پسپۆڕێکی پەروەردە: وانەی بژاردە بۆ میوانانە، نەک گەلێکی رەسەن لەسەر خاکی خۆیدا


رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی بواری پەروەردە و فێربوونی زمانی پێکهاتەکان هۆشداری دەدات لە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی پێگەی زمانی کوردی لە پرۆگرامی خوێندنی رۆژئاوای کوردستان بۆ وانەیەکی "بژاردە" و رایدەگەیێنێت، ئەم هەنگاوە زیانێکی بێوێنە بەو نەوەیە دەگەیێنێت، کە ماوەی 15ساڵە بە زمانی دایک دەخوێنن.
 
د. فەهمی کاکەیی، پسپۆڕی فێربوونی زمانی پێکهاتەکان، لە بوڵتنی نوورۆژ، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، تیشکی خستە سەر ئایندەی خوێندن بە زمانی کوردی لە سووریا و ئەو پێشهاتانەی لە گفتوگۆکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی دیمەشقدا دەهێنرێنە ئاراوە.
 
"بژاردە تەنیا بۆ کەمینە و میوانە"
 
سەبارەت بەو پێشنیازانەی باس لەوە دەکەن زمانی کوردی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، تەنیا وەک وانەیەکی ئارەزوومەندانە (بژاردە) بخوێندرێت، د. فەهمی کاکەیی گوتی: "ئەمە بیرۆکەیەکی تەواو هەڵەیە. زمانی بژاردە بۆ ئەو کەمینانەیە کە وەک میوان لە وڵاتێکی دیکە دەژین، نەک بۆ نەتەوەیەکی رەسەنی وەک کورد لە سووریا. لە وڵاتێکی وەک سوید زمانی دایک بۆ پێکهاتەکان بژاردەیە، بەڵام بۆ کورد لەسەر خاک و نیشتمانی خۆی، دەبێت زمانی بنەڕەتیی خوێندن و نووسین بێت."
 
مۆدێلی هەرێمی کوردستان
 
د. فەهمی کاکەیی پێشنیاز دەکات، کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کاتی گفتوگۆکانی لەگەڵ دیمەشق، ئەزموونی هەرێمی کوردستان وەک مۆدێلێکی سەرکەوتوو بخاتە سەر مێزی دانوستاندن. ئەو دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان زمانی کوردی زمانی فەرمییە، بەڵام لە هەمان کاتدا تورکمان، سریانی و عەرەبەکانیش بە زمانی خۆیان دەخوێنن. ئەمە باشترین چارەسەرە بۆ رۆژئاوای کوردستان کە تێیدا فرەیی نەتەوەیی و زمانی هەیە."
 
د. فەهمی ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر لەناکاو سیستەمەکە بگۆڕدرێت بۆ زمانی عەرەبی، نەک هەر خوێندکاران، بەڵکو مامۆستاکانیش تووشی شۆک دەبن.
 
ئەو دەڵێت: "ئەو منداڵانەی بە کوردی پەروەردە بوون، ناتوانن لەناکاو بابەتە زانستی و ئەدەبییەکان بە زمانی عەرەبی بخوێنن. زیاتر لە 3 بۆ 4 ساڵیان دەوێت تەنیا بۆ ئەوەی ئامادە بکرێنەوە. ئەمە نەک هەر زیانی زانستی، بەڵکو زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتی گەورەشیان پێدەگەیێنێت."
 
مەنهەجی هاوبەش نەک وەرگێڕانی کوێرانە
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو پسپۆڕەی پەروەردە باسی لە پرۆگرامی خوێندنی کرد و هۆشداری دا کە تەنیا وەرگێڕانی کتێبەکانی حکومەتی سووریا بۆ زمانی کوردی چارەسەر نییە.
 
د. فەهمی گوتی: "پێویستە مەنهەجەکە بە هاوبەشی لە نێوان لایەنی کورد و دیمەشق بنووسرێتەوە. نابێت تەنیا گوزارشت لە مێژوو و کولتووری عەرەب بکات، بەڵکو دەبێت مێژووی کورد، سریانی و تورکمانیش تێیدا رەنگ بداتەوە. ئەگەر مەنهەجەکە نیشتمانی بێت و هەمووان تێیدا هاوبەش بن، ئەو کاتە وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی کوردی دەبێتە هەنگاوێکی ئەرێنی."
 
کێشەی ئەلفوبێ
 
د. فەهمی کاکەیی باس لە ئەگەری رەتکردنەوەی ئەلفوبێی لاتینی لەلایەن حکومەتی سووریاوە دەکات. ئەو پێی وایە پاراستنی پڕۆسەی خوێندن گرنگترە لە شێوازی پیتەکان.
 
ئەو گوتی: "ئەگەر حکومەتی سووریا بە هیچ شێوەیەک ئەلفوبێی لاتینی قبوڵ نەکرد، پێشنیاز دەکەم کوردانی رۆژئاوا ئامادەبن وەک باشووری کوردستان ئەلفوبێی کوردی-عەرەبی (ئارامی) بەکاربهێنن. گرنگ ئەوەیە خوێندن بە زمانی کوردی نەوەستێت و پەککەوتە نەبێت، چونکە بێبەشبوونی نەوەیەک لە خوێندن کارەساتێکی نەتەوەییە."