لە باکووری کوردستانەوە فەرش رەوانەی ئەمریکا و ئیسپانیا دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە باکووری کوردستان فەرش بۆ ئەمریکا و ئیسپانیا دەنێردرێن. لە شارۆچکەی کانیا خەزالانە لە پارێزگای رووها، ژنانی ئەو ناوچەیە لە رستن و چنیندا کارامە و لێهاتوون، ئەوە وایکردووە [کۆمەڵەی ئیمام خەتیب]  پرۆژەی چنین دەستپێبکات.
 
خەلیل کاهرامان، سەرۆکی کۆمەڵەی ئیمام و خەتیبە و دەڵێت، "ئەو کۆمپانیایانەی کاریان لەگەڵدا دەکەین لە کۆنیا و ئاکساراین. ئەو فەرشانەی دەیانچنین بۆ ئەوانی دەنێرین و ئەوانیش بەپێی ئەو گرێبەستەی کردوویانە دەیاننێرنە ئیسپانیا و ئەمریکا. لێرەوە داهاتێک دەستدەخەین کە بەشێکی بۆ ئێمەیە".
 
بۆ پەرەدان بە تواناکانیان، خولێکی راهێنان بۆ ژنانی کانیاخەزالان بە سەرپەرشتی سێ راهێنەر کراوەتەوە. 
 
مەریەم ئێکین، راهێنەری چنینی فەرشە و باس لەوە دەکات، "ئێستا 36 بەشداربوومان هەیە. سێ راهێنەرین لێرە، دیاربەکرییەک و دوو ئورفەیی. ئەو فەرشەی ئێمە دروستی دەکەین جیاوازە و شێوازەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان. ئەم شێوازە چنینە دەگمەنە و مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە، هەر بۆیەش فەرشەکانمان وەکو کەلەپوور سەیردەکرێن".
 
ئەو فێرخوازانەی لەو کۆمەڵەیەدا دەستبەکاربوون، مانگانە نزیکەی 4 هەزار لیرە وەردەگرن کە دەکاتە نزیکەی 280 دۆلار. 
 
زەینەب تووڕ، فێرخوازە و گوتی، "لێرە فێری چنینی فەرش دەبین، راهێنەرمان هەیە، پێشتر لە ماڵەوە بێکار دادەنیشتین و بێزار دەبووین، بەڵام ئێستا فەرش دەچنین". 
 
ئەو فەرشانە لەسەر شێوازی [ئوشاک] دروستدەکرێن کە مێژووەکەی بۆ سەدەکانی 14-15 دەگەڕێتەوە و زیاتر لە نێو کۆشک و تەلارەکاندا هەبوون. سەرپەرشتیارانی ئەو خولە گرێبەستیان لەگەڵ چەند ناوەندێکی ئەمریکی و ئیسپانی کردووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام فەرشیان پێ بفرۆشن.