نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ یەکگرتووی ئیسلاميی كوردستان ده‌كات

 
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 32یەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەمیندار و سەرکردایەتی و لایەنگرانی ئەو حیزبە کرد و رۆڵی یەکگرتووی لە خەباتی مەدەنی دا بەرز نرخاند.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "یادی 32 ساڵەی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە گەرمی لە بەڕێز مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی و سەرکردایەتی و تەواوی ئەندام و لایەنگرانی یەکگرتوو پیرۆز دەکەم."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە مێژووی کارکردنی ئەو حیزبە کرد و گوتی: "یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رۆڵێکی دیاری لە چەسپاندنی کولتووری ئاشتیخوازی، پێکەوەژیان و خەباتی مەدەنی و پەرلەمانیدا هەبووە." جەختیشی کردەوە کە بەشداریکردنی کارای ئەو حیزبە لە پرۆسەی سیاسی و هەوڵەکانی بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان، "مایەی ڕێز و پێزانینن."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی داوای یەکدەنگیی لایەنە سیاسییەکانی کرد و رایگەیاند: "لەم یادەدا، جەخت لە تەبایی و پێکەوەکارکردنی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکانمان."
 
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی: 
 
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ یەکگرتووی ئیسلاميی كوردستان ده‌كات
 
يادى 32 ساڵه‌ى ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، به‌ گەرمى له‌ بەڕێز مامۆستا سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی و سەرکردایەتی و تەواوی ئەندام و لایەنگرانی یەکگرتوو پيرۆز دەکەم. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رۆڵێکی دیاری لە چەسپاندنی کولتووری ئاشتیخوازی، پێکەوەژیان و خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی دا هەبووە. بەشداریکردنی کارای لە پرۆسەی سیاسی و هەوڵەکانی بۆ پاراستنی یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان، مايه‌ى ڕێز و پێزانینن.
 
لەم یادەدا، جەخت لە تەبایی و پێکەوەکارکردنی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه‌كان و پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکانمان.
 
 
نێچیرڤان بارزانی 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
 2026/2/6