بەفر قوتابخانەی هەندێ لە ناوچەکانی پارێزگای ورمێی داخست
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە هەندێ لە ناوچەکانی باکووری پارێزگای ورمێدا بەفر باریوە و بەم هۆیەوە قوتابخانەکانی هەندێ لەو ناوچانە داخراون. لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هاتووچۆ لەو ناوچانەدا هۆشداریان بە شۆفێرەکان داوە.
لە هەندێ ناوچەی سەر بە شاری خۆی، لە پارێزگای ورمێ، بەفر باریوە، باهۆز بووە و پلەکانی گەرما دابەزیون؛ بۆیە ئەمڕۆ شەممە قوتابخانەکانی هەموو قۆناخەکانی خوێندن داخراون.
بەگوتەی حەمید مەحبوبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ، بەهۆی بارینی بەفر لە شەوی هەینیدا، دەیان ئۆتۆمبیل لە رێگاکاندا گیریان خواردووە و 40 ئۆتۆمبیل پەکیان کەوتووە و بە هانایانەوە چوون.
بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای ورمێ، ئاماژەی بۆ بارینەکانی 24 کاژێری رابردوو کردووە و دەڵێت، تاوەکو ئێستا 300 کیلۆمەتر رێگا لە بەفر پاک کراوەتەوە و رێگەیان نەداوە رێگەکان دابخرێن.
لە پارێزگای تەورێزیش قوتابخانەکانی هەشت شار بەهۆی بارینی بەفرەوە داخراون.
رێکخراوی کەشناسیی ئێران پێشبینی کردووە، لە 16 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، لەوانە پارێزگاکانی سنە، ورمێ و کرماشاندا باران ببارێت و لە ناوچە کوێستانی و شاخاوییەکاندا بەفر ببارێت.