عەلی باپیر: هیوادارم ئەوانەی لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو بایکۆتیان کردووە هەڵوێستیان بگۆڕن
رووداو دیجیتاڵ
عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رەخنە لە "تووندی"ی بانگەشە دەگرێت و بە "عەیبە" وەسفی دەکات و داواش لەو کەسانە دەکات کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی رابردوویان کردووە، ئەو هەڵوێستەیان بگۆڕن.
ئەو گوتانەی عەلی باپیر، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی کۆمەڵى دادگەریى کوردستان بوو کە چوارشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2025 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی: "هیوادارم ئەوانەی لەبەر بێ متمانەییان بە پرۆسەی سیاسی لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا بایکۆتیان کردووە، هەڵوێستەکەیان بگۆڕن و چیتر لەسەر ئەوە بەردەوام نەبن."
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هەولێر بە لیستێکى پێنج بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات کە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام دەدرێت.
عەلی باپیر گوتی: "هیوادارین هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە دوای 11ی 11 دۆخێکی دیکەی بەسەردا بێت و چینایەتی نەمێنێت، خۆمان چاک نەکەین رەشەبایەک دێت هەموو شتێک رادەماڵێت."
بانگەشەی هەڵبژاردن لە 3ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستیپێکردووە و لە 8ی تشرینی دووەم رادەگیرێت.
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رەخنەى لە تووندیى بانگەشەى هەڵبژاردنی هەندێک لە لایەنەکان گرت لە رێگەى بەکارهێنانى وشەى "نەشیاو" و گوتى :"ئەو قسە قێزەونانەی لایەنەکان بەرامبەر یەکدى دەیڵێن عەیبەیە و لە دەرەوە بەگاڵتەجاڕمان دەبینن."