لە 5 مانگی رابردوودا 57 ژن لە دهۆك گیراون

رووداو- دهۆك

لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا لە سنووری پارێزگای دهۆك 57 ژن بە تاوانی جیاجیا دەستگیركراون، دوای یەكلاكردنەوەی دۆسیەی هەندێكیان 3 لەو ژنانە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی چاكسازیی ژنان و منداڵان لە پارێزگای دهۆك، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا لە سنووری ئەو پارێزگایە 57 ژن بە تۆمەتی جیا جیا دەستگیر كراون.

دوو لەو ژنانە كە هەوێ بوون، لەگەڵ مێردەكەیان بە تۆمەتی كوشتنی دوو منداڵ لە سنووری قەزای زاخۆ دەستگیر كران، دوای دادگایی كردنیان بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو.

زەكی ساڵح، بەڕێوەبەری چاكسازی و منداڵان لە پارێزگای دهۆك، وردەكاری دەستگیركردنی ئەو ژنانەی بۆ (رووداو) باسكرد و گوتی "لە ماوەی 5 مانگی رابردوودا 57 ژن دەستگیر كراون، كێشەی هەندێك لەو ژنانە كۆتایی هاتووە و ئازاد كراون، ئێستا 24 ژن لە نێو زیندانی چاكسازی ئافرەتان ماون".

سەبارەت بە دۆسیەی ئەو 24 ژنەش، زەكی ساڵح گوتی "لەو 24 ژنە، 12یان راگیراون و تاوەكو ئێستا دۆسیەكەیان لە دادگا یەكلایی نەبووەتەوە، هەروەها 12ەكەی دیكەش دادگایی كراون، سزای جۆراو جۆریان بۆ دەرچووە، كە سێ لەو ژنانەی حوكم دراون، بەپێی مادە 406 لە یاسای سزادانی عێراق، سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە".

هەرچەندە ئەو سێ ژنە و زۆر ژن و پیاوی دیكەش هەن سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بەڵام سزاكەیان بەسەردا جێبەجێ ناكرێت، چونكە لەساڵی 2008ەوە جێبەجێكردنی ئەو سزایە بەكردەوە راوەستاوە ئەگەرچی دادگاكان بەردەوامن لە كاركردن بە یاساكە.