سەرۆک بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبوونەوە؛ "مەترسی بەهێزبوونەوەی داعش لەئارادایە"
رووداو دیجیتاڵ
بارەگای بارزانی رایگەیاند، لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندووە، "سەرۆک ماكرۆن سڵاوی تایبەتی هەبووە و جەختی لە پەیوەندی و دۆستایەتی دوولایەنە و پاڵپشتیكردنی گەلی كوردستان كردووەتەوە".
ئەمڕۆ هەینی، سەرۆک بارزانی و ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا كە پاتریك دورێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و یان برێم كۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەرۆك بارزانی راگەیاندووە، "سەرۆك ماكرۆن سڵاوی تایبەتی هەبووە و جەختی لە پەیوەندی و دۆستایەتی دوولایەنە و پاڵپشتیكردنی گەلی كوردستان كردووەتەوە. هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی بۆ كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەربڕی بە ئامانجی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی سیاسیی ناوچەكە و راوێژ لەگەڵ سەركردەكانی ناوچەكە بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ گرفتەكانی ناوچەكە. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەكانی سەرۆك ماكرۆن و سەرۆك بارزانی دا لە هاندانی لایەنەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە سووریا و ئەو هەوڵانەی بەرز نرخاند. پێزانینیشی بۆ رۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی هەبوو لە چارەسەركردنی كێشەكان لە عێراق و ناوچەكە. هەروەها رۆشنایی خستەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی فەرەنسا و گەلی كوردستان و نامەیەكی بارزانی نەمریشی پێشكەشی سەرۆك بارزانی كرد كە لە ساڵی 1967 لە لایەن بارزانی نەمرەوە بۆ ژەنەڕاڵ دیگۆل سەرۆكی فەڕەنسا نێردرابوو و لە ئەرشیڤی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسادا هەڵگیرابوو و، سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسای كرد و ئەو نامەیەی بە بەڵگەیەكی پڕبەها وەسف كرد كە سەلمێنەری پەیوەندی و دۆستایەتی لەمێژینەی گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسایە".