کۆسرەت رەسول گەیشتەوە سلێمانی

رووداو - سلێمانی

کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای 52 رۆژ مانەوە لە ئەوروپا،  لە رێگەی فڕۆکەیەکی تایبەتەوە لە لەندەنەوە گەیشتەوە سلێمانی. ناوبراو لە فڕۆکەخانەوە راستەوخۆ گەڕایەوە ماڵەکەی لە گردی عەلی ناجی.

لە فڕۆکەخانە پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و حیزبەکانی دیکە لە پێشوازیدا بوون.

لەبارەی تەندروستیی باوکی و لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کەی دەست بە کارە سیاسییەکانی دەکاتەوە؟ دەرباز کۆسرەت هەر لە فڕۆکەخانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەندروستیی باوکم باشە و هەموو چارەسەرەکانی بۆ کراوە، هیچ چارەسەری دیکەی نەماوە". گوتیشی: "ئەم هەفتەیە بەهۆی ئەوەی دوو مانگە دابڕاوە و نەخۆش بووە لەوانەیە بە هەندێک کاروباری کۆمەڵایەتییەوە سەرقاڵ بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست بە کارە سیاسییەکانی خۆی دەکاتەوە".

کۆسرەت رەسول رۆژی 11-11- 2017 تووشی نەخۆشی گانگرینی ریخۆڵە بوو، پاشان لە نەخۆشخانەی فارووق لە سلێمانی نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجامدرا و ماوەی 72 کاژێر لەژێر چاودێری ورددا مایەوە، دواتر رۆژی 16 ی مانگ بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بردرایە ئەڵمانیا و لە بەرلین لەژێر چاودێری پزیشکیدا مایەوە. دوای مانگێک رۆژی 15-12-2017 لە بەرلین نەشتەرگەری دووەمی بۆ ئەنجامدرا، نەشتەرگەرییەکە بەمەبەستی داخستنی ئەو دەرچەیە بوو کە لە ریخۆڵەکانی کرابووەوە.

نەخۆشییەکەی کۆسرەت رەسول بە گانگرینی ریخۆڵە ناودەبرێ، لە ئەنجامی وەستانی کتوپڕی رۆیشتنی خوێن بۆ ریخۆڵە روودەدات، حاڵەتێکی دەگمەنە، مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی کەسەکە ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێت.

  راستەوخۆ؛ مەراسیمی پێشوازیکردن لە کۆسرەت رەسول


لەوکاتەی کۆسرەت رەسول لە ئەڵمانیا چارەسەریی پزیشکی وەردەگرت، زۆربەی سەرکردە حکومی و حیزبییەکانی کوردستان سەردانیان کرد، لەوانە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت دووجار سەردانیان کرد.


نوێدەکرێتەوە....