کۆشکی ئێلیزێ: ماکرۆن پاڵپشتیی خۆی بۆ سەروەریی عێراق دووپاتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری فەرەنسا پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتکردەوە، ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە چارەسەرکردنی پرسەکانی ناوچەکە کرد.
کۆشكی ئێلیزێ دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن و مستەفا کازمی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، نووسیویەتی ماکرۆن "پاڵپشتی تەواوی" بۆ سەروەریی عێراق دووپاتکردەوە.
حکومەتی عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا نووسیویەتی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا، کازمی زەمینەسازیی عێراقی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن رەخساندووە، ماکرۆنیش پاڵپشتیی تەواوی بۆ بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناردنی چاودێر بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ماکرۆن و کازمی رازیبوون لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا بن بۆ ئەوەی بتوانن ئیدارەی ئەو قەیران و کێشانە بدەن کە بەرۆکی ناوچەکەیان گرتووە.
حکومەتی عێراق 10ـی ئۆکتۆبەری وەکو رۆژی هەڵبژاردن دیاریکردووە و سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە کە خۆی بۆ ئەو هەڵبژاردنە بەربژێر ناکات.