ناوەندی بەراعیم بۆ گەشەپێدانی بەهرەی منداڵان لە شاری عامودە کرایەوە
رووداو- عامودە
لە شاری عامودەی رۆژئاوای کوردستان ناوەندی بەراعیم بۆ گەشەپێدانی بەهرەی منداڵان لەلایەن هاونیشتیمانییەکی شارەکە کرایەوە.
محەممەد شێخی بەرپرسی ناوەندەکە دەربارەی منداڵانی لە ناوەندەکەدا گوتی:" بەم دەستپێشخەرییە هاوکاری منداڵان بکات تا بتوانن پەرە بەتوانا و بەهرەکانیان بدەن، بەتایبەت ئەو منداڵانەی کە خێزانەکانیان کەمدەرامەتن".
لەم ناوەندەدا خزمەتگوزاری پەروەردەیی بێبەرامبەر پێشکەش بە هاونیشتمانیانی عامودە دەکرێت و رێگە خۆشدەکات بۆ ئەوەی منداڵان بە شێوەیەکی کردەیی حەزەکانی خۆیان بخولقێنن.
مهاباد ئەحمەد مامۆستای ئەو ناوەندە دەڵێت:" لە ناوەندەکەدا کاتەکان بەشکراوە و لە کاژێر 10 بۆ کاژێر 11 میوزیک بۆ منداڵان لێدەدرێت، پاش نیوەڕۆیش کەمانچە و گیتار و تەمبوور فێری منداڵان دەکرێت".