە.
 
حوسێن قاسم حەسون دەڵێت، "لە ساڵی 2014ەوە خەریکبووین بۆ ئەوەی لە کوێ و چۆن دادگایەک دادگایی چەکدارانی داعش بکات لەو تاوانانەی دژ بە ئێزی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان ئەنجامیانداوە. ئەوەبوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە 23 و 79ی دەرکرد و لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیژنەیەکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەو پرسە بە سەرۆکایەتیی کەریم ئەسعەد خان (کەریم خان)، بەناوی تیمی لێکۆلینەوەی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەهێزکردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش- یونیتاد (UNITAD) پێکهێنرا. لە ساڵی 2017ەوە کار دەکات، زۆر بەڵگەی لەوبارەوە کۆکردووەتەوە. تیمی یونیتاد خەریکی بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانانە بوون، کە تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگە، بەڵام دادگای لۆکاڵی عێراقی ئەو تایبەتمەندیەیان نەبوو سەبارەت بەو تاوانانە بڕیار لەسەر وەها کەیسێک بدات."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا حوسێن قاسم حەسون، گوتی: "لیژنەی یونیتاد لەگەڵ حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر هەوڵدەدات چۆن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین. بۆیە پێش ئێستا پێشنیازی پڕۆژەیاسایەک بۆ پەرلەمانی عێراق کرا، کە دادگایەکی تایمەتمەند لە عێراق دروست بکرێت، کۆمەڵێک جیاوازیی سیاسی کاریگەریی لەسەر ئەوە هەبووە تاوەکو ئێستا پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر ئەو یاسایە نەداوە. ئێستا هەوڵێک هەیە دادگەکە لە هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت."
 
رۆژی هەینی 15-3-2019 بەهاوئاهەنگیی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆی سەر بە شنگال هەڵدرایەوە.
 
مەهدی عەلاق، ئەمینداری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆچۆ گوزارشتكردنە لە هەوڵێكی راستەقینە بۆ ئاشكراكردنی تاوانەكانی داعش و گەیشتن بە هەندێك ئەنجامی پەیوەندیدار بە ناسینی ناسنامەی قوربانییەكانەوە."
 
عەلاق گوتیشی: "پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەردەوام دەبێت. یاسای تایبەت هەیە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیان لێکەوتووانی كردە تیرۆریستییەكان و قوربانیانی تیرۆر."