پارێزگاری هەولێر: دەست بە لێدانی 23 بیری ئاو دەکەین بۆ ئەو شوێنانەی کە پێویستن
رووداو - هەولێر
پارێزگای هەولێر گوژمەی 150 ملیۆن دینار بۆ تەمویلکردنی هەرسێ بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاوی هەولێر، دەوروبەری هەولێر و ئاوی سۆران تەرخاندەکات، هاوکات دەست بە لێدانی 23 بیری ئاویش دەکرێت بۆ ئەو شوێنانەی کە پێویستن.
بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگار، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر و سۆران و تیمی تەکنیکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ ئەنجامدرا.
دوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند "دوای ئەوەی تاوتوێی هەموو گیروگرفتەکانی ئاومان کرد لە هەموو گەڕەکەکانی هەولێر و دەوروبەری هەولێر و سۆران، "گەیشتینە کۆمەڵێک ئەنجامی زۆر باش. بڕیاردرا 23 بیر بۆ ئەو شوێنانە لێبدرێن کە پێویستن، لە چەند رۆژی داهاتووش دەست بە لێدانی بیرەکان دەکرێت کە لەسەر ئەرکی سەرمایەدار و خێرخوازان و پارێزگا دەبێت".
بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشە تەکنیکیەکان بڕیاردراوە 150 ملیۆن دینار تەرخانبکرێت، ئەوەش بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان و تەمویلکردنی هەرسێ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی هەولێر، دەوروبەری هەولێر و ئاوی سۆران دەبێت.
پارێزگاری هەولێر هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگاکە ئاگاداردەکاتەوە "هەرکەسێک بە زێدەڕۆ ئاوی راکێشاوە، لە ماوەی ئەو هەفتەیە لەلایەن خۆیانەوە دەست بە بڕینی ئەو ئاوە بکەن، ئەگەر بێتو نەیبڕن ئەوا لەدوای هەفتەی داهاتووەوە دەست بە هەڵمەتێک دەکەین بە یارمەتیی تیمەکانی ئاسایش، پۆلیس و زێرەڤانی بۆ بڕینی ئەو ئاوانەی بە زیادەڕۆ راکێشراون و رێکاری پێویست بەرامبەریان دەگرینەبەر".