بافڵ تاڵەبانی لە خانەقین: شانازی بە لەیلا قاسم دەکەین کە بووە نموونەی خۆڕاگریی هەموو کورد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چووە شارۆچکەی خانەقین و قسەی بۆ ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەی کرد. پێش دەستپێکردنی گوتارەکەی، داوای لە مەڵبەندی خانەقین کرد وێنەی ئەو لە تەنیشت وێنەی مام جەلال لابدەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ تاڵەبانی لەو کەرنەڤاڵە جەماوەرییەدا لە خانەقین گوتی: "کە هاتم بۆ خانەقین، لەسەر پردەکە وێنەیەکی مام جەلالم بینی کە وێنەیەکی منیشی لەتەنیشت بوو، پێش ئەوەی ئێرە جێبهێڵم، داوا دەکەم وێنەکەی من لابدەن."
بافڵ تاڵەبانی گوتی: "شانازی بە خانەقینەوە دەکەین، بە شەهیدەکانتان، بە تێکۆشەرەکانتان، بە لەیلا قاسم کە بوو بە نموونەی خۆڕاگریی هەموو کورد."
رووی لە خانەقینییەکان کرد و گوتی: "ئەوەی بە ئێوە کرا [بە دەستی بەعس] بە شوێنی دیکە بکرایە ناوی خۆیان بیر نەدەما. ئێوە هیچتان بیر نەچوو، سەیری خۆتان و ئەو دیکتاتۆرە بکەن، هەر ئێوە سەرکەوتن و سەرکەوتوو دەبن. ویستیان دڵ و پشتتان بشکێنن و کەرامەتتان نەهێڵن. خانەقین هەرگیز دەشکێت؟ نەخێر. خانەقین بوو عێراقی رزگارکرد و داعشی شکاند."
لەبارەی پێکەوەژیان لەو شارە گوتی: "خانەقین نموونەی چەپکە گوڵەکەی مام جەلالە، دەستخۆشیتان لێدەکەم بۆ ئەو دڵە گەورەیە کە عەرەب، تورکمان، کاکەیی لێرە دەتوانن پێکەوە بژین لەژێر سێبەرێکی سەوز."
سەرۆکی یەکێتی دواتر باسی رەوشی ژیانی خوێندکار و گەنجانی سنوورەکەی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، "دەزانم دۆخی خوێندکارەکانتان چۆنە، دەزانم دۆخی دەرچووانتان چۆنە، لێرە پەیامێکم هەیە بۆ ئێوە [رووی لە بەربژێرەکان کرد] کە چوون بۆ بەغدا، بە نوێنەرایەتیی ئەمانە [جەماوەر] یەکەم ئیشتان ئەوە دەبێ پرۆژەی گەورە بێنن بۆ ئەم گەنجانەمان."
بە گوتەی بافڵ تاڵەبانی، خانەقین جوانترین شاری دیالەیە، بەهەشتێکە لەم کوردستانە. "وەکو پێویست خزمەت کراوە؟ نەخێر. شەرم دەکەم سەیری دکتۆر خەسرەو و کاک عیماد دەکەم، مامۆستاکانم، شەرم دەکەم کە دۆخی ئێرە وایە، بەڵێنتان پێدەدەین باشتر خزمەتتان دەکەم، لەبەرئەوە ئێمە هێزی تۆین لە بەغدا."