پۆلیس: منداڵە چوار مانگییەکەی دهۆک لەلایەن دایکییەوە خنکێندراوە
رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ هەینی، دایکێک لە دهۆک کچە تەمەن چوار مانگ و نیوەکەی کوشت، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆکیش دەڵێت، ئەو دایکە منداڵەکەی خنکاندووە. پێشتریش بە هاوژینەکەی گوتووە "ئەگەر نەگەڕێتەوە لای، منداڵەکەی دەکوژێت".
موقەدەم هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بەشداری لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداوی کرد، لەبارەی ئەو رووداوە گوتی، ئەو دوو هاوژینە کە پێنج مانگە ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە، بەردەوام کێشەیان هەبووە و شەڕیان کردووە، دواتریش مێردەکەی ژنەکەی جێهێشتووە.
بە گوتەی پۆلیسی دهۆک، خێزان و کەسوکاری ئەو کوڕ و کچە رازی نەبوونە لەسەر هاوسەرگیرییەکەیان، کاتێکیش هاوسەرگیرییان کردووە، کچەکە دووگیان بووە، لەدوای لەدایکبوونی منداڵەکەیشیان، کاتێک شەڕیان کردووە، لە منداڵەکەیان داوە. دوایین جاریش ژنەکە بە هاوژینەکەی گوتووە، ئەگەر نەگەڕێتەوە لای، ئەوا منداڵەکەی دەکوژێت.
منداڵەکە شوێنەواری لێدان بە جەستەیەوە بووە، یەکێک لە گێڕانەوەکانی شایەتحاڵێکی رووداوەکە کە خاوەنی ئەو شوقەیەیە ئەو ژن و مێردە تێیدا ژیاون، دەڵێت، لە حەمامی ماڵەکە سەری منداڵەکەی بە بۆریدا داوە، بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک گوتی، ئەو ژنە کە ئێستا دەستگیرکراوە، دانی بەوەدا ناوە، دوای ئەوەی بە لێدان گیانی لەدەستنەداوە، "خنکاندوویەتی".
باوکی منداڵەکە ناوی دێنز ئێلیایە، تەمەنی 21 ساڵانە و بە ئایین کریستیانە و خەڵکی گوندی باخدمەیە لە قەزای سێمێل، هاوژینەکەیشی کە منداڵەکەی خۆی کوشتووە، بە ئایین موسڵمانە و تەمەنی 23 ساڵانە و خەڵکی حیللەیە. دوای رووداوەکەش هەردووکیان دەستگیرکراون.