لە ئیلام ئاوی بەشێک لە ماڵی هاونیشتمانییان دەبڕدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاوی ماڵانی زۆربەی گەڕەکەکانی نێوشاری ئیلام بڕاوە و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگاکە دەڵێت، بۆری سەرەکیی گواستنەوەی ئاوی بەنداو بۆ پاڵاوگەی ئیلام شکاوە.

لە ئێوارەی پێنجشەممە، 04-12-2025ـەوە ئاوی ماڵانی 17 گەڕەکی ناوەندی ئیلام بڕاوە و دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە بەو هۆیە تووشی کێشە بوون.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، دابەزینی پاڵەپەستۆی ئاو لە نێوشاری ئیلام بەهۆی شکانی بۆری سەرەکیی گواستنەوەی ئاوە لە بەنداوی شارەکە بۆ پاڵاوگەی ئاو. دەشڵێت، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆرییەکەن. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئیلام داوا لە خەڵک دەکات، ئاو پاشەکەوت بکەن و بەکارهێنانی زۆر کەم بکەنەوە تاوەکو بتوانن زووتر کێشەکە چارەسەر بکەن.
 
شکانی بۆری گواستنەوەی ئاوی بەنداو بۆ پاڵاوگەی ئیلام لە کاتێکدایە دووشەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بۆریی گواستنەوەی ئاو لە بەنداوی ئیلام بۆ پاڵاوگەی شارەکەیان نۆژەن کردووەتەوە.