رووداو دیجیتاڵ
کارزانی تەمەن 43 ساڵ باوکی 5 منداڵە و زیاتر لە ساڵێکە گورچیلەکانی وەستاون. هەفتانە دوو جار شوشتنی گورچیلەی بۆ دەکرێت.
پزیشکان پێیانگوتووە تەنیا چارەسەر بۆ ئەو نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەیە، بەڵام زۆریی تێچووی نەشتەرگەرییەکە رێگرە لە چارەسەرییەکەی.
کارزان حوسێن دەڵێت: "دکتۆر پێیگوتووم دەبێت گورچیلەکانت بگۆڕی. ئەوە تەنیا چارەسەرە کە دەبێت بیکەی، رۆژ بەرۆژ تەندروستیم خراپ دەبێت، نەشتەرگەرییەکەم نزیکەی 60 ملیۆن دیناری پێویستە."
بەهۆی وەستانی گورچیلەکانی، دوو جار جەڵتەی مێشک لێیداوە. بەجۆرێک کاریگەرییەکانی بە روونی لەکاتی قسەکردن پێیەوە دیارن و هەندێک جار بەحاڵ لێی تێدەگەی، تادێت رۆژ بەرۆژ دۆخی تەندروستیی خراپتر دەبێت.
دارین وەلید، هاوژینی کارزانە و دەڵێت: "ئەوە خەریکە دڵیشی لاواز دەبێت. هەموو لەبەر شوشتنی گورچیلەیە، بەخۆم نەخۆشم، کوڕەکەشم نەخۆشە، بەڵام لەبەر ئەو نازانم چی بکەم، هەر دەمەوێت ئەوە نەشتەرگەری بۆ بکرێت و چاکبێتەوە."
لەلایەک نەخۆشییەکە تەنگی پێهەڵچنیوە و لەلایەکی دیکەش کوڕە 8 ساڵانەکەی بەهۆی گەشەنەکردنی قەفەسی سنگی پێویستی بەنەشتەرگەرییە.
کارزان فەرمانبەرە، خەریکە بەهۆی نەخۆشییەکەی خانەنشین دەکرێت. ئەو ئێستا نازانێت نە چارەسەری خۆی بکات نە چارەسەری کوڕەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ