لە ئیزمیر خوێندکارێک بەهۆی ڤیدیۆی 'هۆنینەوەی پرچ' زیندانی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی تورکیا لە شاری ئیزمیر، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ خوێندکارێکی تەمەن 16 ساڵ دەرکرد، ئەوەش بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی "هۆنینەوەی پرچ" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە دادگە وەک "بانگەشەکردن بۆ رێکخراو" پێناسەی کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، رۆژی پێنجشەممە 5-2-2026، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری ئیزمیر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خوێندکارێک بەناوی (ئا. ک.) و دەستبەسەریان کردووە.
دەستگیرکردنی ئەو خوێندکارە پەیوەندی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێکەوە هەبووە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە ڤیدیۆیەکی "هۆنینەوەی پرچ" بووە و لەگەڵیدا وێنەیەک و گۆرانییەکی داناوە.
دوای وەرگرتنی گوتەکانی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش، (ئا. ک.) رەوانەی دادگە کراوە. دادگە بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ رێکخراو" (مەبەست لێی پەکەکەیە)، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد و رەوانەی زیندانی منداڵانی شاکران کرا.
ئەدهەم کوروش، پارێزەری خوێندکارەکە رەخنەی تووندی لە بڕیارەکە گرت و بە "دەستوەردانێکی قورس و ناهاوسەنگ" وەسفی کرد.
پارێزەرەکە گوتی: "بێبەشکردنی خوێندکارێک لە ئازادی بەهۆی پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لەڕووی یاساییەوە جێگەی قبووڵ نییە. لە دادگاییکردنی منداڵاندا، پێویستە بەرژەوەندیی باڵای منداڵ پارێزراو بێت و زیندانیکردن وەک دوایین ڕێگە سەیر بکرێت، نەک یەکەم هەنگاو."
هەروەها راشیگەیاند، ئەو سزایە دژی بنەماکانی دەوڵەتی یاسا و ئازادیی رادەربڕینە و دەرەنجامی خراپی بۆ سەر مافی خوێندن و داهاتووی ئەو منداڵە دەبێت.
لەدوای بڵاوبوونەوەی دیمەنی کەژی ژنە شەڕڤانێکی کورد بە دەست چەکدارێکی سوپای عەرەبی سووریاوە، چالاکی "هۆنینەوەی پرچ" وەک سیمبولی هاوسۆزی و بەرخۆدانی رۆژئاوای کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە.
داودەزگاکانی تورکیا ئەم جۆرە چالاکییانە وەک "بانگەشەی ئایدیۆلۆژی" بۆ پەکەکە و یەپەگە دەناسێنن و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەن کە ڤیدیۆی کەزی پۆست دەکەن.