حکومەتی ئێران یاسای رێکخستنەوەی کۆڵبەری و بازرگانیی سنووری چالاک دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری حکومەتی ئێران، چەند ناوچەیەکی سنووریی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هاوردەکردنی کەلوپەل لەلایەن کۆڵبەرانەوە دەستنیشان کران.
بڕیارەکە ناوچەکانی سەردەشت، میراوە و پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، ناوچەکانی بانە، مەریوان، سەقز و سەوڵاوا لە پارێزگای سنە و ناوچەکانی جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی، پاوە و سەرپێلی زەهاو لە کرماشان دەگرێتەوە.
ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە دەڵێت، "پارێزگای کوردستان یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە سوودەکانی ئەم یاسایە دەیگرێتەوە. یاساکە هەموو شارە سنوورییەکانی پارێزگاکە دەگرێتەوە، بە بێ پێدانی باج لە ساڵی یەکەمدا."
هاوردەکردنی کەلوپەل لەو شوێنانەوە دوای ئامادەکردنی ژێرخانەکانی پێویست و جێگیرکردنی نووسینگەی گومرگ دەکرێت. ئەگەر لە ناوچەیەک ژێرخانەکان ئامادە نەبن، لە رێگەی نزیکترین گومرگەوە دەبێت.
گومرگی ئێران راسپێردراوە رێکارەکانی پێویست بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکان لە لایەن کۆڵبەرانەوە بۆ ناو شارەکان بگرێتەبەر.
جەمال کەریمی، مامۆستای ئایینییە لە بانە، دەڵێت: "بەهیوای خوا، لەم مانگەدا هەندێ هەواڵی خۆش هەیە سەبارەت بە بووژانەوەی ئابووری لە سنوور و کرانەوەی سنوورەکان. هەواڵی خۆشتریش ئەوەیە کە شار و لادێ، ئەو 20 کیلۆمەترەی ناکۆکی لەسەر هەبوو، ئەو گوندانەی کە پێشتر لێی بێبەش بوون، بەڕێز پارێزگار گوتی کە هەر هەموویان سوودمەند دەبن لە کردنەوەی سنوورەکان. ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە."
پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی رۆژی 22-12-2023یدا، پڕۆژەیاسای "رێکخستنەوە و چاودێریکردنی بازرگانی لە سنوورەکان" پەسند کرد.
بەپێی یاساکە، هاوردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی کۆڵبەرییەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ رێگەپێدراوە و لە ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنیدا، کۆڵبەران لە باج و رسوماتی گومرگی دەبەخشرێن. دواتر هەر جۆرە هاوردەکردنی کەلوپەل لە لایەن کۆڵبەرانەوە، بە پێی یاسا و رێساکانی ئێران دەبێت.