مەسرور بارزانی بەردی بناخەی "رێڕۆی ژیان"ی دانا: هەولێر دەباتە قۆناخێکی دیکە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردی بناخەی پڕۆژەی "رێڕۆی ژیان"ی دانا و رایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە هەولێر دەباتە قۆناخێکی پێشکەوتووتر لەسەر ئاستی ناوچەکە.
 
ئەو پڕۆژەیە لەنێو خەڵک بە کۆڕنیشی هەولێر ناسراوە. مەسرور بارزانی، پڕۆژەکەی بە "یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی هەولێر" ناوبرد و رایگەیاند، "بەدڵنیاییەوە کاریگەریی هەمەلایەنەی لەسەر پێشکەوتنی هەولێر دەبێت لەڕووی گەشتیارییەوە".
 
باسی لەوەش کرد، دوای ئەوەی گلەیی زۆریان پێگەیشتووە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە، "بڕیارمان دا ئەم پڕۆژە گرنگە لەم ناوچەیە بکرێت، گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ژیانی ئەم گەڕەکانە و هەولێر بە گشتی دەکات، دەبێتە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکان لە سەرتاسەری کوردستان".
 
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، جیاکاری لەنێوان شارەکانی کوردستان ناکرێت و لەنێو شارەکانیش جیاکاری لەنێوان گەڕەکەکاندا ناکەن.
 
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، بە تەواوبوونی "پشتێنەی سەوز و رێڕۆی ژیان"، قۆناخێکی دیکە لە هەولێر دەستپێدەکات و دەبێتە یەکێک لە شارە هەرە گرنگەکانی لەسەر ئاستی ناوچەکە. 
 
پێشتریش مەسرور بارزانی بەردی بناخەی پشتێنەی سەوزی هەولێری دانا کە بەشێوەی بازنەیی بە دەرەوەی شەقامی 150 مەتریدا دەسووڕێتەوە.
 
مەسرور بارزانی نەیشاردەوە "دڵخۆشە بەوەی خەڵک متمانەی بە حکومەت هەیە" و گوتی، "ئەم هاوکاری و پشتیوانییەی هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان، وادەکات ئێمە پشتگەرم بین بە خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان".
 
دەقی گوتاری مەسرور بارزانی:
 
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
 
ئامادەبووانی بەڕێز
زۆر بەخێر بێن و ئەم كاتەتان باش
 
خۆشحاڵ و بەختەوەرم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم بۆ دانانی بەردی بناخەی یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی شاری هەولێر كە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی هەمەلایەنەی لەسەر پێشکەوتن و گەشەکردنی زیاتری شاری هەولێر دەبێت بە تایبەتی لەڕووی گەشتیارییەوە.
 
گلەیی زۆرمان دەبیست لە دۆخی نالەبار و ناتەندروستی ئەو شوێنە، لە كاتێكدا كە خۆی وەکوو رێڕەوێکی ئاو بۆ رێگەگرتن لە لافاو بووە، بەڵام بەداخەوە دواتر بووە شوێنی کۆبوونەوەی ئاوی پیس و زبڵ و خاشاک كە لەڕووی تەندروستیشەوە، ببووە جێگەی مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانی ئەم گەڕەکانە.
 
بۆیە بڕیارمان دا ئەم پڕۆژە گرنگە لەم ناوچەیە بکرێت کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەموو بوارەکاندا لە ژیانی خەڵکی ئەم گەڕەکانە و شاری هەولێر بە گشتی دروست دەكات و دەبێتە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی هەولێر و کوردستان.
 
لە قۆناخی یەکەمدا، ئەم پڕۆژەیە پارک و سەوزایی و ئاوەڕۆی سندووقی و كەناڵێك بۆ ئاوی پاک و باران و لافاو لەخۆ دەگرێت. هەروەها چەندین دوکان و کۆشک و شوێنی یاری لێ دروست دەکرێت و دەبێتە ناوچەیەکی دڵرفێنی گەشتیاری لە ناوجەرگەی شاری هەولێر کە دەرفەتی زۆری کاریش بۆ گەنجەکانمان دروست دەکات.
 
ئێمە هەمیشە ئامانجمان ئەوە بووە لە پەرەپێدانی شارەکان و پەرەسەندنیان، هاوسەنگی هەبێت و تەنیا بایەخ بە سەنتەری شارەکان یان چەند گەڕەک و ناوچەیەک بە تەنیا نەدرێت، كەواتە جیاوازیی گەڕەكەكان دەبێ كەم بكرێتەوە، بەڵكو پێویستە لە گەشەکردنی شارەکانماندا، بەپێی تایبەتمەندی، بایەخ بە گشت ناوچەکان بدرێت و لە خزمەتگوزارییەکانی ژیان وەکو یەک سوودمەند بن.
 
ئێمە ئەم سیاسەتەمان لەسەر ئاستی هەموو كوردستانیشدا پەیڕەو كردووە كە جیاكاری لەنێوان شارەكان نەكرێت و لە ناو شارەكانیش، لەنێوان گەڕەكەكاندا نەكرێت.
 
هەولێر، ئێستا یەکێکە لە شارە هەرە پێشکەوتووەکانی عێراق و ناوچەکە، بە تەواوبوونی هەردوو پڕۆژەی پشێنەی سەوزایی و رێڕەوی ژیان، قۆناخێکی دیکەی گەشەسەندن و ئاوەدانی لە شاری هەولێر دەستپێدەکات و دەبێتە یەکێک لە شارە گەشتیارییە هەرە گرنگەکانی دنیا کە خاوەنی مێژوویەکی دێرین و پێشکەوتن و ئاوەدانییەکی بەرچاویشە.
 
ئەم شۆڕشە ئاوەدانییەی دەستمان پێکردووە، هەموو پارێزگە و شار و ناوچەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت لەپێناو گەیشتن بە گەشەپێدانێکی گشتگیر و هەمەلایەن کە ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە لە ڕووی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی گشتی و و دەستەبەرکردنی هەلی کاری زیاتر و پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆەکاندا.
 
پیرۆزبایی لە خەڵکی هەولێر و بەتایبەتی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دەکەم کە دوای ماوەیەکی کەم، گۆڕانکاریی جۆری لە ژیانیان و باشتربوونی ژینگە و تەندروستیشان دێتە ئاراوە.
 
ئەوەی زیاتر منی دڵخۆش كردووە، دروستبوونی ئەو متمانەیەیە كە ئێستا خەڵك بە حكومەتەكەی هەیەتی و ئەو پەیوەندییە تەندروستەی لەنێوان حكومەت و كەرتی تایبەتدا دروست بووە. ئەم هاوكاری و پشتیوانییەی هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان وا دەكات ئێمە زیاتر پشتگەرم بین و سوور بین لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان.
 
سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەكەم كە بەڕاستی خۆیان زۆر ماندوو كردووە بە دانانی ئەم پلانە بۆ دروستكردنی ئەم پرۆژەیە و دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم لە كەرتی تایبەت كە هاوپشك و پشتیوانمان بوون بۆ ئەوەی بتوانین ئەم پرۆژەیە وەكوو خۆی جێبەجێ بكەین.
 
لە كۆتاییدا دەمەوێ جارێكی تریش داوایەكی برایانە لە هەموو هاووڵاتییانی كوردستان بكەم، تكایە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ژینگەكەمان بپارێزین. حكومەت تەنیا دەتوانێت بەشێك لە ئەركەكە لە ئەستۆی خۆی بگرێت، ئێمە دەتوانین پرۆژە دروست بكەین، بەڵام كولتووری ژینگەپارێزی و پاراستنی ژینگە ئەركی هەموومانە. تكاتان لێ دەكەم یارمەتیمان بدەن با بەیەكەوە وڵاتەكەمان خۆشتر و جوانتر بكەین.
 
ئێوە هەر سەلامەت و تەندروست بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.