رێکخراوێکی ئەڵمانی: ساڵی رابردوو 110 کچی خوار 18 ساڵ لە هەولێر و رانیە خەتەنەکراون
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی وادی ئاڵمانی لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە لە جیهان رایگەیاند، بەپێ ئاماری تیمەکانی رێکخراوەکە لە ساڵی 2021 لە کۆی هەزار و 260 دۆسیە، لە هەولێر 85 کچ و لە رانیە 25 کچی خوار تەمەن 18 ساڵان خەتەنە کراون.
پەیام ئەحمەد لە بەشی یاسایی رێکخراوی وادی ئاڵمانی لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵی رابردوو سەردانی مەیدانیمان بۆ زۆربەی گوند، شار و شارۆچکەکان کرد و بۆمان دەرکەوت کە هێشتا لە کوردستان خەتەنەکردن بەردەوامە و زۆربەی خەتەنەکردنەکان لە گوند، گەڕەکەکانی دەوروبەر و سەنتەری شاری هەولێر بوون.
هاوکات هێرۆ ئەحمەد، چالاکڤان و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی ژنان لە رێکخراوی نوێ لە هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی 2021 لە هەڵەبجە سەردانی 54 گوندمان کردووە، گوند هەبووە پێنج جار پرسیار و لێکۆڵینەوەمان کردووە و بۆمان دەرکەوت بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو، 2019، ژمارەی خەتەنەکردنی کچان لە هەڵەبجە لە سفر نزیک بووەتەوە و دەتوانین بڵێین ئێستا هەڵەبجە خاڵییە لە خەتەنەکردن.
هێرۆ ئەحمەد هەروەها گوتی، بەپێی بەدواداچوونەکانیان لە گەرمیان رێژەکە "زۆر زۆر کەمیکردووە" و لەنێو سەنتەری شاری سلێمانیش ئامارێکی روون لەبەردەست نییە، "چونکە تیمەکانمان کەمتر لەوێ لێکۆڵینەوەیان کردووە."
چیمەن رەشید، چالاکڤان و بەڕێوەبەری رێکخراوی ژیندا بە رووداوی گوت، رێژەی خەتەنەکردن لە دهۆک لە ساڵی 2007 بە رێژەی %1 بوو، بەڵام ئێستا بەپێی ئەو شتانە دەیبیستین رێژەکە زیادیکردووە.
رێکخراوی وادی ئەڵمانی 31 ساڵە لە کوردستان کار دەکات و لە ساڵی 2004، بە راگەیاندنی کەمپەینی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە لە کوردستان کار بۆ هۆشیاری و نەهێشتنی خەتەنەکردنی کچان دەکات.