کۆرۆنای هیندی گەیشتە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایانگەیاند، 38 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای ئەفریقی و 13 تووشبووی کۆرۆنای هیندییان دەستنیشانکردووە، کە لە هیندییەکان 10 کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستانن.
 
عەلی ئەحمەد ئاقاپوور، بەرپرسی راگەیاندنی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنای پارێزگای ورمێ رایگەیاند: لە شاری شوتی سەر بە پارێزگای ورمێ، 10 تووشبوویان دەستنیشانکردووە کە هەڵگری ڤایرۆسی هیندی بوون.
 
بەگوتەی عەلی ئەحمەد ئاقاپوور، ئەوان هەموویان لە کارگەیەکدا کە کرێکارە هیندییەکان بەڕێوەی دەبەن کاریانکردووە، کرێکارانی کارگەکە هەموو بۆ ماوەی دوو هەفتە کەرەنتین دەکرێن و پشکنینیان بۆ دەکرێ.
 
ئاقاپوور دەڵێ: جگە لە کرێکارانی ئەو کارگەیە تووشبووی دیکەی کۆرۆنای هیندی لە پارێزگای ورمێ دەستنیشان نەکراوە و هەوڵدەدەن رێگریی بکەن ئەم ڤایرۆسە لەم پارێزگایەدا زیاتر تەشەنە نەکات. 
 
هاوکات سەعید نمەکی، وەزیری تەندروستی ئێران دەڵێ: لە پارێزگای قومیش 3 کەسی هیندی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای هیندییان دەستنیشانکردووە و ئێستا کەرەنتین کراون.
 
وەزیری تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەوڵدان ئەو کەسانە دەستنیشان بکەن لەگەڵ ئەوان پەیوەندییان هەبووە و گوتیشی: "لە پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران نزیکەی 38 تووشبووی کۆرۆنای ئەفریقیی دەستنیشانکراون، ئەگەر ڤایرۆسی کۆرۆنای هیندی یان ئەفریقی تەشەنە بستێنێ، سیستەمی تەندروستیی ئێران خۆڕاناگرێت و کێشە دروست دەبێت. بۆیە داوا لە خەڵک دەکەین پابەندی رێوشوێنە تەندروستییەکان بن".
 
ئێران ئێستا خەریکە شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا کە بە کۆرۆنای ئینگلیزی دەناسرێ، تێدەپەڕێنێت. بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ئەم شەپۆلەی کۆرۆنا لە بەشێکی زۆری پارێزگاکانی ئەو وڵاتەدا هێوربووەتەوە، بەڵام هاوکات لە پەیوەندیی لەگەڵ مەترسیی هەڵکشانەوەی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا هۆشدارییان داوە.
 
بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تاوەکو ئێستا 73 هەزار و 568 کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و 2 ملیۆن و 591 هەزار کەسیش تووشبوون.