دوو ساڵ دوای بوومەلەرزە کارەساتبارەکە، هێشتا 56 هەزار کەس لە سەمسوور لەنێو کۆنتێنەردا دەژین
رووداو دیجیتاڵ
دوو ساڵ بەسەر بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ـی شوباتی مەڕەشدا تێدەپەڕێت، کە لە باکووری کوردستان و تورکیا هەزاران چیرۆکی ناخهەژێنی لەدوای خۆی بەجێهێشت.
دوای تێپەڕینی دوو ساڵ بەسەر رووداوەکە، سەمسوورییەکان دەڵێن، بیریان ناچێت و گەردەنی تاوانباران ئازاد ناکەن.
هاوسەرۆکی دەم پارتیش کە لەگەڵ خەڵکەکەدا بەشداری گردبوونەوەیەک بوو لە ساڵڕۆژی بوومەلەرزەکە، رایگەیاند ئەوان بەردەوام لەگەڵ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەن.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی "بەرپرسانی حکومەت کە گوتیان لە ماوەی ساڵێکدا تەواوی کێشەکان چارەسەر دەکەن، بەداخەوە دوو ساڵ تێپەڕیوە، ئەوەتا دەبینین بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە. هێشتا خەڵک لە کۆنتێنەردا دەژین".
هەر ماڵباتێکی زیانبەرکەوتوو 21 هەزار دۆلاری وەکو هاوکاری پێدەدرێت، هەروەها دەتوانێت 21 هەزار دۆلاریش وەکو قەرزی درێژمەودا رابکێشێت.
سەرۆکی جەهەپە لە سەمسوور بوو و لە بابەتەکانی نۆژەنکردنەوە و ئەو هاوکارییانەدا رەخنەی لە حکومەت گرت.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە گوتی "ئیدی ئەو پارەیە بەشی بیناسازی ناکات. دەبێت بکرێتە دووهێندە. پێمگوتوون وەزارەتی ئامادەکاری بۆ بوومەلەرزە و کارەساتی سرووشتی دابمەزرێنن."
حکومەتی تورکیا بەڵێنی دابوو لەماوەی ساڵێکدا 319 هەزار شوقە، خانوو و دووکان رادەستی زیانبەرکەوتووان بکات. بەڵام ئەوەی هەتاوەکو ئێستا رادەستکراوە، 201 هەزار و 580ـیە.
موراد کوڕووم، وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا دەڵێ "پێشنیازم بۆ بەڕێز ئۆزگور ئۆزەل، با ناکۆکییەکانی نێوخۆی پارتەکەی بخاتە لاوە و لێرە لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکانی خۆی قسە بکات. دڵنیام ئەوانەی رەخنەمان لێدەگرن، لەو ماوەیە کورتەدا ناتوانن تەنیا دیزایینی 221 هەزار شوقەش بکەن".
بەگوێرەی ئاماری فەرمی؛ لە بوومەلەرزەکەدا 53 هەزار و 537 کەس گیانیان لەدەستدا.
عەبدولرەحمان توتدەرە، سەرۆکی شارەوانیی سەمسوور رۆژی چوارشەممە 5-2-2025 رایگەیاند، ئێستا 56 هەزار کەس لە نێو کۆنتێنەردا دەژین.