بەهۆی نەبوونی بودجە کۆمیسیۆن ناتوانێ پرۆسەی هەڵبژاردن لە دەرەوە بەڕێوەببات

رووداو-هەولێر

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست هاونیشتمانیانی تاراوگە ناتوانن لە شوێنەکانیان بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن 30-9-2018 بکەن.

شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە، کۆمیسیۆن ناتوانێت پرۆسەی هەڵبژاردن لە دەرەوە بەڕێوەببات، ئەوەش بەهۆی تێچوونی بودجەیەکی زۆر، وەکو دابینکردنی نووسینگە لە شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، کە پێویستی بە بڕە پارەیەکی زۆر هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت بەهۆی خراپی باری دارایی هەرێمی کوردستان ناتوانێ ئەو بڕە پارەیە تەرخان بکات. 

گوتەبێژی کۆمیسیۆن جەختی کردەوە، کە هاونیشتمانیانی تاراوگە ناتوانن لەو شوێنانەی ئێستا تێیدا دەژین، بەشداریی لە هەڵبژاردنەکانی 30ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن، بۆیە هەر هاونیشتمانییەک کە مافی دەنگدانی هەبێت، دەتوانێت بگەڕێتەوە و لە هەرێمی کوردستان بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکات.

لە 30-9-2018 هەڵبژاردن بۆ پێنجەمین خولی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، هەندێک لە پەرلەمانتاران داوایان لە کۆمیسیۆن کردووە، کە ئەوانیش مافی ئەوەیان هەبێت بەشداربن لە هەڵبژاردن، بەڵام کۆمیسیۆن دەڵێ بەهۆی تەرخاننەکردنی بودجەی پێویست لەلایەن حکومەتەوە ناتوانێ پرۆسەی هەڵبژاردن لە دەرەوە بەڕێوەببات.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان