پۆلیسی راپەڕین: لێکزسێکی سلێمان هەڵشۆیی بە زیاتر لە 124 هەزار دۆلار فرۆشرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا ئۆتۆمبێلێکی سلێمان هەڵشۆییان بە زیاتر لە 124 هەزار دۆلار فرۆشتووە.
بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین، "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لەژێر سەرپەرشتیی لیژنەیەک کە پێکهێنرابوو، لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی پشدەر بە ئەمادەبوونی لێکۆڵەری دادوەری (مەحموود ئەحمەد ئیبراهیم) و شارەزا (پارێزە/ هاوکار هەمزە) و (نەقیب رێبوار خالید) ئەفسەری نووسینگەی نەهێشتنی پشدەر مکافحە، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی سلێمان هەڵشۆیی فرۆشرا".
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئۆتۆمبێلەکەی سلێمان هەڵشۆیی "لە جۆری (لێکزس/کۆڕۆ) ژمارە کاتی، مۆدێل 2021، رەنگی ڕەش، فرۆشرا بە 124 هەزار و 600 دۆلار".
سلێمان هەڵشۆیی، کە وەک بازرگان لە دەڤەری بیتوێن و پشدەر خۆی ناساندبوو و رۆژی 20-12-2020 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و دواتر لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانی لە ماڵەکەی برایە دەرەوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر لە بەشی گرتن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەستبەسەرە.