ئەمیری قەتەر خوێندكاری قەرەداخی بووە

هەولێر-رووداو

ئەمیر وڵاتی قەتەر، خوێندكاری كەساییەتی ناسراوی كورد د.عەلی قەرەداخی بووە.


عەلی قەرەداخی، سەرۆكی رابیتەی ئیسلامی كورد و ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان، لەكاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو ئاشكرایكرد كە شێخ تەمیم بن حەمەد خەلیفە ئەلسانی، ئەمیری ئێستای قەتەر ماوەی ساڵێك خوێندكاری ئەوە بووە  و وانەی پێگوتووە.

عەلی قەرەداخی لە وەڵامی پرسیارێكی هیوا جەمال، پێشكەشكاری بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، سەرسوڕمانی خۆی لەو زانیارییە دەربڕی و گوتی "بەڵێ ئەو خوێندكاری من بووە، ماوەی ساڵێك وانەم پێگوتووە، بەڵام ئەو ئێستا ئەمیری قەتەرە".

عەلی قەرەداخی كە لە دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیركردنی لە لایەن رژێمی بەعس، لە میسرەوە رووی لە وڵاتی قەتەر كردووە و خاوەنی رەگەزنامەی ئەو وڵاتەیە، ماوەیەك سەرۆكی بەشی شەریعە بوو لە زانكۆی ئەو وڵاتە.

شێخ تەمیم بن حەمەد خەلیفە ئەلسانی لە ساڵی 1980 لەدایكبووە، دەرچووی ئەكادیمیای ساندهێرستی شاهانەی بەریتانیایە، لە دوای سازشكردنی براكەی لە پۆستی جێنشین لە ساڵی 2003 كرایە جێنشینی قەتەر.

ئەگەرچی ئەمیری قەتەر تەمەنی 35 ساڵە، بەڵام دوو ژنی هێناوە، لە ژنی یەكەم دوو كچ و كوڕێكی هەیە و لە ژنی دووەمیش كچێك و كوڕێكی هەیە. دوای وازهێنانی شێخ حەمەد خەلیفەی باوكی لە پۆستی ئەمیری قەتەر، شێخ تەمیم شوێنەكەی گرتەوە.