درۆنێک لە سنووری بەحرکە بە ماڵێکی سڤیل کەوت و دوو هاونیشتمانی شەهید بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە گوندێکی سنووری ناحیەی داررشەکرانی هەولێر، ژن و مێردێکی سڤیل شەهید بوون. دژە تیرۆری کوردستانیش رایگەیاند، درۆنەکە لە ئێرانەوە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7-4-2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند، درۆنێک لە گوندی "زەرگەزەوی" لە ناوچەی زرارەتی کەوتووەتە خوارەوە. بە گوتەی پارێزگار، درۆنەکە راستەوخۆ بەر ماڵێکی سڤیل کەوتووە و لە ئەنجامدا هاونیشتمانییەک بە ناوی (مووسا زراری) لەگەڵ هاوژینەکەی شەهید بوون.
 
سەبارەت بە وردەکاریی هێرشەکە، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە سێ درۆن ئاراستەی ئەو ناوچەیە کراون؛ دوو لە درۆنەکان لە چۆڵەوانی کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام سێیەمیان بەر ماڵی ئەو خێزانە کەوتووە.
 
دژەتیرۆر: درۆنەکە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو
 
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، "ئەو درۆنەی لە گوندی زەرگەزەوی بەر خانووی هاونیشتمانییەک کەوت و بووە هۆی شەهیدبوونی ژن و مێردێک، لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو"
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دژەتیرۆری کوردستان، کاژێر 00:15ی شەوی سێشەممە، 7ی نیسانی 2026، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە نێو خاکی ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، بەر خانووی هاونیشتمانییەک لە گوندی "زەرگەزەوی"ی سەر بە ناحیەی دارەشەکران لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتووە.
 
لە ئەنجامی هێرشەکەدا، دوو هاوژین بە ناوەکانی (مووسا ئەنوەر رەسووڵ و مژدە ئەسعەد حەسەن) شەهید بوون. 
 
دوو منداڵەکە داوای دایک و باوکیان دەکەن
 
دانیشتووانی گوندەکە دەڵێن، هێرشەکە لە کاتێکدا بووە کە خێزانەکە "لە شیرینی خەودا بوون".
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، ئەو خێزانە دوو منداڵیان هەیە، بەڵام لە کاتی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە و تەقینەوەی خانووەکە، منداڵەکان لە ژوورێکی دیکە بوون و بەو هۆیەوە لە مەرگ رزگاریان بووە و تەندروستییان باشە.
 
کەریم حەسەن، کە ئامۆزای مووسا زرارییە لە بەردەم دادپزیشکیی هەولێر بە پەیام سەربەست پەیامنێری رووداوی راگەیاند، سەرەتا درۆنێک هات لە چۆڵەوانی گوندەکەیان کەوتە خوارەوە، درۆنی دووەمیان بەر ماڵی مووسا کەوت.
 
بە گوتەی کەریم، مووسا باوکی دوو منداڵە کە تەمەنی گەورەکەیان سێ چوار ساڵێک دەبێت.
 
عیماد بەدرەدین، کە کوڕی پووری مووسایە و دراوسێشییەتی، ساتی هێرشەکەی گێڕایەوە و گوتی: "سەرقاڵی وێنە گرتنی درۆنەکان بووم، کە لە ئاسمان دەهاتنە خوارەوە، سەرەتا وامزانی درۆنەکە بەر کاولە خانوویەک کەوتووە دڵم خۆشبوو، بەڵام بە داخەوە بەر ماڵی کاک مووسا کەوت و ماڵی کاول بوو." 
 
سەبارەت بە چارەنووسی دوو منداڵەکەی مووسا، عیماد گوتی: "دوو منداڵی کچی هەیە، هەردووکیان بچووکن، لە کاتی رووداوەکەدا لە ژوورێکی دیکەدا خەوتوون. منداڵەکان شۆک بوون زۆر ترساون، وەکو شێتیان لێهاتووە، هەر دەگرین و داوای دایک و باوکیان دەکەن.
 
خێزانێکی قوربانیدەر
 
ئەمە یەکەمجار نییە ئەو خێزانە قوربانی دەدەن. بە گوتەی عیماد بەدرەدین، برایەکی مووسا بەناوی عەبدوڵڵا ئەنوەر ساڵی 2018 لە چیای قەرەچووخ لە شەڕی دژی چەکدارانی داعشدا شەهید بووە.
 
دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە و رایگەیاندووە: "ئەم هێرشانە پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تاوانی جەنگییە."
 
هەولێر رۆژێکی سەختی بەڕێ کرد
 
لە 28ی شوباتەوە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر ئێران، بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی شاری هەولێر.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند ئەو رۆژە "یەکێک لە رۆژە سەختەکان بووە"، چونکە ژمارەیەکی زۆر درۆن و مووشەک ئاراستەی هەولێر کراون. راشیگەیاند کە کۆی گشتی شەهیدانی ئەو هێرشانە گەیشتووەتە 16 شەهید، کە دووانیان ئەو دوو هاونیشتمانییە سڤیلەن.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە بەم هێرشانەی ئێوارەی ئەمڕۆشەوە، هەرێمی کوردستان بە زیاتر 680 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەری، کە نزیکەی 550 هێرشیان بۆ سەر پارێزگای هەولێر بووە.