پۆلیسی کەرکووک: لە خۆپێشاندانەکەی دوێنێ شەو 9 کەس دەستگیرکران

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، لە خۆپێشاندانەکانی دوێنێ شەوی گەڕەکی شۆریجەی کەرکووک، نۆ خۆپێشاندەر دەستگیکراون و سێ ئەندامی هێزە ئەمنیەکان بە بەرد برینداربوون. دەشڵێت، "دۆخی شارەکە هێوربووەتەوە".
 
رۆژی سێشەممە، 5-9-2023، موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ شەو ژمارەیەک هاووڵاتی خۆپێشاندانیان کرد و بەداخەوە ژمارەیەک حاویەی زبڵ سووتێنران و چەند شەقامێک گیران، لە ئەنجامی گرژییەکانیشدا سێ ئەندامی هێزە ئەمنیەکان برینداربوون لەنێویاندا لیوا عەبدولرەزاق نعێمی، جێگری فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرکووک و عەمید مازن غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک و پۆلیسێکی دیکە."
 
گوتیشی" بەهۆی ئەوەی تەقە لە هێزە ئەمنیەکان کرا، نۆ کەس دەستگیرکراون."
 
ئەو بەرپرسەی پۆلیسی کەرکووک باسی لەوەکرد، ئەوان نایانەوێت هیچ کەس بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە زیانی پێبگات و گرژی بکەوێتە نێوان هێزە ئەمنییەکان و دانیشتووانی شارەکە.
 
سەبارەت بە رەوشی ئەمڕۆی کەرکووک، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس ئاشکرایکرد، "تاوەکو کاژێر یەک و نیوی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرقاڵی رێکخستنەوە و هێورکردنەوەی دۆخەکە بووین، هەموو شەقامەکان پاککرانەوە و هەموو شتێک ئاسایی بووەتەوە، ئێستا دۆخەکە هێمن بووەتەوە."
 
داواشی لە خۆپێشاندەران کرد ئەگەر خۆپێشاندان دەکەن ئاگاداری دۆخی ئەمنی بن و گوتی، "دەبێت بەهۆشیارییەوە خۆپێشاندان بکەن و هێمنانە بێت، نابێت پشێوی لێبکەوێتەوە، چونکە ئێمە نامانەوێت خوێنی هیچ کەسێک بڕژێت و هیچ شوێنێکی گشتی زیانی پێبگات."
 
سەبارەت بە تەقەکردنی هێزە ئەمنیەکان وەکو لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت بە نێو کۆڵانەکاندا تەقە بەسەر خۆپێشاندەراندا دەکەن، موقەدەم عامر شوانی گوتی: "بەهۆی ئەوە بوو لەنێو خۆپێشاندەرانەوە خەڵکانێک هەبوون تەقەیان لە هێزە ئەمنیەکان کردووە، بۆیە هێزە ئەمنیەکانیش وەڵامیان دانەوە."
 
گوتەبیژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت: "بەهیچ شێوەیەک ئاڵای عێراق نەسووتێنراوە."
 
دوێنێ شەو لە گەڕەکی شۆریجەی کەرکووک کە گەڕەکێکی زۆرینە کوردی شارەکەیە، ژمارەیەک کەس خۆپێشاندانیان کرد و بەشێکیان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردووەوە و داوایان دەکرد لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بوونەتە هۆی کوژرانی چوار هاونیشتمانی کە رۆژی دووی ئەیلوول کوژران.
 
لە 27ـی ئابی 2023ـەوە بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکیی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست. ئەوان دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانن لەو شارە کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.
 
بەهۆى ئەو رێگە داخستنەوە، رۆژی 2-9-2023 ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد و چوار خۆپێشاندەر بە گولـلە گیانیان لەدەستدا و 16ـی کەسی دیکەش برینداربوون.
 
3ـی ئەیلوولی 2023، محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارانى پشکى کەرکووک کۆبووەوە کە نوێنەرى سەرجەم پێکهاتەکانى ئەو شارەى تێدابوو.