سەلاحەدین بەهائەدین: هەرێمی کوردستان خۆی خستووەتە قەیرانێکەوە کە دەرچوون لێی ئاسان نییە
رووداو دیجیتاڵ
لە یادی 31 ساڵەی دامەزراندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستاندا، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکان و کێشەی سیستمی حوکمڕانییەوە، خۆی خستووەتە قەیرانێکەوە کە دەرچوون لێی ئاسان نییە.
سەلاحەدین بەهائەدین لە گوتارێکیدا گوتی: "ئێستا دەبینیت ئەم دوو زۆنە کە دروست بووە بەداخەوە، بووە بە دوو وڵات، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو مەسەلەکاندا لەم زۆنە لەگەڵ زۆنی ئەولا جیاوازی هەیە، ئەمە واتای وایە کە میللەت لەتکراوە، وڵات لەتکراوە و ئەمە ئاسەوار جێدەهێڵێت لەسەر نەوەکانیشمان".
سەبارەت بە کێشەی مووچەی فەرمانبەران، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو رایگەیاند: "مووچە کە شتێکی زۆر ئاسایی و سانایی ژیانی هەر هاووڵاتییەکە، ئەمڕۆ بووەتە دۆسیەی گەورەی ئەم میللەتە".
لەبارەی بەشداریکردن لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، سەلاحەدین بەهائەدین دووپاتی کردەوە کە یەکگرتوو بەشداری ناکات و گوتی: "ناتوانین خۆمان هەڵبخەڵەتێنین لەگەڵ ئەو واقیعەی کە هەیە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو باسی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرد و بە "هەنگاوێکی جددی" وەسفی کرد. هەروەها سەبارەت بە دۆخی سووریا جەختی لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە کردەوە بۆ ناوچە کوردییەکان لە رێگەی دیالۆگەوە.
سەبارەت بە ریفراندۆمی ساڵی 2017 ، ئەمینداری یەکگرتوو رایگەیاند کە پشتگیری مافی دیموکراسی خەڵکی کردووە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە "کێشە لە جێبەجێکردن و کاتی ئەنجامدانیدا هەبووە."
گوتیشی: پرسی ریفراندۆم بابەتێک بوو من بۆخۆم قەناعەتم پێی بوو، ئێستا رەنگە هەندێک خۆیان پەشیمان بوونەوە، بەڵام من پەشیمان نیم، من لەگەڵ تورکەکان ئەو کاتەش چووم، گەنگەشەم کرد، عاجزم کردن، کە باشە میللەتێک خۆی داوای راپرسی دەکات، من دەڵێم دەمەوێت جیا ببمەوە، دەی بڵێ جیا مەبەوە، خۆ گوناحمان نەکردووە."
دەقی گوتاری سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
هەموو لایەک بەخێر بێن، زۆر سوپاس، ئێمە لەم بۆنەیەدا کە ساڵیادی 6ـی شوباتە، 31 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستاندا، پیرۆزبایی لە خۆمان و خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەموو یەکگرتووەکان و هەموو ئیسلامخوازانی دونیا دەکەین و ئومێد دەکەین کە توانیبێتمان و بتوانین لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتی و ئەو داوایەی کە هەمانە، یان ئەو مەنهەجەی گرتوومانەتە بەر بتوانین لە ئاستیدا بین ئینشائەڵڵا.
بەڕێزان یەکگرتوو سەرەتا کە دەستیپێکرد، بێگومان شتێکی نوێ بوو، چونکە کاری ئیسلامی لە گۆڕەپانی کوردستاندا کۆنە بێگومان، کوردستان میللەتێکی موسڵمانە و کاری ئیسلامی و رابوونی ئیسلامیش هەر هەبووە و جۆرەها ئاراستەی کارکردنی ئیسلامیش لە گۆڕەپانەکەدا هەبووە، بەڵام لەو رۆژانە پێویستی دەکرد کە ئامادەبوونێکی دیکە، بە شێوەیەکی دیکە، وەکو تەواوکەر درێژەدەر بە رابردوو، دەستمان دایە کارێکی سیاسی وەکو حیزبێکی سیاسی لە هەمانکاتدا درێژەدان بە کاری دەعوی و پەروەردەیی و ئەوانە، هەموویشی بە رێگەیەکی ناچەکداری، ئەو وەختە چونکە چەک باو بوو، ئێمە حیزبمان لەسەر مەکتەب عەسکەریمان نەبوو کە ئەوە شتێکی گرنگ بوو ئەو کات.
دەستمان دایە کارەکە، کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام شەڕی ناوخۆ و کێشە زۆر بوو، جۆرەها شەڕی ناوخۆ بوو، بە هەرحاڵ تا رادەیەک نامۆیی و یا غەریبییەک لە ئاراستەکەماندا هەبوو، زۆر جار خەڵکێک دەیگوت، ئێوە بەبێ چەک چۆن دەتوانن ببن، ئێوە بیرکردنەوەیەکی سەیرتان هەیە بۆ ئەم وڵاتە ناشێت، بە هەرحاڵ دانمان بەخۆماندا گرت و هێنامان تا ئەمڕۆ، ئێمە تێگەیشتنمان، تێگەشتنێکی وەسەتی و میانڕەوییە لە باسی ئیسلامدا و لە مەسەلەی کوردبوون و کوردستانیبوونیشدا شتێک نییە کە بۆ خەڵکی بکەین بۆ خۆمان کوردین و خەڵکی وڵاتەکەین، دڵسۆزی بۆ کوردستان و خەمخۆریی گەلی کوردستان یەکێکە لە ئەرک و تێگەیشتنەکانمان، گرنگە کە ئەزموونی 1 ساڵیش دەیسەلمێنێت کە ئێمە چۆن تێگەیشتووین یان چۆن مامەڵە دەکەین، هەر لە خێرخوازییەوە دەستمان پێکردووە تاوەکو کاری رۆشنبیری و فکری و کاری هونەری و هەموو جۆرە چالاکییەک کە خزمەت بێت بە گەلی کوردستان، ئێمە لە ناوچەی خۆماندا خزمەتی میللەتی خۆمان دەکەین، بێگومان ئەوە منەتێک نییە، لەو ماوە زۆرە 31 ساڵە کە بێگومان هەوراز و نشێو و کێشە کەم کەم هەر بووە، دەرگیری بووە لەگەڵ ناوچەکە. جاری وا هەیە دەوروبەرمان یان لێمان تێنەگەیشتووە یان بە هەڵە تێگەیشتووە، یان ئێمە هەڵەیەکمان کردووە لە ئاکامدا ئاساییە کارکردن بەبێ کێشە نابێت.
ئەوەی گرنگە لەنێو خۆماندا بێگومان گرنگیمان بەوەداوە کە بەدواداچوون بۆ نوێترین رێکار و شێوازی کارکردن بکەین، وەکو هەڵبژاردن، کۆنگرە، بوونی لایحە و بەرنامە و پەیڕەوی نێوخۆی پێویست و وەکو هەموو ئەوانەی کە پێویستن بۆ کۆمەڵێک کە پێکەوە ژین و ئاراستەیەکیان هەیە و ئامانجێکی دیاریکراویشیان هەیە. تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 نۆ کۆنگرەمان گرتووە و سوپاس بۆ خوا، کۆنگرەی نۆیەم کە دوو مانگ لەمەوپێش بوو، بە سەرکەوتوویی و بە جوانی بەڕێوەچوو. ساڵی رابردوو ساڵێکی پڕ لە کاری سیاسی و جووڵە بوو، دوو هەڵبژاردنی تێدا بووە، بە شێوەیەکی بەرچاو کێشەش زۆر بوو، ئێمە لەو دوو هەڵبژاردنە تا رادەیەک بەرەو پێش چووین و ناڵێم زۆر وەکو خواستی خۆمان، بەڵام وەکو ئەو مومکینەی کە هەیە.
هەڵبژاردنی 2001 بوو بۆ پەرلەمانی بەغدا و هەڵبژاردنی 2024 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بێگومان ئێمە لە 1996ـوە بەشداریی حکومەتمان کردووە، دەزانین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چۆن سیاغە کراوە و چۆن ئاراستە دەکرێت و سیستەمی حوکمڕانی چۆنە، بەشداریشمان کردووە بە شێوەی جۆراوجۆر لە کابینەی هەشتەمەوە ئێمە کشاینەوە لە حکومەت، وامانزانی کە دەرفەتی تێدا نەماوە و ئاسانیش نییە ئێمە هەڵبکەین لەگەڵ ئەو دۆخەی کە هەیە. سیستەمی حوکمڕانی دەتوانیت بڵێیت نەخشەڕێگەیەکی روونی نییە لە کوردستانەدا و مەحکوومە بە کێشەی دوو حیزبی دەسەڵاتدار و گیروگرفتێک کە هەیە لە ناوچە عێراقییەکەی و هەرێمییەکە، راستە حکومەتەکەی هاوپەیمانییە، بەڵام وەکو پێویست نییە بەڕاستی، لەبەر ئەوە باشترین و سەلامەتترین ئەوە بوو کە دەربچین لە کابینەی هەشت و بۆ کابینەی نویەمیش بەشداریمان نەکرد. بۆ کابینەی دەیەمیش کە ئێستا بەڕێوەیە بێگومان بە سوپاسەوە ئێمە دەڵێین کە داوای زۆریان کردووە و زۆر مەبەستیان بووە بەڕێزانی پێکهێنەری حکومەت، ئێمە بەڕاستی بەشداریمان رەتکردووەتەوە، لەبەر ئەوەی ناتوانین خۆمان هەڵبخەڵەتێنین لەگەڵ ئەو واقیعەی کە هەیە، کابینەی دەیەمیش وەکو گوتم بەشداری ناکەین، کەواتە چی دەکەن، ئێمە هێزێکی کۆمەڵایەتی، فکری نوخبەیەکین خەڵکێکیش لەوانەیە زۆر و کەم جەماوەری خۆمان هەیە، بەڵام گرنگە کە ناتوانین بەڕاستی چاولێکەری بکەین، چاو لەم یان لەو یان لە کەسێکی دیکە بکەین، لەبەر ئەوەی سەربەخۆیی بڕیار، سەربەخۆیی هەڵوێست، سەربەخۆیی رەوت و ئاراستە و نەهج، ئەمە یەکێکە لە تایەتبەتمەندییەکانی یەکگرتوو و سوپاس بۆ خوا تاوەکو ئێرە هاتووە بەو شێوەیە.
ئێمە ناچینە حکومەت واتا دیارە ئۆپۆزیسیۆنین، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنیش بە شێوازی خۆمان بێگومان بە تایبەتمەندیی خۆمان و نامانەوێت بچینە حەلەبەی شتێک کە قەناعەتمان پێ نییە، پێی ناگەین یان گومانمان هەیە لەسەری، بۆیە زۆر جار رەنگە گلەیی ئەوەشمان بێتە سەر دەڵێن ئەمە ئۆپۆزیسیۆنی نییە ئێوە دەیکەن، ئەمە بە شێوەیەک لە شێوەکان بێدەنگییە لەو ستەم و گەندەڵی و ئەو تۆمەتانەی کە هەیە، بێگومان ئێمە ناتوانین بۆ رازیکردنی ئەم و ئەو نەهجی خۆمان بگۆڕین و پێمان رەوا نییە، جارێ سیاسەتکردن بەبێ ئەخلاق، تێیناگەین، نابێت ئینسان لەحزەیەک بێئەخلاقی بکات، هەڵسوکەوتی بێئەخلاقی بکات، ئەخلاق بە واتای گشتییەکەی بێگومان.
سیاسەت کە بەشێکی گرنگە لە ژیانی موسڵمان و ئینسانی کامڵ چۆن دەتوانێت بە دوور لە ئەخلاق سیاسەت بکات، لەبەر ئەوە گرنگە کە ئێمە ناتوانین بەڕاستی ئۆپۆزیسیۆنێکی پۆپۆلیستی یان شەلم کوێرم، چۆنم هات بە سەردا، چۆنم هات بە دەمدا، مەنهەجێکی هەڵەیە و بینای وڵات وا ناکرێت، راستە دەسەڵاتدار لە کوردستاندا تووشی هەڵەی گەورە بووە، دیاریشە، خۆشیان دەزانن، بەڵام بەوەش چارەسەر نابێت کە ئێمە خۆمان عەیبدار بکەین یان سەربشێوێنین لە خۆمان و لە خەڵکیش بەبێ ئەوەی کە بزانین ئاکامەکەی چییە، لەبەر ئەوە رامان لەگەڵ ئەوە نییە و وا دەزانین دەبێت لە هەندێک شتدا شتی نیشتمانی، شتی نەتەوەیی و شتی گرنگی ستراتیژی، دەبێت لەگەڵ هێزەکانی ساحەکەدا بین، جا ئیتر دەسەڵاتە، ئۆپۆزیسیۆنە، هەرچی هەیە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، چونکە ئەوە شتێکی گشتییە هەموومان دەگرێتەوە. لە وڵاتانیش وایە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتدار جاری وا هەیە دەبنە یەک بۆ رووبەڕووبونەوەی بابەتێک کە پێویستە، بەڵام لە شتەکانی دیکەدا لە مافی هاووڵاتیدا کە هەموو کەسێک دەبێت هەیبێت، بێگومان دەبێت ئێمە داواکار و داکۆکیکار بین و لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن تاوەکو بکرێت دەبێت کاری پێکەوەیی ببێت، بەتایبەتی کاری پەرلەمانی کە زۆر گرنگە.
بۆیە دەتوانین بڵێین ئۆپۆزیسیۆنبوونی ئێمە تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە، لەگەڵ هێزەکانی گۆڕەپانی سیاسیدا بێگومان زۆر و کەم، دوور و نزیک نێوانمان هەیە لەگەڵ هێزە ئیسلامییەکاندا ئاساییە کە نزیکترین و هاوئامانجین، لەوانەیە لە تەکنیک و تاکتیکدا هەندێک جیاوازیمان هەبێت، بەڵام لە شتە سراتیژییەکاندا یەکین، لەگەڵ هێزە نیشتمانییەکانی دیکەدا هاوبەشیمان هەیە، خاڵی هاوبەشمان هەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان، بەڵام خاڵی جیاوازیشمان زۆرە، بەتایبەتی ئەگەر بابەتەکە بووە باسی ماف، باسی ستەم، باسی گەندەڵی و باسی دزی، کە بێگومان ئێمە ناتوانین لەگەڵ ئەوە موجامەلە بکەین.
لەو پێشەکییەدا خێرا بەسەر یەک دوو خاڵی گرنگدا تێپەڕم. هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ خۆی خستووەتە قەیرانێک کە دەرچوون لێی ئاسان نییە، چونکە هەندێک بڕیاری پێشوەختە دەدات و دەیەوێت هەموو دەوروبەر، هەموو خەڵکی بەرامبەر وەکو ئەو بکات یان لەگەڵی بێت، ئەمەش مومکین نییە، سرووشتی کاری سیاسی، لەگەڵ مومکینات مامەڵە دەکەیت، لەگەڵ تواناکانی خۆت و لەگەڵ ئیمکاناتی خۆت و لەگەڵ هێز و توانای بەرامبەرەکان مامەڵە دەکەیت، کات و فرسەتی خۆی هەیە بێگومان، جاری وا هەیە بۆت دەکرێت، جاری وا هەیە بۆت ناکرێت.
ئەوەی کە ئێمە ئێستا دەیبینین بەڕاستی مووچە کە شتێکی زۆر ئاسایی و سانایی ژیانی هەر هاووڵاتییەکە، ئەمڕۆ مووچە بووەتە دۆسیەی گەورەی ئەم میللەتە، هاووڵاتی ئەوە ئێمە دەبینین، لێرەوە سڵاو و دروودیان بۆ دەنێرین، خەڵکێک بە نوێنەرایەتیی هەموو هاووڵاتییانی کوردستان خێوەتێکیان هەڵداوە، مانیان گرتووە، خۆیان خستووەتە ئازارەوە، بۆ تەعبیری ناڕەزایی لەم دۆخە، بۆچی بۆ مووچە، نەک شتە گرنگەکان، بۆ مووچە کە مافێکی ئاسایی خۆیەتی، ئەمە هەر شتێکی گەورەیە، ئەمە قەیرانێکی گەورەیە، ویستی مامەڵەکردن بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە وەکو پێویست نییە.
یەکڕیزی ناوخۆیی، ئێمە زانیمان 60 بۆ 70 ساڵە پارتی و یەکێتی شەڕیانە، کێشەکە روونە، بەڵام خۆ دەبێت ئەوەندە سەلیقەیان بشکێت بەوەی کە هەندێک وێستگە هەیە کە ئاشتیان کرد، باش بوو، ئاکەمەکەشی باش بوو، بۆ هەردووکیان باش بوو، بۆ میللەتیش باش بوو، لە هەندێک وێستگە کە شەڕیان کرد بۆ هەموویان خراپ بوو، بۆ خۆشیان خراپ بوو، پەشیمانی و خەجاڵەتیشی دروست کرد، باشە ئیدی کەواتە شەڕ واتای نەماوە، تۆ بە ئەزموون، 60 یان 70 ساڵە ئەزموونت هەیە، شەڕکردن و یەکدی سووککردن عەیبە، پاشقولدان عەیبە، واتای نەماوە. میللەت مەشغوڵ دەکەن بە شتێکەوە دوایی خۆشیان بە شێوەیەکی دیکە پێچی لێدەدەن، هەرێمی کوردستان گیری خواردووە بە دەست ئەم ناکۆکییەوە کە هەیە لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، ئەمە بەرپرسیاریەتییە، ئەمە شتێک نییە کە من ئێستا حەز بکەم بیڵێم، بەڵام دەبێت بیڵێم، سیستەمی حوکمڕانی بە شێوەیەک دەتوانین بڵێین حەزییە، بەرپرسێک دەتوانێت شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ حوکمڕانییەکەی، لەگەڵ وەزارەتەکەی، لەگەڵ ئەو کارەی کە هەیەتی بیگۆڕێت، کە ئەمەش نییە لە جیهاندا، دەبێت سیستەمێک ببێت، خەڵک بچێت پابەند بێت پێیەوە.
ئێستا دەبینیت ئەم دوو زۆنە کە دروست بووە بەداخەوە، بووە بە دوو وڵات، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو مەسەلەکاندا لەم زۆنە لەگەڵ زۆنی ئەولا جیاوازی هەیە، ئەمە ئەوە نییە بڵێین کامیان راستە و کامیان ناڕاستە، بەڵام ئەمە واتای وایە کە میللەت لەتکراوە، وڵات لەتکراوە و ئەمە ئاسەوار جێدەهێڵێت لەسەر نەوەکانیشمان، گیر و گرفتی جۆراوجۆرمان هەیە لەگەڵ بەغدا لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی، شتی گەورە گەورە هەیە, کە دەبێت ئەم هێزە سیاسییە حوکمڕانانە یەکبگرن، ئەگەر بە جدیشیان نەبێت، بە مەسڵەحەت دەبێت یەکبگرن دەبێت پێکەوە حکومەت پێکبهێنن، پێکەوە کار بکەن یان رێگە بدەن بە یەکدی وەکو وڵاتان حیزبێکیان حوکمڕانی بکات، ئەوەی دیکەیان ئۆپۆزیسیۆن بێت، کە ناتوانن ئەوە بکەن، وەکو ئەوە ناتوانن وەرن پێکەوە هاوبەشی بکەن و حکومەت پێکبهێنن، کە ئەوەیان نەکردووە، بەڕاستی هەرێمەکەمان لە بەردەم خاپووربوون و لە بەردەم ئەگەری سەخت و ناڕەحەتی دایە. کەس بە دیار ئێمەوە ناوەستێت، خەڵکی دۆست یان بەرژەوەندیخوازی نێودەوڵەتی زۆر چاوەڕێی کرد، لەوانەیە نەتوانێت درێژەی پێبدات. لەبەر ئەوە مەسەلەیەکی گرنگە کە هەرێمی ئێمە لەبەردەمی گرفتدایە، هەر لە مووچەوە کێشەی هەیە تاوەکو مەسەلە ستراتیژییەکان لە ئابووریدا، لە سیاسەتدا، لە قەوارەی سیاسیی حوکمڕانیماندا.
پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، زۆر روونە کە دەستوور ئەمانەی تەنزیم کردووە و لە وێستگەیەکدا کە پارتی و یەکێتی و هێزە سیاسییەکان یەک قسە بوون لە 2003 زۆر شتی باش کرا، دەستوورێک دانرا و ماف و ئەرکەکان دیاریکراوە، دەکرێت هەر بەو دەستوورە کارەکان بخەینەوە رێگە. بەڵام بەدەر لە دەستوور و بە رێگەی دیکە یان بە خەیاڵات یان بە وادەی هەلەو، هەلەو (hello) لەگەڵ ئەم و ئەو، ناگەینە هیچ ئاکامێک، ئەم هەرێمە هەرێمێکی فیدراڵییە دەبێت لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت، هاوئاهەنگی لە کارەکاندا بکات.
گۆڕانکاری هەرچی بێت، ئەگەر ئێمە ئەمە حاڵمان بێت، ناکۆکیمان تێدا بێت، یەکڕیز نەبین، گۆڕانکاری هەرچی بێت نابێتە دەرفەت بۆ ئێمە، هەر دەبێتە بەڵا.
گۆڕانکاریەکی جدیی نەوعیش بێگومان لە سووریا روویداوە لە ماوەیەکی کەمدا حوکمڕانی لە سیستەمێکی دیاریکراوی مەعلوومەوە کە بەعسی بوو بەعسییەکی 60 یان 70 ساڵە، حوکمڕانی کردووە و بە شێوەیەکی تایبەتی خۆی یان تایفی، گۆڕا بۆ حوکمڕانییەکی جیاواز.
نازانین ئەوەی کە دەیبینین شتێکی جیاوازە زۆر جیاوازە، ئەمە دەخوازێت کە تێبگەین کە گۆڕانکاری لە ئارادایە رەنگە گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست واریدە.
ئەوەی کە لە غەززە روویدا راستە مەسەلەیەکی موقەدەسات و مەسەلەی مافی میللەتێک بوو، بەڵام شەڕێکی نەوعی زۆر جیاواز بوو، شەڕێک بوو کە کەس پێشبینی نەدەکرد شەڕی وا رووبدات، لە کاتێکی زۆر چاوەڕواننەکراودا، لە 7ـی ئۆکتۆبەردا، ژمارەیەک چەکدار بچنە وڵاتی ئەودیو، هەموو سنوور ببەزێنن هەموو دەستکاری دۆخەکە بکەن بچنە ناو خەڵک و رفاندن (ئیختیفاف) بکەن، خەڵک بێنن، شەڕ بکەن، بکوژرێن، بکوژن بە چەند کاژێرێک، دواتر لە پەرچەکرداری ئەمەدا 15 مانگ قڕکردن و کوشتن و بڕین و لێدان و وێرانکردن و ئینجا بێتە سەر ئەوەی کە دانوستاندن بکەن و ناچار بن کە تەسلیمی ئاشتی و ئاگربەست ببن، ئەم گۆڕانکاریە بەم شێوەیە هاتە لوبنان، هاتە سووریا و سەیر نییە بچێتە شوێنی دیکەیش، ئەمەش بابەتێکی کەم نییە، بۆیە ئێمە لە کوردستان و عێراقیشدا هەروەها دەبێت ئامادەی ئەم گۆڕانکارییە بین بە شێوەیەک لە شێوەکان. ئایا خۆمان ئامادە کردووە، ئەوەی کە دیارە؟ دیار نییە.
بەهەرحاڵ؛ سووریا مەسەلەیەکی نەتەوەیشی تێدایە بەدەر لە مەسەلەکانی دیکە، کە خەڵکێکمان هەیە لەوێ قەوارەیەکی دروست کردووە خەڵکی ئێمەیە کە خەڵکی کوردە و گرنگی هەیە، شکستی مەترسییە، سەرکەوتنیشی زۆر ئاسان نییە بەم هاوکێشانەی کە هەیە، چونکە لەلایەک شەڕە، لەگەڵ وڵاتێکی گەورەی وەکو تورکیا بووەتە تەڕەف، لەلایەکی دیکە ئەو هەموو چەکدارە، لە لایەکی دیکە دەزانین ئەوەی پشتی پێ بەستووە وڵاتێکی زلهێزی دەوڵەتدارە، کە بەرژەوەندیی ئەمڕۆ وایە لەوێ پشتیوانی بکات، بەڵام ئایا بەردەوام دەبێت، ئایا ئەگەر دیمەشق بووە وڵاتێکی سەقامگیر وەکو چۆن لە عێراق سەقامگیری پەیدا دەبێت، نازی ئێمە کەم دەکات، هەموو شتەکان لەوێش وایە، لەبەر ئەوە مەسەلەی رۆژئاوا بە نیسبەت پرسی کوردی بەگشتی، مەسەلەیەکی گرنگە، گرنگی پێبدەین، خەمی بخۆین، چەندەمان توانی.
ئێمە بەشەکەی خۆمان وەکو یەکگرتوو درکی ئەوەمان کردووە کە مەسەلەیەکی هەستیارە و ئەوەندەی توانیومانە قسەمان تێدا کردووە کە بە ئاراستەیەکی هەڵەدا نەچێت و نەبێتە مایەی کپکردنەوەی ئەو رادەیە لە هیوا کە هەیە بۆ میللەتی کورد لە سووریا، لە رێگەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتە، لە رێگەی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا کە کاریگەرە لە مەسەلەکەدا، لە رێگەی پەیوەندی لەگەڵ خۆیان لەگەڵ هەسەدە و ئەو بەڕێزانەی کە لەوێ کاربەدەستن، ئومێد وایە کە بە ئاراستەیەکی باشدا بچێت و دووپاتی هەڵە نەکەینەوە، ئەم شتە هاوکێشەکان وای کردووە کە لەوێ ئەو ئیدارە خۆسەرییە ببێت، هەر هاوکێشەیەکیش ئەگەری هەیە ببێت، بە واتای خامۆشکردنی، تۆ ئەگەر لەسەر هاوکێشەکانی دەرەوەی خۆت هەرچی بینا بکەیت، دەبێت حیسابی پێچەوانەکەشی بکەیت، لەبەر ئەوە لە دەرفەتێکدا ئەو حزوورە حوکمڕانییە پەیدا بووە، دۆخی سووریا وابوو، بەڵام ئێستا دەبێت خۆی رێکبخات، دەبێت ئاراستی خۆی رێکبخات لەگەڵ حاڵەتەکە ئەگەر نا ئاسان نییە، بۆیە ئومێد وایە بەرەو ئارامکردنەوەی دۆخەکە پەیوەندییەکان رێکبخرێن و چارەسەر لە دیمەشقەوە بۆ هەموو شوێنەکانی دیکەی سووریا بکرێت، بەڵام بە لێکتێگەیشتن و بە گفتوگۆ، نەک بە چەک و گوشار.
بە نیسبەت باکوورەوە، تورکیا بێگومان وڵاتێکی گەورەیە کاریگەرە لە پرسەکانی ناوچەکە، بەرژەوەندیشی لەگەڵ وڵاتانی گەورە و بچووکدا هەیە، لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی هەیە، بەتایبەتی لە سووریا بوونی هەیە، لە کوردستانی عێراقدا لەبەر ئەو زرووفەی کە دەزانین بوونی هەیە وەکو لەگەڵ خۆیدا موڕاجەعەیەکیان هەیە، ئاشتییەک کە خراوەتە رێ، جێگەی دەستخۆشییە، بێگومان ئەویش کتوپڕ بوو بەڕاستی، بەڵام بێگومان نەخشەیان بۆ کێشاوە. جێگەی دەستخۆشییە کە تاوەکو ئێستا بەرەو باشتر دەچێت و لەوە دەچێت تاوەکو رادەیەک سەربگرێت، بەڵام ئەویش بە جۆرێک لە مامەڵەکردن و بە خوێندنەوەی دروست بۆ دەرفەتەکان دەکرێت. بەگشتی ئەوەش مەسەلەیەکی گرنگە چونکە ئەگەر لە باکووردا ئاشتی دروست بێت، بۆ هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان جێگەی دڵخۆشییە و ئەوەی کە دیارە ئاشتییەکی جددیە و هێزە سیاسییە کوردییەکان جووڵەیان هەیە بە ئاراستەی چاککردنی و سەرگرتنی ئەو هەوڵە. من کات جێدەهێڵم بۆ جەنابتان، ئینشائەڵڵا لە خزمەتتاندا دەبم.
دەقی پرسیاری رۆژنامەڤانان لەگەڵ سەلاحەدین بەهائەدین
پرسیار: سوپاس مامۆستا بۆ ئەم دەرفەتە، سێ پرسیارم هەیە، پرسیارێک بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پرسیارێکیش لە سووریا و لەسەر سووریا و پرسیارێکیش لەسەر تورکیا. پرسیاری ناوخۆی هەرێمی کوردستان یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وەک حیزبێکی جیاواز، کە دەڵێین جیاواز کە لە دەسەڵاتدا بەشدارە جیاوازە لە پارتە دەسەڵەتەکان کە لە ئۆپۆزیسیۆنیشە هەر جیاوازە لەگەل حیزبەکانی تری ئۆپۆزیسیۆن.
درووشمێکتان هەیە کە چاکسازییە، ئێوە بەشداریش بوون لە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنیش بوون، بە رای جەنابتان بە کام ئەزموون زیاتر توانیوتانە درووشمەکەتان جێبەجێ بکەن کە چاکسازییە، کاتێک بەشدارن لە دەسەڵات یان کە بەشدارن لە ئۆپۆزیسیۆن.
پرسیارێکی تر لەسەر سووریا ئێستا ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سووریا رویداوە دیارە، لایەنێکی ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتدارە لە دیمەشق، ئێوەش وەک حیزبێکی کوردی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان چۆن دەتوانن ئەو حاڵەتەی کە روویداوە لە سووریا لە بەرژەوەندیی کورد بێت، چی لە دانوستاندنی نێوان ئەو دەسەڵەتە نوێیەی لە دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر لە دەڤەری کوردی لە سووریا، دەتوانن چی رۆڵێک بگێڕن لە بەرژەوەندیی کورد لەوێ، هەروەها لە تورکیاش ئێستا لە پاش وەستانی چەند ساڵی پرۆژەی ئاشتی لەگەل کورد ئێستا جارێکی تر دەستیپێکردووە، نازانین ئەم جارە ئەنجامەکەی چی دەبێت، هەرچەندە جەنابت ئیشارەت پێدا کە پرۆژەیەکی جددییە، بەڵام یەکگرتوو دەتوانێت چی رۆڵێک بگێرێت لە بەرژەوەندیی ئاشتی بە گشتی و بە تایبەتی لە بەرژەوەندیی کورد لە باکوووری کوردستان؟
سەلاحەدین بەهائەدین: بێگومان جیاوازیی نسبییە، واتا دەکرێت لە شتێکدا زۆر جیاواز بین، لە شتێکدا کەمتر، بەڵام بەگشتی مەسەلەی چاکسازی مەسەلەیەکی زاراوەیی پیرۆزە و جوانیشە و قورئانیشە، بەڵام لە راستیدا چاکسازی بە حکومەت دەکرێت، دەکرێت لە سنوورێکدا لە حیزبێکدا یان لە بابەتێکدا خەڵکێک یان کەسێک لە ماڵی خۆیدا چاکسازی بکات، هەندێک چاکسازی بکات، بەڵام ئەو چاکسازییەی کە مەبەستە، چاکسازیی سیاسی، ئیداری، ئەوە حکومەت دەبێت بیکات. ئێمە لە حکومەت بووین، لە راستیدا ئەوەی کە شاراوە نییە وەزیر دەسەڵاتی سنووردار بوو، بەڵام بیانووی جیاواز هەبوو، ماوەیەک بە ناوی
مەسەلەی شەڕ و داعش و ئەوانە، ماوەیەکی تر داهاتمان نییە و ئەوانە، لە ماوەی نەوتدا تۆزێک باشتر بوو، جۆری سیستەمەکە بڵێین سەقامگیر نییە، بۆیە گوتم میزاج جاری وا هەیە دەور دەبینێت.
شتێکی تر هەیە جاری وا هەیە ئەو بەرپرسە خۆی ناوی دەنێتە چاکسازی، لە ئەحمەدەوە وەریدەگرێت دەیدات بە مەحموود، نە لەبەر ئەوەی کە بیەوێت چاکی بکات، مەحموود خزمێتی یان نزیکیەتی یان بنەماڵەیەتی، نزیکە لێیەوە، وا دەزانێت ئەوە چاکسازییە.
دەبێت لە ئەحمەد وەریبگریت مادام گەندەڵە یان کێشەی هەیە بیدەیت بە میللەت بیگێرێتەوە بۆ میللەت، نەک بیدەیتەوە بە یەکێکی تر لەبەر ئیعتبارێکی تر، ئەوەی بینیمان چاکسازی لە حکومەتدا دەکرێت، ئێمە دەرفەتی چاکسازیمان تاوەکو رادەیەک بە جیاوازیی قۆناخەکان، جیاواز بووە، لە قۆناخێکدا باشتر بوو، وەزیر دەسەڵاتی زۆرتر بوو لە قۆناخێکدا کەمتر بوو، بەڵام لەم کابینەی نۆ و ئەمانە بەشدار نەبووین تاوەکو بزانین، بەڵام ئەوەی کە دەبیستین، دەڵێن داخراوییەکی زۆر هەیە.
بە نیسبەت سووریا فەرمووت ئەوەی کە روودەدات لە سووریا بێگومان دەتوانیت بڵێیت گەڕانەوەی سوننەیە بۆ سووریا چونکە سووریا ماوەیەکی زۆر بەعسی حوکمی کردووە و بەعسیی عەلەویش بوون، هەر سوننەی لێ دوور بووە. بەڵام لە 2011ـوە لە بەهاری عەرەبی و ئەوانەوە شۆڕش و کێشە و ئەوانە دروست بوو، هەموو ئەوانە سوننە بوون هەموو چەکدارەکان سوننە بوون، ئێستاش ئەوەی کە هاتووە دیارە، لەبەر ئەوە لایەنە ئیسلامییەکان بڵاون یەک هێڵ نییە، بەڵام بەگشتی ئیسلامین، بەگشتیش سوننەن، بۆیە وەکو باسم کرد ئێمە دەمانەوێت چەندەمان پێ بکرێت، بێگومان ئەویش خۆی ئیمکاناتێکی مەعریفەی پێشوومان نییە لەگەڵ ئەو کەسانە، نایانناسین، بەڵام هەندێک لەوانەی کە کاری ئیسلامی دەکەن، دەعاوی و واتا نە سیاسی نە چەکداری، هەیە هەندێکیان، ئەوانە دەناسین لە کوردەکان و لە عەرەبەکان و لە رێگەی تورکیایش و تورکیایش دەور دەبینێت لە سووریا، دەتوانین تاوەکو رادەیەک قسەی خێرمان ببێت. بێگومان وەکو باسم کرد، ئەگەر فریا نەکەوین، ئەزموونی رۆژئاوا لەبەر ئەوەی بە پشتبەستن بە ئەسەد کراوە لە ماوەی سەرەتادا، دواتریش بە ئەمریکا پشتی قایم بوو، لەسەر پێی خۆیان زۆر نەوەستاون، بەو حاڵەشەوە دەستیان بردووە بۆ هەندێک شت کە رەنگە لەگەڵ ناخی سوورییەکاندا نەیەتەوە، بۆ نموونە دەستوورێکیان داناوە هەندێک شتی تێدایە کە زۆر نامۆیە، بە ناوی ئەوە کە پێکهاتەکان زۆرن، واتا شتی پێشوەختەیان زۆر کردووە، ئەوەش یەکێکە لە رێگرەکان، بەڵام ئەوەی کە جێگەی هیوایە، ئەو بەڕێزە کاک مەزڵووم تێگەیشتووە و زۆرتر لە کێشەکان تێدەگات و زرووفی پەیوەندیی دەوڵەتەکانیش دەوری خۆی دەبینێت.
و تێگەیشتنی ئەم بەڕێزە ئەحمەد شەرع، تێگەیشتنێکی کراوەیە بەڕاستی، راستە ئیسلامی دیارە، بەڵام ئیسلامییەکی داخراو نییە کە بڵێیت ئەحکامی شەرعی فەڕز دەکات بەسەر خەڵکدا، قیافەکەی وا دیارە.
ئەگەر ئەمانە لێکبدەینەوە، جێگەی ئومێد هەیە تاوەکو رادەیەک دەرفەتی تێدا هەیە، بۆیە ئێمە بە جددی کاری لەسەر دەکەین و بێگومان هاوکاریی هەموو کەسیش دەکەین کە لەوبارەوە کار بکات. هەم رۆژئاوا خاپوور نەبێت و نەبێتە زاحیە، ئەزموونی کورد لەوێ نەفەوتێت، هەمیش سووریا وەکو وڵاتێک کە ئێستا زیندووبوونەوەیەکی بۆ دروست بووە، نەتەپێت بەسەر خۆیدا، هەمیش بێگومان هەموو زەرەرێک لەوێ، زەرەرە بۆ ئێرە.
بە نیسبەت تورکیاوە وەکو گوتم، تورکیا کرانەوەی پێشتری بوو لە ساڵانی پێشوودا، سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام ئەمجارە کە مادام لەو بەڕێزانەوە دەستیپێکردووە باخچەلی و ئەوانەوە، یان لانیکەم ئەوان رایانگەیاندووە و چوونەتە نێو بابەتەکە و گەیشتووەتە لای بەڕێز ئۆجەلان و گفتوگۆ و ئەمانە، شتێکی تازەیە ئەمە، ئەگەر ئەمە ئەنجامی نەبێت، زەرەرێکی زۆرە، واتا چوونە دواوەوە زۆر خراپ دەبێت، بۆیە ئومێد وایە کە ئەنجامی هەبێت و مەسەلەکان بەرەو ئاقارێک نەبەن کە چارەسەری نەبێت، هەمیشە ئەوەی کە مومکینە ئەنجامی بدەن و ئەوەی کە مومکین نییە لەم کاتەدا، تۆزێک دوای بخەن، هەر کاری سیاسیش وایە ئەگەر بمانەوێت بینا بکەین، ئەوەی مومکینە دەیکەین، ئەوەی مومکین نییە بەجێیدەهێڵیتبۆ قۆناخی تر. ئەوەی کە دیارە تاوەکو ئێستا و من بینیومە و ئەو بەرپرسانەم بینیوە، ئومێد وایە کە سەربگرێت ئینشائەڵڵا.
پرسیار: منیش سێ پرسیار ئاراستەی جەنابتان دەکەم، یەکەم هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە پرۆسە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانادا کردووە، بەڵام بەڕای من هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە جێگەی دڵخوازی خەڵکی هەرێمی کوردستان بن. ئێوە لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بیرتان لەوە نەکردووەتەوە ئەم ئەزموونە تێپەڕێنن و لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکانی دیکەدا بە جددی کار لەسەر پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشی کاری ئیسلامی بکەن.
دووەم؛ ئێوە لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان راتان چۆنە بەوەی کە لە پرۆسە سیاسییەکاندا بە درێژایی 34 ساڵی رابردوو هەمیشە یەکێتی و پارتی باڵادەست بوون و گرەوی هەڵبژاردنیان بردووەتەوە، هاوکات ئیدی لایەنە سیاسییەکانی تر بە ئیسلامییەکانیشەوە نەیانتوانیوە سەربکەون و بە جۆرێک شکستیان هێناوە لە هەڵبژاردنەکان پرسیارەکەی من ئەمەیە، ئێوە ئەم پرۆسە سیاسییانەی کە ئەنجام دراون لە هەرێمی کوردستان بە تەندروست دەزانن کە بەو شێوەیە بەڕێوەچوون یان نا.
سێیەم؛ جەنابتان فەرمووتان کە گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکەدا هەیە، ئایا ئەم گۆڕانکارییانە دێنە عێراق؟ سوپاس.
سەلاحەدین بەهائەدین: بێگومان ئاواتی هەر موسڵمانێکە کە یەکبن و یەکڕیزی و یەکدڵی ئەسڵە، بەڵام بێگومان ئێمە لێرە گەورە بووین لە ناو ئەم خەڵکەدا و مەشاکل و دەردی ئەو کۆمەڵگەیەمان هەڵگرتووە، بەمانەوێت و نەمانەوێت، خۆ مەعسووم نین و بەشەرین، رەنگە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێت، تایبەتمەندیی خەڵکەکەمان، لە لایەکی تر پرۆژەی ئیسلامی لە کوردستاندا، چونکە بە چەندین وێستگەدا هاتووە، هەندێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە گروپێک.
هەوڵمان داوە جاروبار، جارێک دەستپێشخەری لە برایانی کۆمەڵەوە بووە، جارێک لە برایانی بزووتنەوە و جارێک لە ئێمەوە مومکینە، بەڵام بە ئەنجامە نەگەیشتووین کە کە بڵێین یەکڕیز و یەک بەرە و ئەوانە، ئیتر هۆکار وەکو گوتم لەوانەیە شتی دیکەیش هەبێت، بەڵام بەگشتی نائومێدیش نەبووین، چونکە هەموو ئەم ساحە کوردستانییە ئیسلامییە یەک کەس دڵۆپێک خوێنی لێ نەهاتووە لە بەینی [خۆیان]، ئەمە شتێکی گرنگە، لە کاتێکدا کە چەک بووە، ئیمکاناتیش بووە و لەوانەیە بیانووش بووبێت، واتا شت رویدابێت کە پێویست بێت. بۆیە بەرەی ئیسلامی لە زاتی خۆیدا ئەم حاڵەتەیە، بەرە دروست نەبووە، بەڵام دژایەتیش دروست نەبووە، هەیە نێوانخۆشی هەیە، ئاڵوگۆڕی بۆچوون هەیە، لە وێستگەی وا هەیە زۆر نزیک بووینەتەوە، لە وێستگەیەکدا تۆزێک کەمتر، ئەم مەسەلە هەڵبژاردن و ئەمانە دەوری نەرێنی هەیە بێگومان.
یەکێک لە فیتنەی ئاژاوانانەوە لە کۆمەڵگە مەسەلەی ئەم رکابەرییە نەرێنییەیە کە بە ناچاری دروست دەبێت لە هەڵبژاردن. بەڵام ئەوەی کە لە داهاتوودا باشتر لە جاران رەنگە وەکو بڵێیت ئاڵەنگاری زۆرتر بووە، پێویست بێت بە نزیکیی زیاتر و هەوڵی ئەوەش هەیە.
بە نیسمەت ئەوەی کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لە 1992ـوەوە تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی یەکەم دەبن، کەم دەکەن، بەڵام هەر لە پێشەوەن، بێگومان من نازانم ناوی لێ نانێم دیزاین و ئەوانە، چونکە ناوەکە تازەیە، بەڵامناوەرۆکەکە کۆنە، چەند هاوکێشەیەک هەیە مەتلووبە فڵان، مەتلووب نییە فڵان، رەنگە وابێت، بەڵام کێیە دەستی لێدەدات و چۆن، ئەوە نازانین بەڕاستی.
ئەنجامەکە شتێک دەبینیت، بەڵام دەستەکان نابینیت. پارتی و یەکێتی ئەگەر تەبیبی حاڵی خۆیان بووان، هەر دەبوونە یەک پارچە، یا ئەوەندە یەک دەبوون زۆر باشتر لەوەی ئێستا، بۆ خەڵکەکەش باش بوو، بۆ خۆشیان، بەڵام بێگومان هەر ئەو پاڵپشتییەی یان ئەو دڵخۆشکەرەی یان ئەو (هەلەوەی) کە هەیە، هەر ئەوە نایەڵێت یەک بن، لە ئەنجامدا ئەم بەر ئەو بەرێک هەیە و کارەکە وای لێهاتووە. بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە ئێمە رێگەپێنەدراوین، نەخێر ئێمەش خەتامان هەیە، ئێمەی ئیسلامیش هۆکاری خۆمان هەیە کە رەنگە دەستمان بۆ نەبردبێت یان نازانم جاری وا هەیەیە لەڕووی ئایینییەوە (دینییەن) رەنگە نەتوانین، هەندێکی تر هەیە کە دەتوانین بیکەین نەمانکردووە، لە هەموو حاڵەتەکاندا پارتی و یەکێتی تاوەکو ئێستا وایان هێناوە، زیاد و کەم دەکەن، بەڵام لەپێشەوەن، من دەڵێم ئەوە نەکەینە عوقدە کە لە پێشەوەن یان چۆنن، ئەوە گرنگە کە ئەوان چی دەکەن بۆ ئەم خەڵکە، خزمەت. تۆ دەچیتە لای پزیشکێک ناپرسی دینی چەندەیە، نوێژی چەندەیە، هەر تەنانەت ناپرسی مەسیحییە، موسڵمانە، ئەگەر ئەگەر شارەزا بێت و لە کارەکەیدا سەرکەوتوو بێت، کارەکەی خۆت دەکەیت، ئەمانە ئەگەر حوکمڕانێکی باش بووان، ئەگەر دادپەروەرییان بە خەرج دابووایە، ئەگەر گەندەڵی تێدا نەبووا، ئێمە ئەوەندە پێویست نەبوو خۆمان سەرقاڵ بکەین بەو بابەتە.بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەم حاڵەشەوە، بەم ناکۆکییە، بەم خۆگەراییەوە کە هەیە، خۆیشیان تەواو نین و کارەکەشیان تێکداوە لە خەڵکەکەی تر. بۆیە ئێمە ئێستا لەم وێستگەیە، وا باشە کە خەریکی ئەو شتانە بین کە یەکڕیزی تێک نەدا، ئەوەندەی تر خراپتر نەبێت، بەرە دروست نەکەین، بەرەی ئیسلامی و عەلمانی و بەرەی فڵان و فڵان و چونکە کۆمەڵگەکە سەری دەخورێت لەو شتە و زۆریشی لەدەست ئەم بابەتە چەشتووە، بەخۆڕایی یەکدی کوشتن و بێ سەروشوێنکردنی یەکدی بۆچی؟ ئێستا ئەگەر باسی دینیش بێنێتە پێش رەنگە قوڵتر دەربچێت، بۆیە ئەم حاڵەتە سیاسییە نەوەڵا تەندروست نییە، بەڵام لەوە باشتر دەستناکەوێت، تەنانەت لە هەڵبژاردندا لە هەموو جیهان ساختەکاری و فێڵ هەر بووو، بەڵام لەوە باشتر ئالییەتێک نییە، لای خۆمان بێگومان بەزیادەوە هەیە.
بە نیسبەت گۆڕانکاری، عێراق گەرەنتی نییە کە گۆڕانکاری روویتێنەکات. موڕەشەحترە لە شوێنی دیکە، بۆیە ئەوانەی کە خەمی عێراق دەخۆن لە دۆستەکان و دراوسێکان، ئەوە تێدەگەن کە نابێت بە کەمی بزانیت ئەمە شەپۆلێکە هاتووە، دەبێت خەمی خۆشیان بخۆن و خەمی عێراقیش بخۆن.
رووداو: زۆر سوپاس مامۆستا من هیوا جەمال لە تۆڕی میدیایی رووداو لە دوو تەوەردا پرسیار دەکەم تەوەرێکیان ناوخۆیی، پەیوەندی بە پەرلەمان و حکومەتەوە هەیە. هەڵبژاردن کرا، بەڵام پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە، ئێوە چۆن دەڕواننە کارانەکردنەوەی پەرلەمان و ئایا بۆ قۆناخی دەربازبوون لە کارانەکردنەوەی پەرلەمان بیرتان لەوە نەکردووەتەوە کە بۆچوونەکەتان بگۆڕن یان بڕیارەکەتان بگۆڕن بەشداری لە حکومەتدا بکەن بۆ ئەوەی لەم قۆناخە دەرباز بین. هەر لەبارەی پەرلەمان و حکومەتەوە لە سەردانەکەتان بۆ لای جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا، هیچ باسی بەشداریتان لە حکومەت کرا لەو کابینەیەدا.
تەوەرێکی تر لەبارەی سووریا، خۆت باست کرد کە ئەحمەد شەرع کراوەیە، داخراو نییە، بەڵام پێت وایە دەوڵەتێکی مەدەنیی دیموکراسی دروست دەکات. بە بڕوای ئێوە دەستووری تازەی سووریا دەبێت چی بۆ کورد تێدا بێت، چۆن باسی رۆژئاوای کوردستان بکات کە بڕیار وایە بنووسرێتەوە، و هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆتان لەگەڵ ئەحمەد شەرع هەیە، وەکو یەگرتووی ئیسلامیی کوردستان؟
سەلاحەدین بەهائەدین: پەرلەمان بێگومان لە بێسەرەبەرەییدا دواکەوتووە و ئەوە نییە پیلانێکی دروست ببێت. ناگەینە ئەنجام، لەبەر ئەوە هەوڵیش دراوە کە خەڵکی تر بەشدار بێت و بە شێوەیەکی تر سیاغەی نیساب بکەن، سەرکەوتوو نەبوون، لە ئەنجامدا وای لێهاتووە، ئێمە لەوە ناچێت رامان بگۆڕین، هەرچەندە دەمانخەیتە گومان، نەخێر، چونکە بەڕاستی ئەم حاڵە کە هەیە لە کوردستاندا خۆیان خراپن و دەبێت خۆیان چاکی بکەنەوە، کەسی تر بێت داخڵی ئەم یارییە بێت، عەیبدار دەبێت، لە مەسەلەی حوکمڕانی. پەرلەمان جیایە، پەرلەمان وەکو نوێنەرایەتی ناچاری، بەڵام حوکمڕانی زەحمەتە بەم حاڵەی کە هەیە، بەشداریکردنی هەر کەس بیکات، زەرەرێکی گەورە دەکات بە نیسبەت ئێمەوە ئەو زەرەرە بۆ خۆمان بڕیار نادەین. بەڵام گومانم وایە کە ئاراستەی وەزعەکە بەرەو ئەوە دەچێت کە گوشاریان لەسەر بێت و رێکبکەون و حکومەت پێکبهێنن و ئیتر بکەوێتە سەر سکە و پەرلەمانیش بێگومان بەشێکە لە پاکێجەکان.
دیداری جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بێگومان ئێمە پەیوەندیمان کۆنە لەگەڵ تورکیا و لەگەڵ حیزبی رەفاه و لەگەڵ حیزبی فەزیلە و سەعادە و هەموو ئەو ناوانە پەیوەندیمان بووە، لەگەڵ حیزبی داد و گەشەپێدانیش 20 ساڵە ئەو پەیوەندییە هەیە، هیچ کاتێک نە بەکارهێنراوە، تەنانەت بۆ بەرژەوەندیی خۆشمان بەکارمان نەهێناوە نەک بۆ بەرژەوەندیی کەسێکی تر، ئێمە یەکێک لە تایبەتمەندیمان ئەوەیە کە ناچینە باخەڵی کەسەوە، سرووشتی یەکگرتوو وایە کە سەربەخۆیی خۆی لەپێشترە، ستراتیژییە. لەگەڵ ئەم بەڕێزە بێگومان پیاوێکی خوێندەوارە، مامۆستای زانکۆیە و پیاوێکی بەڕێزە، زیاتر شیکاری و باسی دۆخی سووریا و بەرەو کوێوە دەچێت سووریا و دەوری ئەوان چۆن بووە بۆ پاککردنەوە یان روونکردنەوەی هەندێک لەو شتانە، ئینجا باسی حکومەتی هەرێم لە گۆشەیەکی زۆر زۆر کەمدا، چونکە بیستوویانە کە ئێمە بەشداری ناکەین و ئێمەش عادەتمان نییە قسەی خۆمان بگۆڕین، ئیتر قسەی خۆی بەفیڕۆ نادات لەو بابەتە، بەڵام گوتی ئێوە بەشداری ناکەن، گوتم نەخێر.
رووداو: ئەگەر لە بەرژەوەندیی میللەتیش بێت؟
سەلاحەدین بەهائەدین: بەرژەوەندیی میللەت، تۆ تەمکینی ئەو دۆخە بکەیت کە سەرکەوتوو نییە چۆن دەبێت، ئەگەر بەرژەوەندیی میللەت بێت، بێگومان هەرچی بێت دەبێت لەوێ بین ئێمە، بەڵام حکومەت ئەگەر لە 90٪ـی فەرز کردووە، ئەوەی تری دەرفەتت دەداتێیە و دەڵێت تۆش وەرە بۆم تەواو بکە؛ خۆی فەرز دەکات. ئەگەر تۆ سەیری کابینەکانی تر بکەیت ئاسان نییە، بەرژەوەندی چۆن دیاری دەکەیت. بە کورتی ئیشارەیەکی پرسیاری [لەلایەن جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا] کە جوابەکەیشی دەزانێت ئەوە نا کە چۆنە ئەو باسە، ئەوە منیش عادەتەن دەرفەتی درێژەم نەداوەتێیە. دەگونجێت حەز بکەن بەشدار بین، ئێرانیش حەز دەکات، تورکیاش حەز دەکات، بەغداش حەز دەکات.
کاک محەممەد سوودانیش هات هەر باسی کرد، [عەممار] حەکیمیش هات هەر باسی کرد، روونە. بەڵامە حەزەکەی ئەوان پەیوەستە بە پەیوەندییەک کە هەیانە لەگەڵ ئەو لایەنانە. ئەو حەزە ناتوانێت فەرزی مەوقیف بکات لە ئێمە.
بە نیسبەت سووریاوە وەکو گوتم بێگومان دۆخی سوویا شتێکی جیاوازە زۆر، کابرا لە گرووپێکی چەکداری توندڕەوەوە بێت بەپەلە، ئێستا بووە بە سەرۆککۆماریش دەربڕینانە وا سادە نییە، من بۆ خۆم نەمخوێندووەتەوە، نە دەیناسم و نە دیومە و نە هیچ، ئاگام لێی نییە. بەڵام سەیری سیرە و زاتی دەکەیت، پیاوێکی لێهاتووە. پیاوێکم بینی کە عەرەبی سووری، ئیخوانی سووری، پرسیم گوتم ئێوە چی لێ دەزانیت، گوتی وەڵا ئێمەش هیچی لێ نازانین، هەر دەزانین کە لە ئیدلب بووە و لەوێ سەرکەوتوو بووە لە کارەکەیدا وا دەناسرا. دووەم؛ لەو چەکدارانە بووە کەم کەم خوێندنەوەی گۆڕیوە یان چۆن بووە، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە زۆر (داهی)ـیە، زۆر زیرەکە، زۆر بەسەر خۆیدا زاڵە، و سەیر نییە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیی قووڵتری ببێت لەگەڵ هەندێک دامەزراوەی تر و کارەکانیشی بە پلان دەکات، بۆیە بەڕاستی ئەگەر ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا، بێگومان خوێندنەوەیان بۆ دۆخەکە کردووە، ئەگەر خوێندنەوەی باش نەکەن، دیداریان بووە ئەوانە بەڵام، دەبێت باشتر لێکتێگەیشتنیان بووبێت و بە گفتوگۆ بگەن بە یاداشتێک لە چارەسەر، نە چەکداری داخڵ ببێت نە پشت بە یەکێکی دیکە ببەستن و پشتئەستوور بە یەکێکی دیکە شەڕ بکەن، چونکە رۆژئاوا بەرگەی ئەوە ناگرێت. لەوێوە تورکیا، لەوێوە زەحمەتە، نابێت، بۆیە وابزانم ئەوەیان دەرکردووە و قسەی خێریش کراوە، ئەوە بوو کاک مەزڵووم هات بۆ ئێرە و کاک مەسعودی بینی، ئەوە خۆی یەکێکە لە هەنگاوە باشەکەن.
رووداو: لەبارەی دەستووری سووریاوە.
سەلاحەدین بەهائەدین: دەستوور ئەوەی کە برایانی پەیەدە دەیانناوە زۆر ناواقیعییە، زۆر بەپەلە هەڵیانکوڵاندووە، بیستوویانە دەستوور باشە، بەڵام نەیانزانیوە کە لەسەر عەرزی موتەحەرک بینا ناکرێت، دەستوور دەبێت لە سەقامگیریدا بێت، دەستوور لە سووریا دەبێت هەموو پێکهاتەکان لەبەرچاو بگرێت، پێکهاتەکان زۆرن، دەبێت هاووڵاتییان لەبەرچاو بگرێت، حکومەت یان دەوڵەتێکی مەدەنی لەبەرچاو بگرێت نەک ئایینی، و ئەمانە دیارە لە داڕشتەی قسەکانی ئەحمەد شەرعدا هەیە، واتا ئامادەی ئەو شتانەیە. لەوێدا کوردیش جێگەی دەبێتەوە بێگومان، ئینجا دەبێتە فیدراڵی، دەبێتە هەرچی بە گفتوگۆ دەگەنە ئەنجامێک، بەڵام بە فەڕزکردنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا ئەنجامەکە زۆر خراپ دەبێت و هەموو سوورییەکان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی کە پەیەدە کردوویەتی و دەیکات، دەوامی نابێت و نابێت وا بێت. لە دەرفەتێدا کراوە بەهەرحاڵ، بەڵام ئێستا نابێت دەوامی هەبێت، ئینجا ئەوە دەخوازێت کە نەرمتر بن، بێگومان دەوڵەتانی دیکەیش قسەیان هەیە، فەرەنسا قسەی هەیە، بەریتانیا قسەی هەیە، ئەمریکاش قسەی هەیە، تورکیا هەر قسەی زۆری هەیە.
پرسیار: دوو پرسیارم هەبوو، یەکەم جەنابتان دەزانن دۆخی هاونیشتمانییان لە رووی مووچە و بودجەوە زۆر خراپە، لە ئێستادا رێککەوتن کراوە لە بەرامبەر رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت بە حکومەتی عێراق، بەغدا عێراق تەواوی بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڕێزتان خوێندنەوەتان بۆ ئەم رێککەوتنە چییە؟
دووەم؛ لە 17-12-2024، جەنابت سەردانی تورکیات کرد و لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەڕێز عەلیڕەزا، نوێنەری مەلەفی عێراق لە تورکیا کۆبوونەوە، ئایا هیچ باس لەسەر راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کرا؟
سەلاحەدین بەهائەدین: رێککەوتن لە هەموو کاتەکاندا باشترین رێگەچارەیە لەنێوان بەغدا و هەولێر. لێکتێگەیشتن، گفتوگۆ گەیشتنە ئەنجامێک، ئیتر جاری وا هەیە هەولێر زەرەر دەکات، جاری وا هەیە بەغدا زەرەر دەکات، بەڵام لە هەمووی بە رێککەوتن بێت باشە، بەڵام بەمە کە خۆت بتۆرێنیت و بیانوو بگریت، ئەوە قسە وا تەواو نابێت، دەبێت رۆشن رۆشن مادەکانی دەستوور، ئینجا بەکارهێنانی دادگەی فیدراڵی، ئینجا لەوێ دامەزراوەی تر هەیە کە دەتوانن دەور ببین، یان ئەحزاب هەیە پەیوەندیی کۆن هەیە لە نێوانیان، دەکرێت رێگەچارەیەکی زۆر بدۆزیتەوە، بەڵام هەمووی بە ئاراستەی گفتوگۆوە. ئەگەر ئەمە رێککەوتن بێت، شتێکی باشە، من دەترسم هەر ناویان نابێت رێککەوتن. ئەگەرنا رێککەوتن باشە، ئەم جارە زەرەر دەکەیت، جارێکی تر قازانج دەکەیت.
بە نیسبەت سەردانی تورکیا هەندێکم گوت، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ تورکەکان و تورکیا بەگشتی، لەگەڵ حیزبی داد و گەشەپێدان و ئەو لایەنە ئیسلامییەی تورکیا کۆنە و شاراوە نییە، بە نسمێت حیزبی داد و گەشەپیدان، بەتایبەتی وەزیری دەرەوە دۆستایەتیمان هەیە. ئەو جارە من چووم، ئەو لەوێ نەبوو، ئەو پیاوە لەوێ بوو، ئەوە یەکەم جار بوو بیبینم، د. نووحی ناوە، هەروەها عەلیڕەزا لەگەڵی بوو، کاتی خۆی لێرە باڵیۆز بوو لە بەغدا، گەڕاوەتەوە ئێستا مەلەفی عێراقی لایە. ئەوان زۆر شارەزان لە وردەکاریی حیکایەتی عێراق و عێراقییەکان و هەتا کوردستان و ئەوانە، زۆر قسەیان ناوێت، عادەتەن ئێمەش لە لای ئەو خەڵکەی تر، ئەو راز و نیازەی کە هەمانە لە دڵماندا هەیە، لە بەینی خۆماندا دەیکەین، لای ئەوان ئەو حیکایەتانە ناکەین، بەڵام بەگشتی نیگەرانیی تورکیا روونە لە بابەتی پەکەکەیەوە و باسی ئەوەی کە چۆن چارەی بکات، ئەوەی کە ئێستا دۆزیویەتەوە کە ئێمە چەند ساڵە قسەمان لەسەر کردووە، باسی رێگەچارەی ئاشتییانەیە، سیاسی و ئاشتی. ئێستا دڵخۆشن بەوە، بێگومان کەم کەم دەجووڵێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە جووڵەیەکی بیرمەندانەیە، شتێکی باشە، دەبێت هێزەکانی باشوور پارتی و یەکێتی بەتایبەتی و هێزە سیاسییەکان هەموومان هاوکاری ئەوە بین کورد لە تورکیا ئەگەر بکەوێتە ئاشتی و رێککەوتن بکات، دەبێتە هێزێکی گەورە بۆ میللەتی کورد لەسەر ئاستی جیهان، چونکە کورد لە تورکیا لە رووی ژمارەوە زۆرە، لە رووی حزورەوە زۆرە، ئێستا هەموو حیزبەکانی تورکیا کوردی تێدایە، کورد لەوێ وەکو لای ئێمە دوور نەخراوەتەوە کە بە پشک بەشدار بێت، هەر لە هەموو دامەزراوەکاندا بوونی هەیە. بەڵام بە ناوی کوردایەتی و بە ناوی ئەوەوە نەچووە، بە ناوی کورد وەکو (مواترێکی) تورکی. ئەگەر ئەم مەسەلەیە ئەم ئاشتییە سەربگرێت، ئەم لێکتێنەگەیشتن و شەڕە کە چووەتە 30 یان 40 ساڵە درێژەی کێشاوە، ئەگەر بە ئاراستەی ئاشتی بچێت سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت و قووڵاییەکی سراتیژیی گەورە دەبێت بۆ باشوور.
باشوور دەبێت هەندێک تێگەیشتنی خۆی، بۆیە لەگەڵ جەناب باس دەکەم خەڵکی ئەو دەڤەرەی، تێگەیشتنی خۆی لەم مەسەلەیە کە تورک دوژمنە و شۆڤێنییە [دوور بخاتەوە]، ئەو شتانە ئەدەبیاتی سیاسی نین، ئەدەبیاتی کەسێکن کە ریسالەیەکی روونی نییە بۆ چارەسەری کێشە.
تورکیا دەوڵەتێکی گەورەیە، بەشێکە لە ناتۆ، بوونی هەیە لە ناوچەکە، رابردووی 600 ساڵی هەیە. ئێستا سەربازی لە لیبیا و لە قەتەر و لە فڵان و فڵان هەی،ە بە قسە چارەسەر نابێت ئەمە. ئێمە بەشەکەی خۆمان دەبێت باش بکەین، بەشەکەی خۆمان داوای بەشەکەی خۆمان ئەمە ئەرکی خۆمانە، ئێمە دەڵێین بۆچی بۆ نموونە وا روودەدا لە ناوچەی سلێمانی، بۆچی فڕۆکەخانە دادەخرێت، بۆچی ئەمانە باس دەکرێت، ئەویش قسەی خۆی هەیە دەڵێت لەبەر ئەوەی گوتمان وا و هیچ ناکەن، ئەوە وا، هیچ ناکەن، واتا ئەویش شتی خۆی هەیە. ئەمە بەڕاستی من پێم گوتوون ئێمە ناچینە ئەم وردەکارییە، چونکە نازانین ئەمە کاری هەواڵگری و دەزگاوی پەیوەندیداری خۆیەتی، ئێمە نازانین ئەم شتانە چەندەی وایە، بەڵام بەگشتی تۆ دەبێت حیسابی ئەوە بکەیت، لایەکی ئەم کوردستانە لە دەڤەری سەوزە، شەڕی هەیە لەگەڵ ئەولایە، نەخێر، کە شەڕ نییە، دەبێت باسی چارەسەری بکەین.
تەنانەت باسی پرسی کورد و چارەسەری پرسی کورد ئەوان بێگومان جیای دەکەنەوە لە مەسەلەی پەکەکە و حیزبی کرێکاران، ئەوە کێشەی ئەوانە، ئێمە نازانین ئەو بابەتە کاری ئێمە نییە، کاری ئێمە ئەوەیە کورد لە تورکیا مافی سەقافی، مافی سیاسی، مافی دوستووریی خۆی ببێت، ئێستا لە دەستووردا ناوی نییە، ماوەیەکە کە لە پەرلەماندا بوونی هەیە، لەبەر خراپ بەکارهێنان سەرکەوتوو نەبوون، ئەوە یەک یان دوو مانگە دەورێکی جوان دەبینن، دەکرا هەدەپە لە ساڵەکانی پێشوودا ئەوەیان کردبووایە، نەیکرد لەبەر ئەوە هەندێک شتمان هەیە، خوو دەگرین بە شتێکەوە هەڵەیە، گرنگ ئەوەیە کە بۆ چارەسەر بگەڕێین و حیسابی ئیمکاناتی خۆمان بکەین، ئیمکاناتی بەرامبەرەکەش هەروا. من وا تێدەگەم کە تورکیا کەوتووەتە سەر سکەیەکی باش ئەگەر هەموومان قسەی خێر بکەین، بۆیە لێرەوە داوا دەکەم لە هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەگەر لەنێوان خۆماندا کێشەیەکمان هەیە، بەڵام بە ئاراستەی رۆژئاوا، باکوور و رۆژهەڵات قسەی خێرمان ببێت، قسەی رێکخستنەوەی ناوماڵ ببێت قسەی ئارامکردنەوەی دۆخەکە ببێت، ئەوە گرنگە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی میللیی خۆمان و وەکو ئەرکێکی ئینسانی خۆمان.
پرسیار: 31 ساڵ تەمەنێکە بۆ حیزبێک ئەگەر ئەوەی پێشتریشی بخەینە سەر کە بە ناوێکی ترەوە بوون، 50 ساڵە، من ئەو ساڵە کە یەکگرتووی ئیسلامی راگەیێندرا نەوجەوان بووم، ئێستا خەریکە پیر دەبم، پرسیارەکەم ئەوەیە حیزبە ئیسلامییەکان بۆچی لە ماوەی ئەم هەموو ساڵەدا ناتوانن لە هەشت کورسی زیاتر بهێننەوە، هۆکارەکەی چییە ئەگەر بیانووکەتان ئەوەیە یەکێتی و پارتی هێزێکی بەهێزن، چەکداریان هەیە، ئەی مانەوەی ئێوە چ گرنگییەکی هەیە لە پڕۆسەی سیاسیدا؟
باشتر نییە وەکو بزووتنەوەی خزمەت لە تورکیا، بزوتنەوەیەکی خزمەت بۆ چاکسازیی حاڵی خەڵک پێکبهێنن، ئەمە باشتر نابێت بۆ ئێوە؟ ئەگەر پرۆسەی سیاسی بەم شێوەیە کە ئێوە ناتوانن گۆڕانکاری تێدا بکەن، بوونی ئێوە چی گرنگییەکی هەیە؟
سەلاحەدین بەهائەدین: بێگومان مادام ئێمە حیزبێکی سیاسین، ئەم رەوتە سستە چییە، دەتوانین بڵێین دوو بەشە، بەشێکی پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە، تەکنیکمان دەستکاری بکەین، هەندێک پلانمان بگۆڕین، هەندێکیشی پەیوەندی بە دەوروبەر و موحیتەکەمان هەیە، موحیتەکەمان چەندە لەبارە کە تۆ رکابەری بیت، ئێمە لەبەر ئەوەی ناکە زام بکولێنمەوە، بەڵام وەکو مێژوو دەڵێم، بزووتنەوەی ئیسلامی خۆ پیاوێکی وەکو مامۆستا مەلا عوسمان دەرەجەی عالی بێت، پیاوێکی زۆر دیاری ناوچەکە بوو، دەبووایە کێشەی بۆ دروست نەبێت، بەڵام چونکە مەترسیی ئەوە بوو داهاتووی رەنگە ساحەکە بەشێوەیەک، جەماوەرەکە بە شێوەیەک، خەڵکەکە بە شێوەیەک بەرەو خۆی ببات، کێشە دروست بوو بە شێوەی جۆراوجۆر تا گەیشتە چەکداری و شەڕ، گەیشتە خوێن.
ئەم سەلیقە رادیکاڵییە کوردییە مانیعی نییە خۆ ئێمە دیومانە خۆمان، خۆمان ئەم یەکگرتووە بەم حاڵەوە خۆمان دیوە لە خوێندا، راستە ئێمە چەکدارمان نەبووە، بەڵام خەڵکەکە چەکداری بووە، خەڵکەکە تاقەتی نییە دەنگم بۆ بدات، ئێستا دێت شەڕم بۆ دەکات؟ ئێمە دەزانین واقیعەکە چۆنە دەزانین ئەم ئالییەتەی هەڵبژاردنە بەشێکە لە ناچاری ئەوە نییە ئاواتی بێت، واتا لەمە باشتر ئێستا تۆ دەمی هەر کەسێک دەکەیتەوە دژە بە پارتی و یەکێتی، ئێ باشە پارتی و یەکێتی لە کوێوە بوونە یەکەم، واتای وایە دەنگی هەیە، چۆن ئەم دەنگدانە پەیدا بوو، هەمووی بە زۆر؟ هەندێکی ساختەیە، بڵێن ئەوە هەندێکی ساختەیە، بەڵام هەندێکی نەخێر، مەسیری بەستراوە، بەرژەوەندی بەستراوە بەو حیزبەوە، ئێمە بەرژەوەندیی خەڵکمان پێوە نەبەستراوە، ئێمە وەکو ئیسلامییەکان واتا بەگشتی کەس بەرژەوەندی بەڵکو بە پێچەوانەوە بەرژەوەندی دەکەوێتە مەترسییەوە کاتێک لەگەڵ ئێمە دەبێت، ئێستا بتەوێت بۆنموونە کۆمپانیایەک دابنێیت، ئەگەر یەکگرتوو بیت، زۆر دۆخەکە خراپە، ئێ ناچار دەبیت، هەر لە دوورەوە ئەگەر خۆشت لە دەستت دەرچووە، یەکگرتوو بیت، نەهێڵیت کوڕەکەت یەکگرتوو بێت بۆ ئەوەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی تووش نەبێت، ئەمەیە گرفتەکە.
واتا لێرە بوونێکی ئیسلامی هەیە، بەڵام بوونێکی سیاسیی ئیسلامی زۆر رێگەپێدراو نییە، بەو شێوە تاوەکو رادەیەک رێگەپێدراوە، دەرفەت ئەوەندە بڤەی تێدا نەبێت، ئەوەندە کە زرووفی سیاسی موحیت لەبار بێت، بەڵام لەوە بترازێت، هەم ئێمە دەبێت ئیمکاناتی خۆمان بزانین کە چەندە دەتوانین، هەم بەرامبەرەکەش بزانین، ئەمەش تا قیامەت نابێت، دونیا زۆری ماوە، لە هەموو حاڵەتەکاندا ئێمە لە بەختی خۆمان زۆر بە گلەیی نین.
پرسیار: واتا چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئەو دەرفەتەی کە بۆ جۆلانی هاتە پێش بۆ ئێوەش بێتە پێش؟
سەلاحەدین بەهائەدین: نازانم چۆن بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە کاری خۆمان دەکەین ئەو کارەمان پێ نەکرا دەچین شتێکی تر دەکەین، ئەوەی شتێکی تر هەزار جۆر هەیە، هەر لە قورئان لەبەرکردنەوە کار دەکەین تا جووق و مۆسیقا. خەریکین.
پرسیار: دوو پرسیارم هەیە. یەکەم؛ ئێوە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنن بۆچی دەنگی ناڕازیی خەڵک نین، بۆ نموونە ئێستا لە سلێمانی خۆپیشاندان و مانگرتن هەیە، ئێوە حیزبێکن بەپێی ئەو زانیارییانەی کە هەیە نزیکەی 35 هەزار لایەنگر و کادر و ئەندامتان هەیە، بۆچی نەتانتوانیوە خەڵکی خۆتان ئاراستە بکەن بۆ سەر شەقام، بۆ ئەوەی ناڕەزایی دەرببڕن و داوای داواکارییەکانیان بکەن.
دووەم؛ من سەرەتا سێ هەڵوێست بیری بەڕێزتان دەخەمەوە کە ئەمە وای کردووە تێبینی لەسەر هەڵوێستی ئێوە هەبێت، وەک یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، یەکەم لە ساڵی 2014 لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سلێمانی ژمارەی کورسییەکانی ئێوە لەگەڵ ژمارەی کورسییەکانی گۆڕان دەیتوانی پۆستە لۆکاڵییەکانی پارێزگای سلێمانی یەکلایی بکاتەوە، بەبێ ئەوەی یەکێتی بەشدار بێت و پێچەوانەشەوە لەگەڵ یەکێتی دەتانتوانی بەشدار بن و بەبێ گۆڕان، بەڵام لەوێشدا هەڵوێستەکە لەسەر ئێوە بوو یەکلایی نەبۆوە، نەتانتوانی بەشداری بکەن. هەڵوێستی دووەم لە ساڵی 2015 کە ماوەی ویلایەتی بەڕێز کاک مەسعود بارزانی ئەو کات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، ئێوە 10 پەرلەمەنتارتان هەبوو، لە کاتی هەموارکردنەوەی یاسای ویلایەتی سەرۆکایەتیی هەرێم پێنج ئەندامتان چووە ژوورە و پێنجتان نەچوو، ئەگەر هەر 10 ئەندام پەرلەمانەکەی ئێوە چووبانە ژوورەوە، ئەو کات دەنگ بدرایە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، دووبارە هەڵوێستێکی دیکە دەبوو و یاسایەکە هەموار دەکرایەوە و بەڕێز مەسعود بارزانی جارێکی دیکە نەدەبووە بە سەروەکی هەرێمی کوردستان.
سێیەمیش؛ ئێوە وەکو یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەشداریی ریفراندۆمیشتان کرد کە ئەمەش وای کرد لە دوای ریفراندۆمەوە بەشێک لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو خراپبوون بچێت، بۆیە من دەمەوێت لێرە پرسیارەکەم ئەوە بکەم ئێوە وەکو یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆچی هەڵوێسەکانتان ئاوایە و جێی تێبینییە؟
سەلاحەدین بەهائەدین: دەستخۆش. ئێمە وابزانم لە سەرەتاوە باسم کرد کە ئێمە جیاوازین، حەزمان لێ نییە چاو لە کەس بکەین، ئێمە قەناعەتمان وایە کە ئەم سیستەمی حکومڕانییە بڕووخێت بڕووخێت، نەڕووخێت نەڕوخێت چاک نابێت، ریشەییە، ئەمڕۆ فڵان کەس لە حیزبێکدا هەموو دەسەڵاتەکانی لە دەستدا بووە، هیچی نەکردووە، بەڵکو ئەو بەشێک بوە لە ستەم، ئێستا کە دەچێتە شوێنێکی تر، لێم دەبێتە مارتین لۆتەر، ئەمە هەڵەیە. تۆ خۆت نەبینی، من تۆ دەبینم و لە ئەنجامدا ناگەینە ئاکام، ناتوانم من بڕوا بکەم ئێمە دەزانین کە ئەوەی کە تەحەکوم دەکات لەم پەیوەندییانە، لەم هێزانەی کە هەیە. بەرژەوەندی بەژەوەندیی ناوخۆیی و دەرەکییە.
ئێمەش بەرژەوەندیی کەس تەحکیم ناکەین، بەرژەوەندیی زلهێزە هەرێمییەکانە، هەر کەس هەیە، ئیستا ئێمە بەینمان لەگەڵ تورکیا خۆشە واتای وا نییە شتیان بۆ دەکەین یان شتمان بۆ دەکەن، چونکە ئەوان دەزانن ئێمە دەزانین ئەوان چیان دەوێت ئێمەش ئەوەی ئەوانمان پێ ناکرێت، بەڵام قسەی خێر ئەگەر بیستیان دەکەین، نەیانویست، تەواو. ئێمە لێرە وا تێگەیشتووین کە ئەم تەجەمهورە کە گەرم دەکرێت لەسەر شتێک، و قورمیش دەکرێت و دواتریش دەقۆزرێتەوە بۆ شتێکی تر بڕامان بەوە نییە بچینە ناو شتی وا.
بە نیسبەت پارێزگاوە، من بێگومان ئەو وەختە لە کاردا نەبووم وابزانم، 2014 بوو، بەڵام ئەوەندەی کە بیستوومە قەناعەتیان وابووە کە ئەو پارێزگایە بە گرتنە دەستی گۆڕان و دوورخستنەوەی یەکێتی دەبێتە پشێوییەک دەبێتە کێشەیەک و خراپی لێ دەقەومێت، قەناعەتیان وابووە ئێمە کاتێک خێرمان پێ ناکرێت، نابێت بەشداری شەڕ بین، لەبەر ئەوە گوتوویانە کاکە ئێمە ناچینە ناو ئەم بابەتە خۆتان پارتی وەرن رێکبکەون، خۆتان بیکەن ئێمە نایکەین، نەچوونە ناو ئەو بابەتە، رایان وابووە کە بە گۆڕان ناکرێت ئەو باباتە، واتا تەڵەیەکە دەتەقێتەوە بەسەر میللەتەکەدا، ئەو وەختە وابووە، قەناعەتەکە وابوو.
بە نیسبەت ئەوەی سەرۆکی هەرێم لە راستیدا من لەبیرمە وتارێکیشم نووسی لەو کاتەدا کە تکایەکی برایانە، ئەگەر لەبیرتان بێت، لە شوێنێک ناردم بۆیان کە چارەسەری ئەو بابەتە سەرۆک گۆڕین، سەرۆکی هەرێم گۆڕین بەو شێوە هەڵەیە، هەر لە سەرۆکی پەرلەمانەوە تووشی هەڵە بوو تا ئەوەی لە پشتی سەرۆکی هەرێم دەستی برد بۆ بابەتێک کە بابەتێکی هەستیارە زۆر 100 ساڵ تەمەنیەتی، تۆ بەو گاڵتەیە ناکرێت، بە خۆشی مومکینە هەموو شت دەکرێت، بەڵام بە ناخۆشی و بە ناوی یاسا، ئەو فەرتەنەیە کە روویدا، دواتر خۆ روونە من وا تێدەگەم برایانی ئەو کاتە کاربەدەستانی یەکگرتوویش هەر رایان وا بووە، وا تێگەیشتوون ئەم پرسە قورسە و بەو شێوەیە ناکرێت.
جا وردەکاریی تەکنیکییەکەی نازانم چۆن بووە، وابزانم شەو دانیشتنێکیان بووە لەگەڵ ئەمریکا و لەگەڵ یووئێن و ئەوانە، بڕیار بووە ئەو دانیشتنە دوابخرێت، ئیتر هەموو کەس چووەتەوە بۆ ماڵی خۆی وایانزانی وا دەکرێت، دواتر وا نەکراوە، نازانم چۆن بووە. بە کورتی چارەسەری گۆڕانکاری لە سەرۆکی هەرێمدا بەو شێوەیە هەڵە بووە، هەڵە هەڵەی لێ پەیدا دەبێت، ئێمەش تووشی هەڵە بووین یەکی دیکەیش تووش بووە، بێگومان وایە، بەڵام لە ئەنجامدا ئەو بابەتە زۆر هەستیارە، کەسێک کە خۆی بە سەرکردەی میللەتێک دەزانێت خۆی قبووڵی سەرۆکی هەرێمی کردووە و دەزانێت پیاوەتی لەگەڵ تۆ کردووە، تۆ ئێستا بە زۆر بە زەبری یاسا دەتەوێت دووری بخەیتەوە، قورس دەبێت و ئەنجامی ئەوە بوو کە بینیمان، لەبەر ئەوە قەناعەتیان وابوو ئەو کارە بەو شێوەیە ناکرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا وردەکارییەکی هەیە من ئاگام لە وردەکارییەکەی نییە، وابزانم ئەوەیە کە بڕیار بووە ئەو دانیشتنە نەکرێت، بەڵام دواتر کراوە. خەڵکی ئێمە هەندێکیان لەوێ بوون، هەندێکیان لەوێ نەبوون، ئەوانەی تر کە چوونەتەوە لەوێ نەبوون وا هەژمار کراوە کە بڵاوەیان (تەوزیع) کردووە، بەڵام لە واقیعدا بەڵاوەکردن نەبوو. لە ئەنجامدا ئێمە لەگەڵ هیچ هەنگاوێکدا نین ئێستاش، کاتێکی دیکەیش، کە پشێوی دروست بکات، کە هەنگاوی حیزبێک بێت بۆ لێدانی حیزبێکی تر، ببینە ئامڕازی لێدانی حیزبێکی تر بە دەستی ئێمە، شتی وا ناکەین، ئەوە بەشدارییە لە شەڕی ناوخۆ.
بە شێوەیەکی تر پرسی ریفراندۆم بابەتێک بوو من بۆخۆم قەناعەتم پێی بوو، ئێستا رەنگە هەندێک خۆیان پەشیمان بوونەوە، بەڵام من پەشیمان نیم، من لەگەڵ تورکەکان ئەو کاتەش چووم، گەنگەشەم کرد، عاجزم کردن، کە باشە میللەتێک خۆی داوای راپرسی دەکات، من دەڵێم دەمەوێت جیا ببمەوە، دەی بڵێ جیا مەبەوە، خۆ گوناحمان نەکردووە کۆ بڵێیت من دەمەوێت ببم، من قەناعەتم وابوو کە راپرسی شتێکی سروشتییە، نەشبێت هەر سرووشتییە، بەڵام دیار بوو پیلانێک لە ئارادا بوو، هەم لە بەغداوە پیلانەکە بوو، هەم خزمانی پشتیان هەڵکردبوو لە قسەکە، لەوە دەچێت زووتر بەڵێنێکیان دابێت، دواتر پەشیمان ببوونەوە، نازانم چۆنە وردەکارییەکەی، بەڵام لە راستیدا ریفراندۆم شتێکی هەڵە نەبوو، بەس پیلانێک پێچرا بە باسی رێفراندۆمەوە کە کرایە هەڵە و کرایە رەمزی شکست و ئەوانە، بەڵام لە واقیعدا وا نییە، میللەتێک داوا دەکات دەڵێت، من دەمەوێت ماڵجیایی بکەم، بۆت هەیە، پرسیارێکە، ویستێکە، یان دەڵێیت نەخێر نابێت، یان دەڵێیت دەبێت، ئەوە شتێکە هەم لە بەغداوە دەبێت رەزامەندی لەسەر بدرێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت رەزامەند بێت. ئیتر ئەو شتە بکەینە رەمزی شکست و رەمزی هەڵە، وانییە بەڕاستی.
ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە من تاوەکو کۆتا قۆناخ لەگەڵ ریفراندۆم بووم، چووم دەنگم دا، چووم وەستام لەگەڵ کاک مەسعود لە لە هەولێر، چووم بۆ تورکیاش بەرگریم کرد، هاتمەوە لە دهۆک ئەگەر لەبیرتان بێت لە دهۆک کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیم کرد و گوتم رێفراندۆم دوای ئەوەی کە دابڕان دروست ببوو لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، گوتم ئێمە یەکێک بڵێت من با ببم، ئەمە کەی هەڵە، هەر هاووڵاتییەک بۆی هەیە ئەوە بکات، هەر میللەتێک بۆی هەیە ئەوە بکات، وەڵامی چۆن دەدەیتەوە ئەوە کێشەی خۆتە، بەڵام تۆ مەنعی کەی لە من، سزام بدەیت لەسەری. لەبەر ئەوە بە مەسەلەی ریفراندۆن هەندێک جیاوازە لەو شتانەی تر، چونکە ریفراندۆم مەسەلەیەکی حیزبی نییە مەسەلەیەکی میللییە ئێمە لەگەڵ مەسەلەی نەتەوەیی میللی و نیشتمانییەکاندا رێکین، میللی، نیشتمانی، نەتەوەیی.
پرسیار: بە رای ئێوە کێشەیەکی کورد بە ناوی پەکەکە هەیە یان نا؟ پرسیاری دووەم؛ داهاتووی حەشدی شەعبی چۆن دەبینن لە عێراق؟
سەلاحەدین بەهائەدین: هەر لە سەرەتاوە ئێمە لە یەکگرتوودا قەناعەتێکمان هەیە دووبارەی دەکەمەوە ئێستا، کە مەسەلەی کورد لەگەڵ بزاڤی کوردی جیاوازە، دوو شتی جیان، مەسەلەی کورد مەسەلەیەکی دادپەروەرایەنە، پرسێکی دادپەروەرانەیە، میللەتێک هەیە 45 ملیۆن کەسە، بکیانی سیاسی نییە و بە دەستی ئەو زلهێزانە کاتی خۆی دابەش کراوە بەسەر ئەم وڵاتانەدا، ئەم مافە پێی دەڵێن (تەقادومی زەمەن) واتا لەگەڵ کاتدا ئەم مافە نافەوتێت، ئەم میللەتە دەبێت ئەم مافەی خۆی پێ بدرێت، مافەکەی خۆی پێبدرێت من ناڵێم پشێوییەک دروست بکەین، هەموو ئاگر بەربێتە ناوچەکە، هەر پارچەیەک لە وڵاتەکەی خۆی رێککەوتن بکەن لەگەڵ حکومەت و دەوڵەتی خۆی، بە چی داڕشتەیەک، ئەوە لە عێراقدا گەیشتنە فیدراڵی لەوانەیە لە سووریا بە شێوەیەکی دیکە بێت، بەڵام ئەوەی کە دان بەو مافە دانەنرێت، ئەم میللەتە حیسابی بۆ نەکرێت، کورد بە تورک بناسێت، ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، هەڵەیەکی ئەخلاقییە شتێکی نامەنتیقییە. کورد کوردە، تورک نییە، میللەتێکی ترە، کورد عەرەب نییە و کورد هەڵەی نییە، خەڵکی خوایە، هەڵەی نییە کە کورد بێت، تاوەکو تۆ بڵێیت وەڵا پەشیمان بێتەوە لە مافی خۆی. ئەمە باسی پرسی کوردی پرسێکی داپەروەرانە 100ساڵە لەوبارەوە کێشەی هەیە، ئەوە تەواو.
خاڵی دووەم تەواوکەری ئەوەیە بەڵام روونکردنەوەیەکی ترە، باسی بزاڤی کوردییە یان ئەو هێزە سیاسییانەی کە لەسەر پرسی کوردی دروست بوون و داکۆکی دەکەن رێک یان نا رێک، دروست یان نادروست، پیاوانە یان ناپیاوانە هەیە، ئەو بەزمە هەیە، دەیکاتە نان و پیاز، بەسەرەوە خوا هەیە، کردوویەتە دووکان، لە ساڵێکدا خزمەتێکی کردووە، 20ساڵ دەیخوات بەسەری و هێشتا کۆڵ نادا، ئەم بزاڤە کەی وەکو ئەو جوانییەی پرسەکەیە.
پرسەکە جوانە، بەڵام ئەم بزاڤە جوان نییە، ئینجا ئەمە بەڕێزانی پەکەکە دەگرێتەوە و هەر حیزبێکی تر پارتی، یەکێتی هەر کەسی تریش دەگرێتەوە. یانی چی یانی دەبێت ئەوانە بە جیا ماف و حیسابیان لەگەڵ بکەیت، هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەیت، حیزبەکە جیایە لە پرسەکە.
پرسەکە حەقە، حیزبەکە دەکرێت ناحەقی بکات، دەکرێت هەڵە بکات، دەکرێت پرسەکە بفرۆشێت، جاری وا هەیە رێککەوتووە، دەکرێت نەزانکاری بکات واتا هەر نیازی باش بێت، بەڵام نەزانێت کارەکەی بکات. پەکەکە ئێستا باسەکە باسی ئەوەت کرد، وانییە پەکەکە وەکو هەر بزووتنەوەیەکی کوردیی دیکە مەحکومە بەم هاوکێشەیە، یانی دەکرێت هەڵەی ببێت،دەکرێت حەقی پێ بێت، دەکرێت لەو پرسە حەق بێت، لەو پردسە ناحەق بێت. هەموو گیانی بکەیتە یەک کۆتلە لە جەهەننەم ئەوە وا نابێت، کۆمەڵێک ئینسانن خەڵکی دڵسۆزی تێدایە، خەڵکی خراپیشی تێدایە. بەڵام ئەمە نابێت لەبەر خاتری ئەوەی رق لەو کەسە، پرسەکە بکەیتە سفر، هەڵەکە لێرەیە، ئەمە هەڵەیە، نابێت لەبەر خاتری ئەوەی کە حەزت لەو کەسە نییە بۆ نموونە پارتی خۆشناوێت، ئیتر پرسی کوردی یا هەر شتێک کە پارتی دەیەڵێت، رەتی بکاتەوە، یان یەکێتی خۆش ناوێت، یەکێتی هەڵەی هەیە، تۆ هەموو شتەکە زەربی سفر بکەیت، ئەمە نابێت، کار وا ناکرێت، دەبێت جیا بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی کە من پێم گوتوون نەک بڵێیت، ئێستا لێرە دەیەڵێم، پێم گوتوون بە بەرپرسانی تورکیا، ئێوە ئەگەر دەتانەوێت بەڕە لە ژێر پێی پەکەکە دەربێنن، ناڵێن تیرۆریستە، فەرموو مافی کورد بدەن هەموو ئەو شتانەی کە ئەوان دەڵێن بێبەشی هەیە، بێنن بیدەن، با ئەو قسەی نەمێنێت تەواو.
بێن لەگەڵ میللەتەکە ئاشتی بکەن، بێن رێکبکەون، بێن ئەو شتانەی کە ئەو بڵێین داوایەکە، تۆ ئەوەی بۆ بکە، تۆ بە بۆنەی پەکەکەوە کوردیش سفر بکەیت، نابێت هەڵەیە. لەبەر ئەوە من وا دەزانم ئێستا بە ئاراستەیەکی راست رۆشتووە و کار دەکەن، ئەوە باسی ئاشتییە، شتێکی گرنگە، ئاشتەواییە، بەڕاستی ئاشتەوایی یانی رێککەوتن، ئەوەی کە دەیکەن ئاشتەواییە واتا ئاشت دەبنەوە لەگەڵ یەکدی، شتێکی گرنگە، بۆ نموونە ئەو حیزبی دەم پارتییە چوو گەڕا بەسەر هەموو حیزبەکاندا شتێکی گرنگە، ئەوکات وا نەبووە، ئەوکات کەسێک مەرحەبایی هەدەپەی بکردبووایە یا دەم پارتی، لێپرسینەوەیان لێ دەکرد.
ئەم ئاشتەواییە شتێکی گرنگە سەرەتاکەی باشە، هەنگاوێکی باشە، بۆنموونە سەردانی ئۆجەلان شتێکی باشە. وەرگرتنی قسە و گفتوگۆ لەگەڵی چونکە ئەو خەبیرەیە و دەزانێت کارەکان چۆنە، بەو شێوەیە یانی هەنگاوەکان باشن و ئومێد وایە کە باش بێت ئینشائەڵڵا بەرەوە باشی دەچێت.
کورد میللەتێکی 45 ملیۆنییە، سفر نابێت، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوانەیە ساڵێک بەکارمان بێنن ساڵێکی تر بمانکوژن، ساڵێکی تر دەرمان بکەن، با سەددام کیمیابارانمان بکات، رۆژێکی تر شتێکی تر بکات، بەڵام میللەتەکە نافەوتێت، ئەوە غەززە دوو ملیۆن و نیو بوون، 50 هەزاریان شەهید بووە، دوو ملیۆن و نیو 50 هەزاری لێ دەربکە، چەندی دەمێنێت، زۆری ماوە، تەواو نابێت، میللەت تەواو نابێت، لەبەر ئەوە ئەوەی کە بیەوێت میللەت سفر بکات، میللەتێک سفر بکات، هەڵە دەکات.
کورد رۆڵی دەبێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەتوانین بڵێین سیاسییەکانی کورد کە ئێمە دەگرێتەوە، ئەهلین بۆ ئەوەی کە سەرکردایەتیی کورد بکەین، ئەگەرنا کورد دەرفەتی هەیە و ئەم گۆرانکارییانە دەکرێت نەرێنی بن، بەڵام دەکرێت ئەرێنیس بن.
حەشدی شەعبی هێزێکی میلیشیاییە دروستکراوە لە زرووفی داعشدا بێگومان دروستکرا بە فەتوای ئایەتوڵڵا سیستانی. دواتر کە زانیان خۆشە و ئەم هەموو چەکدارە و ئەوانە، کردیانە فەرمی، لە پەرلەمان فەرمیان کردووە، ئێستا بەشێکە لە هێزی بەرگریی عێراقی. بەڵام بەوەش تێریان نەخواردووە، کۆمەڵێک گروپی دیکە هەن، ئەوانە وێرانن، حەشدی شەعبی ئێستا تۆزێک سەربازییە، سەرەوبەرەیەکی هەیە، بەڵام ئەوانی تر، زۆر بێ حیسابن، ئەوانە سەری عێراق دەخۆن، زۆر خراپە، دەبێت ئەوانە کۆنترۆڵ بکرێن، ئێرانیش ئەوە دەزانێت، قیادەی عێراقیش ئەوە دەزانێت کە ئەوە زۆر خراپە ئەو گروپانە لە خۆیانەوە تەقە دەکەن لە ئیسرائیل و تەقە دەکەن لە فڵان و مووشەکێکی هەیە دەیتەقێنێت، دەنگ و باسێک دروست دەکات، ئەوە پشێوییە، خراپە، ئەوە بۆ عێراق زۆر خراپە، بۆ ئێرانیش خراپە، چونکە وا دەناسرێن کە ئەوانە سەر بە ئێران. لەبەر ئەوە بەرپرسانی ئێرانی پێم وایە ئەوەی درک کردووە کە ئەوانە ئەو جووڵە هەڵەیەیان نەبێت.
پرسیار: سەبارەت بە دۆسیەی نێوخۆیی واتا دۆخی نێوخۆی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئێستا جەنابتان دوای ئەوەی کە زیاتر لە 26 ساڵە ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانن، واتا 31 ساڵە تەنیا لە خولێکدا ئەمیندار نەبوویت، دەگوترێت لە کۆنگرەی نۆی یەکگرتوودا هەندێک کێشە سەری هەڵدا، ئەو دوو بەڕێزە مامۆستا ئەبوبەکر کاروانی و مامۆستا ئەبوبەکر هەڵەدنی رێگەیان پێنەدرا بەشداری لە کۆنگرەدا بکەن، دەگوترێت ئەمە پەیوەندی بە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی یەکگرتووەوە هەیە و لەسەر داوا و خواستی مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین ئەم دوو بەڕێزە رێگریان لێکراوە، تاوەکو چەند ئەم زانیارییە راستە و ئەگەر راستە بۆچی کراوە؟
دووەم؛ ئێوە هێزێکی ئیسلامین، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زەوینەی گەشەکردنی هێزە ئیسلامییەکان هەیە، بۆچی تاوەکو ئێستا گەشەیەکی ئەوتۆتان نەکردووە؟
سێیەم؛ سەبارەت بە پەیوەندییەکانی یەکگرتوو لەگەڵ تورکیا جەنابت زۆر جەختت لەوە کردەوە کە پەیوەندیی باشتان لەگەڵ تورکیادا هەیە، بۆ هێزێکی ئیسلامی نەنگی نییە لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی باشی هەبێت لەکاتێکدا بەردەوام هاووڵاتیی کورد شەهید دەکات؟ هەروەها ئێوە بەردەوام بەرامبەر یەکێتی و پارتی و هێزە دەسەڵاتدارەکان باسی شەفافییەت دەکەن، منیش پرسیارێک لە بابەتی پاڵپشتییە داراییەکانی یەکگرتوو دەکەم، ئەو سەرچاوەیە لە کوێوە دابین دەکرێت؟ ئەم پرسیارەش بۆیە دەکەم، بەڕێز کاک محەممەدی حاجی مەحموود لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، ئەوکاتەی کە لەگەڵ یەکگرتوو و هەندێک حیزبی دیکەدا لیستی هاوبەشمان هەبووە، بۆ هەڵبژاردن پاڵپشتیی داراییان لە ئێران وەرگرتووە. باسیش لەوە دەکرێت کە بەتایبەتی تورکیا پاڵپشتیی دارایی لە یەکگرتووی ئیسلامی دەکات.
سەلاحەدین بەهائەدین: زۆر باشە، وەڵڵا حیکایەتی لە ساڵی 2009ـوە تاوەکو ئێستات کرد. دەستت خۆش بێت، باسێکت کرد کە بەرێزان بەریان نەکەوت، یان بیریان نەبوو یان رەحمیان پێکردم، بێگومان هەر حیزبێک کۆمەڵە خەڵکێکە، خەڵکیش کە پێکەوە ژیان، بەریەککەوتن دەبێت و قسەی جیاواز دەبێت، هەر حیزبێکیش زیندوو بێت، دەبێت جیاوازی ببێت. جۆری جیاوازییەکە لەسەر چییە، ئایا لەسەر پارەیە، گرد و شتە یان لەسەر بابەتێکی فکرییە، کۆنگرەکانی یەکگرتوو بە ئارامی تێپەڕیون، ئەوە روونە، بە نیسبەت ئەمجارە کە فەرمووت، کاک ئەبوبەکر کاروانی و ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەو دوو بەڕێزە نەهاتن، ئایا من گوتوومە؟ نەخێر؛ ئەو بەڕێزانە خۆیان لە کۆنگرەی هەشتەوە تاوەکو تەواو بوو، بەشداریی هیچ دامەزراوەیەکی حیزبییان نەکردبوو، دابڕانێک دروست ببوو، وەکو بڵێیت تۆرانێک بێت، کاک ئەبوبەکر کاروانی دەرنەچووبوو، رکابەری من بوو لە هەڵبژاردنەکە بۆ ئەمینداری گشتی، دەرنەچوو، نیگەران بوو. کاک هەڵەدنیش هەندێک شتی دیکەی لە پەرلەمان و ئەوانە هەبوو، نیگەرانی هەبوو، هەردووکیان بێگومان دوو شتی جیاوازن، دوو برای بەڕێزن و لێهاتووشن، بەڵام خۆیان گوتبوویان نایەین بۆ کۆنگرە، دواتر ئێمە لە ریزی لیستی ئەندامانی کۆنگرە گوتمان ئەوانە نایەن؛ نایەن بە واتای ئەوە نا کە نەیەن، بەڵکو وەکو هەواڵ، واتا نایەن. دواتر وا گەیشتبووەوە کە ئەوان رێگریان لێکراوە و قسەیان کرد و گوتیان رێگە نادەن بچین، ئێمە روونکردنەوەمان دا و گوتمان نەخێر هەموو کراوەیە هەر کەس بێت، بێگومان دوو یان سێ برای دیکەیش بوون، ئەوانیش هەر دابڕابوون. لە ئەنجامدا خۆ هەر نەهاتن، ئەوە لایەک، لایەکی دیکە ئەم دوو بەڕێزە هەردوو برای لێهاتوو و دێرینی یەکگرتوو و قیادەی یەکگرتوون، بەڵام جیاوازیی بۆچوونمان هەیە لەگەڵ یەکدی، من بەتایبەتی و هەموو مەنهەجی یەکگرتوو لەسەر هەندێک خاڵی فکرییە زیاتر، ئەو بە شێوەیەک دەڕوانێتە فڵان بابەت، ئەو بە شێوەیەکی دیکە، لە ئەنجامدا ئێستا وای لێ دەرچووە کە وەکو لە دەرەوەی حیزب بن وایە، بەڵام ئەوان ئەندامی حیزبن و پڕۆسەی ئاشتکردنەوەش هەر بەڕێوەیە و ئەوە رێگر نییە لەوەی کە ئەمڕۆ ئەوە، سبەی یەکی دیکە بێت، دوو سبەی من بم، دوو سێ سبەی یەکی دیکە بێت، چونکە حیزبە، بێگومان تۆران و نیگەرانی و هەندێک شت روودەدات.
لەسەر من کە بۆچی زۆر ماومەتەوە؟ زۆر ماومەتەوە خۆشم دەزانم وایە، بەڵام ئەمجارە هەر بە جدی ویستم [بکشێمەوە] کە ماوەشم تەواو ببوو، ئەوەی دانرابوو دوو خول، بەڵام دیارە وایان زانیبوو رێکخستنەکان کۆنفرانس و شتیان کرد، ئەو بڕگەیان لادا کە دوو خول تەواو بکات، من هەر خۆم ئەوەم نەکرد، گوتم بە هەرحاڵ ئەوە با هەر زیاد بێت رەنگە، چونکە من زیادم کردبوو کاتی خۆی لە 2016، بەڵام کە گەیشتە نزیکی کۆنگرە لە سەرکردایەتیدا، بە کۆی دەنگ گوتیان ئێمە ئەم بڕگەمان بۆ تۆ لابردووە و مەبەستمانە کە تۆ بگەڕێیتەوە گۆڕەپانەکە و زرووفەکە. ئەم دەورەش بە دەممانەوە وەرە.
ئەوە واتای وا نییە کە سەرکردایەتیی یەکگرتوو کەسی تێدا نییە، بە پێچەوانەوە لە زۆرییان لەوانەیە بڵێیت، ئەوەندە زۆرن، هەموو لە یەک ئاستدان، بەنیسبەت منەوە هەندێک مێژووە و هەندێکیش پیاوەتیی خۆیانە، وا دەزانن من شتێکم پێدەکرێت. لە هەموو حاڵەتەکاندا لە یەکگرتوودا زۆرکردن و خۆسەپاندن نییە، بە نیسبەت گەشەنەکردن من وا دەزانم پێوانەی گەشەکردن نابێت هەمووی قەتیس بکەین لە پرسی سیاسی و پۆستی پەرلەمانی و ئەمانە.
بوونی ئیسلامی، رابوونی ئیسلامی بە ئێمەوە و بە برایانی تری ئیسلامییەوە، دەزانیت چەندە، تۆ بچۆ بۆ پێشانگەی کتێبەکان سەیر بکە، بچوو مزگەوتەکان سەیر بکە، بچپ چالاکیی ئیسلامی لە کوردستاندا سەیر بکە، دەتوانیت بڵێیت لە شوێنەکانی دیکە لەپێشترە، واتای وایە گەشەی ئیسلامی هەیە، گەشەی حیزبی یەکگرتوو کەمە بەشە سیاسییەکەی، هەر خۆمان هەر زۆر ئەوەندە خوازیار نین، لەبەر ئەوەی پێشتریش ئاماژەم پێدا، زرووف دەخوێنیتەوە، توانای تۆ و توانای بەرامبەرەکان، کابرا 100 ساڵە دەیەوێت بیکاتە 150 ساڵ، پێویست ناکات خۆت ماندوو بکەیت. لە ئەنجامدا ئێمە ئیسلامی هەر قەتیس ناکەین لە بەشە سیاسییەکەیدا، کاری حیزبیی ئیسلامی بریتییە لە پەروەردەی مرۆڤ، لە چاکسازیی کۆمەڵگە، لە چالاکیی جۆراوجۆری پەروەردەیی، بانگەشە و ئەمانە. سوپاس بۆ خوا لە کوردستاندا پێشکەوتنێکی باشی هەیە، ئێمەش بەشمان هەیە، تۆ سەیری خێرخوازی بکە، لە غەززە ئێستا خەڵکی ئێمە لەوێ بوونی هەیە، ئاڵای کوردستانی هەڵواسیوە و ناوی خێرخوازی کوردی هەڵواسیوە، ئەوە بە سەرکەوتن دەزانین، لەوانەیە لە پێوەرەکانی حیزبێکی سیاسیدا ئەوە بە شت نەزانرێت، بەڵام لای ئێمە ئەوە سەرکەوتنە. لەبەر ئەوە گەشەی ئیسلامی باشە، گەشەی سیاسیی ئیسلامی لاوازە، لەبەر ئەوەی هۆکاری دیکە هەیە، ئێمە وێستگەکانمان نەقۆزتووەتەوە بۆ بەرەوپێشچوون و بە جورئەت بڕیار بدەین، هەر ئەوەیە کە ئاماژەم دا، ئێمە حەز ناکەین ببینە بەشێک، دەزانین ئەوە بەش بکەیت، دەتکاتە بەشێک لە شەڕ، ئێمە بڕوامان بە شەڕەکە نییە لە بنەڕەتدا، بڕوامان بە سیستەمەکە نییە کە ئەم سیستەمە دادپەروەرە، حوکمی رەشیدە، دەتوانێت حوکمڕانی ئەم میللەتە بکات، هاوکێشەیەک هێناوێتی، زرووفەکان نازانی بەرەو کوێوە چووە، خۆیشی ئەوەیە کە دەیبینین، گیری خواردووە بەدەست کێشەکانەوە، ئێمە بچینە نێوەڕاستی ئەمە؟ چووین بێگومان، لە حکومەت بەشداریمان کردووە، هەندێک شتمان کردووە، بەڵام بۆمان دەرکەوتووە سوودی نییە، خۆتێوەگلانە و رەنگە زەرەری ئەخلاقی و دینیشمان کردبێت، چونکە بەشدار دەبیت بەبێ ئەوەی بۆخۆت بزانیت، لەبەر ئەوە ئەمە جورئەتە کە ئێمە ناچین، حیزبێکی سیاسین و بۆمان هەیە، لە بەغدا و لێرە فەرمین و بۆمان هەیە بچینە نێو کایە سیاسییەکان؛ ناچین، ئەمە جورئەتەکەیە نەک پێچەوانەکەی.
تورکیا دەوڵەتێکی گەورەی هەرێمییە، دراوسێمانە، 25 ملیۆن کورد لە تورکیا هەیە، چەندین بەرپرسی گەورە لە حکومەتی ئاکپارتی و لە حکومەتەکانی دیکەدا کوردن، واتا کورد قەتیس بکەیتەوە لە پەکەکە و پەکەکەش لە هێڵی فڵان برادەر و فڵان برادەر ئەمە هەڵەیە. 25 ملیۆنە، چەند ملیۆنی پەکەکەیە؟ قەندیل چەند کەسی تێدایە؟ من لە شەئنیان کەم ناکەم، خەبات دەکات و قەناعەتی خۆیەتی، بەڵام ئەگەر بیەوێت هەموو جیهان تەخت بکات، هەموو کەس هیچ نییە، تەنیا من نەبێت، ئەوە هەڵەیە. لەبەر ئەوەی ئێمە نەک بە نەنگی نازانین، بەڵکو بە پێویستی دەزانین، لێکتێگەیشتن لەگەڵ دراوسێ ئارامکردنەوەی دۆخ، ئەوەندەی کە پێمان دەکرێت قسەی خێر، ئیتر ئەوەندەی کە وەریان گرت، خۆ مەرج نییە، ئێمە زۆرییەکمان نییە.
باسی شەفافییەت، کاک حەمە (محەممەد حاجی مەحموود) خۆی وەڵامی خۆی داوەتەوە، داوای شتی کردووە، خۆیشی بەشی کردووە بەسەرماندا، وەکو خەڵاتی خۆی دەرچوو نەک هی کەسی دیکە، چونکە لە واقیعدا هەر خۆی داوای کردووە، ئێمە ئەو مەنهەجەمان نییە کە داوای شت لە کەس بکەین، بەڵام شتی نامەشرووتیش بێگومان سرووشتییە، هەر کەس یارمەتی بدات بەبێ مەرج. ئەگەر حیسابی ئێمە هەر ئەوەی تێدا بێت، حیسابی خەڵکی دیکە دەبێت چی تێدا بێت، چەند خەڵک کوژراوە بۆ ئەوەی ئاغا فڵان رازی بکات، یان فڵان رازی بکات یا مستەر فڵان رازی بکرێت، ئێمە کە ئەوەش وەکو گوتم باسی کاکە حەمە لە پیاوەتیی خۆی سواڵی بۆ کردووین و شتێکی ئاڵۆزیش نەبوو ئەو رۆژە؛ ئێمە بە سەردان چووبووین، چوار حیزبەکە بوو، ئەوانیش بڵێیت وەکو دیاری، کاک حەمەش لەو شتانە شارەزاتر بوو، داوای کردبوو، تووندمان نەگرت، ئەویش چووە لای ئەو لیژنەی هەڵبژاردن، کاتی هەڵبژاردن بوو، بۆ ئەوەشیان دابوو کە یارمەتیمان بدەن، ئێمە سوپاسمان کردن ئەو کاتە، ئێستاش بە نەنگی نازانین، شتێکی ئاڵۆز نەبوو زۆر، بەڵام کاکە حەمە کە دەیگێڕێتەوە نازانم لە چی بوارێکدا باسی کردووە، بەڵام وەکو بڵێیت ئەوە نهێنیی ئەو دانیشتنە بوو، نەک دەنگ و باس دروست بکات، چونکە گوڵچنی ئەو شتانە بکەین، زۆر دەکەوێت لەسەر زۆر خەڵک، ئێمە پاکترین دەردەچین.
شتێکی دیکەت گوت، گوتت وەڵامی تورکەکان چییە، بێگومان دەڵێن ئێمە خەریکین و ئاوەدان دەکەینەوە و لە رۆژهەڵات و باشووری ئەو ناوچەیە خەریکی گۆڕانکارین، واتا قسەی نەرێنی ناکەن، بەڵام بەهەرحاڵ تاوەکو چەند وایە نازانم، گرنگ ئەوەیە ئێمە لەوێش قسەیەک ناکەین دەروونمان ئاسوودە نەبێت، دینمان رێگە نەدات، و ملکەچی کەسیش نین.
هەندێکی راستگۆییە، هەندێکیشی بەرژەوەندیی گشتییە، ئەگەرنا ئێمە کارمان بەوە نییە کە بچینە لای خەڵک بۆ شتێکی دیاریکراو، بەڵام بەرژەوەندیی میللەتەکە دەخوازێت هەرچی بۆ بکەیت. میللەتەکە لە مەترسیدایە، ئەمڕۆ سووریا لە مەترسیدایە و سووریا ئەگەر بڕووخێت، مەترسیی گەورە روودەدات، لەبەر ئەوە وا سادەنییە باسەکە.
لە کۆتاییدا ئینسان لە چیدا لێهاتوو بوو، دەبێت بەوەوە سەرقاڵ بێت، ئێمە وەکو یەکگرتوو لە بابەتی پەروەردەیی و بانگەشە و لە کاری مەدەنی و کاری خێرخوازی و ئەمانە تاوەکو رادەیەک لێهاتووییمان هەیە و جێگە دەستیشمان دیارە وابزانم، و شانازیی دەکەین بەوەی کە ئەو کەسانەی رۆژانێک لەگەڵمان بوون، بەقەدەر ئەوە ئاسەواری ئەو پەروەردەیە دیارە لە کەسایەتییاندا.
من جارێکی دیکە سوپاسی هەموو لایەک دەکەم، دەستتان خۆش بێت، زەحمەتتان کێشا، سوپاسی ئەو پرسیارە باشانەتان دەکەم، ئێوە تەواوکەری کارەکەی ئێمەن، میدیا رۆڵێکی جوان دەبینێت. شاراوە نییە لە کوردستاندا میدیا رۆڵی باشە، هەرچەند زۆر جار زەم دەکرێت، بەڵام لە ئاستی دەوڵەتە باشەکاندایە، میدیا چالاکە، جاری وا هەیە هەڵە هەر روودەدات، بەڵام بەگشتی میدیا کاری باش دەکات، تەواوکەرێکی باشە، خۆ ئەگەر گۆڕەپان هەر خاڵی بووایە بۆ سیاسییەکان و حوکمڕانەکان، رەنگە زۆر خراپتر روویدابووایە. ئێستا میدیا جۆرێکە لە چاودێری، ناشکوری نەبێت، پەرلەمان نەماوە و شتی دیکە نەماوە، لەبەر ئەوە کارێکی تەواوکەریی جوانە. زۆر سوپاس.