پۆلیسی تورکیا ئاڵای سەنیگالی وەک ئاڵای پەکەکە بینی و هەڵیکوتایە سەر ماڵی هێرشبەرەکەی ئامەدسپۆر


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ئامەدسپۆر سەرکەوت بۆ خولی نایاب (سوپەرلیگ)ی تورکیا، یاریزانە بیانییەکان بە ئاڵای وڵاتی خۆیانەوە ئاهەنگیان گێڕا. 
 
مبایێ دیاگنێ، هێرشبەری سەنیگالیی یانەی ئامەدسپۆر و گۆڵکاری خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیا، بەهۆی ئەوەی ئاڵای وڵاتەکەی لە ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نزیکە، چەند جارێکە ئاهەنگی لێ تاڵ دەبێت.
 
دوای ئەوەی شەممەی رابردوو و دوای یەکلاییبوونەوەی سەرکەوتنی یانەکە بۆ خولی نایاب، پۆلیس رێگرییان لێی کرد و دواتر تێگەیشتن کە ئاڵای سەنیگالە، ئەمڕۆ 5-5-2026 ئاڵاکە کێشەی دروستکردەوە و پۆلیس وایزانی کە ئاڵای پەکەکەیە.
 
دیاگنێ دوای گەڕانەوەی بۆ ماڵەکەی لە ئامەد، ئاڵایەکی گەورەی سەنیگالی لە باڵکۆن هەڵواسی. ئەوە وایکرد بەشێک لە دراوسێکان پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکەن.
 
پۆلیس چووە شوێنەکە و قەرەباڵخییەکی زۆر دروست بوو، بەڵام دوای لێ وردبوونەوە، تێگەیشتن کە ئەوە ئاڵای سەنیگالە.
 
ئەو یاریزانە سەنیگالییە رۆژی یارییەکەش لە یاریگەی ئیدر رووداوێکی هاوشێوەی بەسەرهات.
 
سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند: "پاسەوانەکانی بەڕێوەبەری پۆلیسی ئیدر ویستیان دیاگنێ دەستگیر بکەن. ئاڵای سەنیگالیان بینی و وایانزانی ئاڵای پەکەکەیە. هەوڵمان دا دۆخەکە بۆ بەڕێوەبەری پۆلیس روون بکەینەوە، بەڵام پاسەوانەکانی نیازی تورگای، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئیدر رێگرییان کرد."
 
مبایێ دیاگنێ، هێرشبەری یانەی ئامەدسپۆرە و خەڵکی سەنیگالە، لەدایکبووی 1991ــە. 
 
ئەو یاریزانە ئەم ساڵ بە تۆمارکردنی 29 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیای گرت. پێشتر لە یانەکانی قاسم پاشا، گاڵاتاسارای و کاراگومروگ یاری کردووە.
 
ئامەدسپۆر لە دوایین یاریی خولی پلە یەکی تورکیادا رۆژی 02-05-2026 بووە میوانی یانەی ئیدر، دوای ئەوەی یارییەکە 3-3 کۆتایی هات، ئامەدسپۆر بەو یەکسانبوونەی لەگەڵ ئیدرسپۆر، کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 لە 38 یاریدا. ئەو یانەیە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە خولی پلە یەکەوە چووە خولی نایاب (سوپەرلیگ)ی تورکیا.