بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە لوڕستان سێ کەس گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکدا لە پارێزگەی لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو.
 
موحسین ئادینەوەند، سەرپەرشتیاری فریاکەوتنی پارێزگەی لۆرستان رایگەیاند، رووداوەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە (5-2-2024) لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی خوڕەمئاوا (دووروود) و لە نزیک بنکەیەکی پۆلیسی هاتووچۆ روویداوە.
 
ئادینەوەند گوتی، لە رووداوەکەدا سێ هاونیشتیمانی گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بریندار بووە.
 
بەگوتەی سەرپەرشتیاری فریاکەوتنی لوڕستان، بریندارەکە لەلایەن تیمەکانیانەوە گوازراوەتەوە نەخۆشخانەی شاری دووروود، هەروەها تەرمەکانیش گوازراوەتەوە دادپزیشکی شارەکە.
 
سەبارەت بە هۆکاری وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەش، موحسین ئادینەوەند دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە رووداوەکە بەهۆی تیژڕۆیی بووە.
 
کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران، رۆژی 26-11-2023، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، لە سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵوە تائێستا زیاتر لە 12 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە ژمارەی قوربانیان بەراورد بە ساڵی رابردوو بەڕێژەی 7.3٪ زیادی کردووە.