خانەقین.. داعش 3 شۆفێر گوللەباران دەكات
رووداو - خانەقین
لە رێگای نێوان خانەقین و نەوتخانە، گرووپێكی چەكدار هێرشدەكەنە سەر 4 تانكەری تایبەت بە گواستنەوەی نەوت، سێ لە شۆفێرەكان دەكوژن و یەكێك لە شۆفێرەكانیش لەدەستیان رادەكات.
محەممەد مەلا حوسێن، قایمقامی قەزای خانەقین بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند:" رۆژی دووشەممە رێككەوتی 4/5/2015 لە رێگای نەوتخانە، لە ئەنجامی هێرشێك لە لایەن چەكدارانی داعشەوە، سێ شۆفێر گیانیان لەدەستداو یەكێكی دیكەشیان توانی لەدەستیان رابكات، دواتریش تانكەرەكانیان سووتاندن".
قایمقامی خانەقین ئاماژەی بەوە كرد كە دەزگا ئەمنییەكان گوتەیان لە شۆفێری چوارەم وەرگرتووە و بەپێی گوتەی ئەو، چەكدارەكان داعش بوونە و هیچ مەبەستییەكیان نەبووە، جگە لە كوشتنی شۆفیران و سووتاندنی تانكەرەكان، رووداوەكەش 400 مەتر دوور لە بنكەیەكی سەربازی سوپای عێراق روویداوە.
هاوكات ئەفسەرێكی هەواڵگری نەوتخانە كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، بۆ رووداو هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و گوتی:" گرووپێكی چەكداری نەناسراو لە ناوچەی نەوتخانە، هێرشیانكردووەتە سەر چەند تانكەرێكی گواستنەوەی نەوت و سێ شۆفێریان كوشتوون و تانكەرەكانیشیان سوتاندوون".