چیرۆكی دایكێك ڤیان دەخیلی گریاند

رووداو- بەغدا

لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ڤیان دەخیل، پەلەمانتاری كوردی ئێزدی بە چاوی پڕ لە فرمێسك و گریانەوە وتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بە رەوشی مرۆی ئێزدییەكانی شنگال و زوممار كرد. ئەو داوای بە هاناوەچوونی بەپەلەی ئەو ژن و منداڵ و خەڵكە مەدەنییەی كرد كە بە دەستی چەكدارانی داعش خەریكە لە سەدەی بیست و یەك جینۆساید دەكرێن، ئەو پەرلەمانتارە نەیتوانی وتەكانی تەواو بكات كاتێك بوورایەوە و لەهۆش خۆی چوو.

ڤیان دەخیل كە لەسەر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەرلەمانتارە، سەبارەت بە گریانەكەی لە ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەویش وەكو مرۆڤێك نەیتوانیوە بە سەر هەستەكانی زاڵبێت و خۆی رابگرێت. ڤیان دەڵێ "نزیكەی 400 ژن و كچی ئێزدی لە لایەن چەكدارانی داعشەوە لە نەخۆشخانەی تەلەعفەر دەستبەسەركراون، هەڕەشەی فرۆشتنیان وەك كۆیلە لێدەكرێت، بۆیە من داوام لە هەموو كوتلەو لایەنەكان كرد ناكۆكییە سیاسی و حیزبییەكان لە بیر بكەن وبە هانای ئێزدییەكانەوە بچن".

ڤیان دەخیل باسی رووداوێك دەكات و دەڵێ" ئاخر چۆن خۆم رابگرم و نەگریم كاتێك دایكێك تەلەفۆنم بۆ دەكات و دوو منداڵی لە بەر تێنوێتی و برسێتی گیانیان لە دەستداوە، ئەو ژنە بە تەلەفۆن پێی گوتم كە منداڵێكی سێ مانگ بووە و ئەوی دیكەشیان تەمەنی دوو ساڵ و نیو بووە، لە چیای شنگال لە بەر بێ ئاوی و برسێتی مردوون، بۆیە منیش كۆنترۆڵی خۆم لە دەستدا و دەستم بە گریان كرد لە ناو پەرلەمانی عێراق، تەنانەت نیوەی پەرلەمانتارانی ژن و پیاو لەگەڵ من دەستیان بە گریان كرد".