سەرۆک بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی 'رێڕۆی پێشمەرگە' لە پاریس: رۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی، رێڕۆی پێشمەرگە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کرایەوە و سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە بوو و رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ گەلی کوردستان".
پڕۆژەکە لەلایەن شارەوانیی پاریسەوە ناونراوە "رێڕۆی پێشمەرگە" وەکو وەفایەک بۆ رۆڵی ئەو هێزە کوردییە لە تێکشکاندنی تیرۆر لەسەر ئاستی جیهان؛ رێڕۆکە لەنێو پارکی ئەندرێ سیترۆن دایە.
سەرۆک بارزانی و شاندێکی یاوەری، لەوانە عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە پاریس ئامادەن و بەشداری لە کردنەوەی رێڕۆکەدا دەکەن.
بەر لەوەی سەرۆک بارزانی بچێتە رێوڕەسمەکە، لەلایەن ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی پاریس پێشوازیی لێکرا؛ سەرۆک بارزانی هەنگوینی کوردستانی بە دیاریی پێدا.
سەرۆک بارزانی لە گوتاری کردنەوەی رێڕۆکەدا رایگەیاند، "جەخت دەکەمەوە کوردستان هەمیشە شوێنی پێکەوەژیانە و پێشمەرگە هەمیشە پارێزەری مافی مرۆڤ و ئازادییە".
هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی فەرەنسییەکان کرد لە پشتیوانیی کورد و گوتی، "سەرۆک میتران یەکەم سەرۆک بووە کە سیاسییەکی کورد، من، ببینێت لە ساڵی 1992. هەروەها یەکەم کەسێکی ئەورووپی کە دیتم فرمێسک بۆ گەلی کورد بڕێژێت، مادام میتران بوو".
مادام میتران هاوژینی فرانسوا میتران، سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا بوو (1981 - 1995).