لە باکووری کوردستان کچێکی تەمەن 13 ساڵ کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی یاقوتییەی سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستاندا کچێکی تەمەن 13 ساڵان لەلایەن کوڕێکی تەمەن 19 ساڵانەوە کوژرا.
بەپێی میدیاکانی باکووری کوردستان و تورکیا سەردار دوندار، 19 ساڵ ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 6ی ئایاری 2021 دوای بەربانگ، لە کۆڵاندا بە هەڕەمەکی تەقەی کردووە. لەو کاتەدا پنار کابان، تەمەن 13 ساڵ، کە لە کۆڵاندا یاریی کردووە، ساچمەیەک بەر چاوی چەپی کەوتووە و بەپەلە گەیێنراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام سەرەڕای هەوڵی پزیشکان، گیانی لەدەستداوە.
سەردار دوندار، کە پێشتریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین وێنەی خۆی بە چەک و دەمانچەوە بڵاوکردووەتەوە، دوای رووداوەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
ئیبراهیم یڵدز، کە دانیشتووی گەڕەکەکەیە دەڵێت: "لەگەڵ هاوژینەکەم لە ماڵەوە بووین. سەرەتا دەنگی تەقەم بیست، وامزانی تەقینەوەی بۆمبە. دواتر کە چوومە دەرەوە پنارم بینی، بانگمکرد پنار.. پنار، هیچ دەنگی نەبوو. دواتر پۆلیس و ئەمبوڵانس گەیشتن".
ئیبراهیم یڵدز هەروەها دەڵێت: "سەردار کە لە پناری داوە، پێشتریش کاری پیس و چەپەڵانەی زۆر کردووە. هیچ کەسێک نەماوە لەم گەڕەکەدا سکاڵای لەسەر تۆمار نەکردبێت".
دوای دەستگیرکرانی سەردار لەلایەن پۆلیسەوە، تیمەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە کردووە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا 81.6٪ی تاوانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بە چەکی بێ مۆڵەت دەکرێن، لە تەواوی ئەو وڵاتەدا 20 ملیۆن چەک هەن کە 80%یان بێ مۆڵەتن.