نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر: دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی سووتانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت: دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ هۆکارەکانی ئەو رووداوە نەخوازراوە بکەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "سوپاسی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، فریاکەوتن، پۆلیس، ئاسایش و تەندروستی دەکەم کە بەرپرسانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد و بەریان بە تەشەنەکردنی زیاتری ئاگرەکە گرت".
شەوی یەکشەممە، 5ـی ئایاری 2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، بووە سێیەم ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی هەولێر بکەوێتەوە لەماوەی تەنیا دوو مانگ و هەشت رۆژدا.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "هاوخەمی کاسبکارانی بازاڕەکەم" کە زیانیان بەرکەوتووە و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت و دەڵێت: "لایەنە پەیوەندیدارەکان دهبێ لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆ هۆکارەکانی ئەو رووداوە نەخوازراوە بکەن".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پێویسته ههڵوهسته لهسهر دووبارەبوونەوەی ئەم رووداوانه و بەدواداچوونێکی هەمەلایەن بۆ رووداوەکە بکرێت، هەروەها کاسبکارانیش زیاتر پابەندی رێنمایییەکان و گرتنەبەری رێکارەکانی سەلامەت بن".
بازاڕی قەیسەریی هەولێر "شوێنەوارێکی مێژوویی و سیمایەکی جوانی پایتەختی هەرێمی کوردستانە"، بۆیە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "هەموو پشتیوانییەک بۆ هەرچی زووتر نۆژەنکردنەوەی رادەگەیەنین".
پارێزگای هەولێر رایگەیاند: "لە کۆی زیاتر لە 4000 دووکان، 227 دووکان و 7 کۆگەی بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان، دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە."