کۆمەڵەکانی پاراستنی ژینگە لە ئاگری دژی پڕۆژەی کانی زێڕ ناڕەزایەتیان دەربڕی
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان لەسەر بانگەوازی پلاتفۆرمی ژینگەی زیلان، ژمارەیەک کۆمەڵەی ژینگەپارێزی و پارێزەرانی پارێزگا جیاجیاکان دژی پڕۆژەی کانی زێڕ لەو پارێزگایە گردبوونەوە.
گردبوونەوەکە لە شارۆچکەی گیادن بە دروشمی "مەهێڵن مەلەقەرە ببێتە ئیلیچ، با گیادین تووشی شێرپەنجە نەبێت" بەڕێوەچوو.
کۆمپانیای پرۆژەی کانی زێڕی کۆزا رایگەیاندووە، پڕۆژەکە لەسەر رووبەری 470 هێکتار و سێ ناوچەی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی پلانی بۆ دانراوە.
ژینگەپارێزان دەڵێن کارگەکە لەنێو رووباری مورادە و دەکەوێتە تەنیشت هێڵی چالاکی بوومەلەرزە.
پرۆژەکە کانی دۆزینەوەی زێڕە، خەڵک لەبەر پیسبوونی ژینگە و ترسی داڕمان، هەروەها لەبەر ئەوەی نزیکە لە هێڵی بوومەلەرزە، دژی وەستاونەتەوە.
کۆمەڵە ژینگەپارێزەکان دەڵێن، پڕۆژەکە دەکەوێتە بناری چیای تەندورەک و ئەگەر رووداوێک رووبدات کارەسات لە ناوچەکەدا دروست دەکات.
گۆکسەن ئەزەلتورک، ئەندامی کۆمەڵەی هونەر بۆ سروشت لە بەیاننامەیەکدا کارەساتی داتەپینی کانی زێڕی ئیلیچی لە پارێزگای ئەرزنگانی باکووری کوردستان وەبیرهێنایەوە کە لە 13ـی شوباتی 2024 روویدا و نۆ کرێکار لە نێو کانەکەدا گیریان خوارد و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.
ئەزەلتورک رایگەیاند، پێویستە خەڵک وریا بن بۆ ئەوەی لێرە شتێکی هاوشێوە روونەدات.