کشتوکاڵی دهۆک: زیانی کەمبارانی لە دهۆک زیاتر لە 500 ملیار دینار دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

کەمبارانی زیانی گەورەی بە جووتیارانی دهۆک گەیاندووە. 420 هەزار دۆنم زەوی چێندراو بە گەنم بەهۆی کەمبارانییەوە بەرهەمی کەم دەبێ و بەو هۆیەوەش گەنم بەشێوەیەکی گشتی کەم دەکات.
 
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک رۆژی سێشەممە 6-5-2025 بە رووداوی راگەیاند:"بەهۆی کەمبارانییەوە بە تایبەت لە دەشتەکانی سێمێڵ، شێخان و بەردەڕەش رووبەرێکی زۆری چێندراو بە گەنم بەرهەمی نابێ؛ 420 هەزار دۆنم زەوی چێندراو بە گەنم ناتوانرێت بەرهەمەکەی دروێنە بکرێ".
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک گوتی: "ساڵانە لە دهۆک 945 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بە گەنم دەچێندرێت، لەو رووبەرە 645 هەزار دۆنم دێمە و پشت بە ئاوی باران دەبەستێت، 300 هەزاریش بە سیستمی ئاودێرییە" .
 
بەپێی زانیاری کشتوکاڵی دهۆک، "گەنمی چێندراوی ناوچە شاخاوییەکان کێشەی نییە و دروێنە دەکرێت بەتایبەت لە بامەڕنێ، ئاکرێ، ئامێدی، شیلادزێ و دینارتە، بەڵام دەشتاییەکانی سێمێل، شێخان و بەردەڕەش زۆربەی بەرهەمی گەنمی دەفەوتێت".
 
ئەحمەد جەمیل گوتی:"زیانی لەدەستچوونی ئەو بەرهەمە زۆر زۆرە، هەر دۆنمێک گەنمی چێندراو خەرجییەکەی نزیکەی ملیۆنێک و 250 هەزار دەبێ؛ بۆیە بە کۆی گشتی زیاتر لە 500 ملیار دینار زیانمان هەیە بۆ ئەو زەوییانەی بەرهەمیان نابێ .''
 
وەک شوکری جەمیل دەڵێ: "٪65ـی گەنمی دێمی لە کۆی گشتی کە 645 هەزار دۆنمە بەرهەمی نابێ، هۆکارەکەشی ئەوەیە زۆربەی جووتیاران پشت بە ئاوی باران دەبەستن و باران بارینیش ئەم ساڵ کەمترە لە چاو ساڵانی رابردوو" .