خانووەکانی گوندی کۆری دوای تەوابوونی خزمەتگوزارییەکان دابەشدەکرێن
رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەری تەكنەلۆژیای زانیاریی ئایتی پارێزگای هەولێر و ئەندامی لیژنەی دابەشكردنی خانووی گوندی كۆری، راگەیاند هەزار خانوو لە پرۆژەی گوندی كۆری تەواو بووەو بە تیروپشك دابەشدەكرێن.
ئەندازیار هەڤاڵ شاكر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرقاڵی كارەكانی تەواوبوونی ژێرخانی خزمەتگوزارین لە ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆ بۆ ئەو هەزار خانووە كە تەواو بوون و دوای تەوابوونی لە رێگەی تیر وپشكەوە دابەشدەكرێن".
گوتیشی: "وادەی تەواوبوونی پرۆژەكە، بەپێی ئەو خشتەیەی بۆی دانراوە 2 ساڵە و دوای پێدانی پێشەكی یەكەمی خانووەكان كە 7 هەزار دۆلارە، دواتر دوای وەرگرتنی كلیلی خانووەكە قیستی دووەمیش كە بڕەكەی 12 هەزارو 750 دۆلارە وەردەگیرێت".
هەڤاڵ شاكر ئاماژەی بەوەشكرد، كە قیستی سێیەمی خانووی خانووی گوندی كۆری 19750 دۆلارە و بۆ ماوەی 10 ساڵ بە قیست لە خاوەن خانووەكە وەردەگیرێت، كە مانگانە بڕی 164 دۆلار دەدات.
پرۆژەی گوندی كۆری یەكێكە لە پرۆژەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی گرفتی نیشتەجێبوون لەسەر فەرمانبەران و كەمدەرامەتان، لە 5 هەزار خانوو پێكدێت و دەكەوێتە نزیك پیرزین لە هەولێر و كۆمپانیایەكی (عێراقی - كۆری) پرۆژەكە جێبەجێ دەكات.
ئێرە کلیک بکە، بۆ بینینی قۆناخەکانی دروستکردنی ئەم خانووانە