کەرکووک؛ كورد داوا دەكەن لە گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتدا گەڕانەوەی پێشمەرگە بكرێتە مەرج

رووداو- هەولێر

هەژار نووری، دانیشتووی گەڕەكێكی شاری كەركووكە و دوای 16ی ئۆكتۆبەر ئاوارەی هەولێر بوو. پاش ماوەیەك گەڕایەوە شارەكەی خۆی، بەڵام هەست بە ترس و نائارامی دەكات و دەڵێت: "هیچ هێزێكی كوردی لێرە نییە ئێمە بپارێزێت، ئێستا ئێمە وەك میوانمان لێهاتووە، هەست بە ئارامی و سەقامگیری ناكەین، ئەگەر سبەی ئەو هێزەی لێرەیە بیانوویەك بە ئێمە بگرێت كێ‌ هەیە لەسەرمان بێتە قسە؟".

كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركووك و چوونی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ ئەوێ‌، ناوچەكەی بە نائارامی سپارد، تاوەكو ئێستاش هیچ بڕیارێك نییە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە، بەڵام وەزارەتی پێشمەگە ئومێد دەكات گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركووك بخرێتە دانوستاندنی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراقەوە.

ترس و بیم لەو هێزانەی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە هاتنە ناوچەكە، حەوت كەسایەتی و بەرپرسی قەزای خورماتووی ناچار كرد پەنا بۆ مەرجەعیەتی باڵای شیعە لە نەجەف ببەن. دوای سەردانەكەی ئەوان، هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە چەندین شوێن جێگیر كران.

محەممەد فایەق، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای دووز كە یەكێك بوو لەو حەوت كەسە، بە (رووداو)ی گوت: "لە سەردانەكەماندا داوامان كرد هێزێكی بێلایەن بنێرنە ناوچەكەمان و ئارامی بۆ شارەكە بگەڕێتەوە، ئەوانیش هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرایان نارد و ئێستا لە زۆربەی ناوچەكان جێگیركراون".

بەپێی ئاماری قایمقامیەتی قەزای خورماتوو، هەفتەی رابردوو نزیكەی 70 خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە شارۆچكەكە. هەر بەپێی ئاماری ئەوان لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە 251 ماڵ و 300 دووكان سووتێنراون و 76 خانوو تەقێندراونەتەوە و 2000 ماڵیش تاڵانكراون.

محەممەد فایەق دەڵێت: "زانیاری هەیە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، هێزی پێشمەرگە و پۆلیسی فیدراڵی بگەڕێنەوە ئەم ناوچانە".

هەندێك لە حیزبە كوردستانییەكان گەڕاونەتەوە كەركووك و ناوچەكانی دیكە بەڵام بە مەرج، لەوانەش نابێ هیچ بارەگایەك لە شەش پاسەوان زیاتری هەبێ‌، پێویستە ژمارە و جۆری چەكەكانیشیان تۆماركراو بێت.

هاووڵاتیانی دەرەوەی شار و شارۆچكەكانی كەركووك، حاڵیان لەوانەی ناو شار باشتر نییە، بەڵام ئەوان هەڕەشەی هێزێكی جیاوازیان لەسەرە، ئەویش پاشماوەكانی داعشە كە لە رۆژائاوای كەركووك چالاكن. هەندێكیشیان كەوتوونەتە بەر هێرش و پەلاماری عەرەبی هاوردە. چەند رۆژێك لەمەوبەر شەڕ لە نێوان كورد و عەرەبە هاوردەكانی گوندی پەلكانە لە رۆژئاوای كەركووك روویدا، لەوێ عەرەبی هاوردە بە زەبری چەك دەستیان بەسەر زەوی هاووڵاتیانی كورددا گرتووە.

فەرهاد ئیسماعیل كە كوردێكی دانیشتووی ناوچەكەیە بە (رووداو)ی گوت: "سەرەڕای ئەوەی هاتوون و زەویوزارمان داگیر دەكەن، سووكایەتیشمان پێ دەكەن، ئەوانەی هاتنە سەرمان چەكیان پێبوو، بەڵام ئەفسەرێكی عێراقی هات و پشتگیری كردن". 

بە گوتەی خەڵكی گوندەكە، زیاتر لە 80 خێزانی عەرەبی هاوردە هاتوونەتە سنووری ئەو گوندە.

رێبوار تەها، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "ئەم دۆسیە پەیوەندی بەكێشەكانی ماددەی 140ـەوە هەیە، دادگا ناتوانێت نێوانگیری بكات، بەڵام بەهۆی بوونی هێزێكی عەرەب لەو ناوچەیە ئەو عەرەبانە دێن و هێرش دەكەنە سەر ماڵە كوردەكان، چارەسەر ئەوەیە لە دانوستاندنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كورد پێداگیری بكات لەسەر هاتنەوەی پێشمەرگە بۆ ئەم سنوورە".

بەڵام حەشدی شەعبی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە هەڕەشە لە هاووڵاتیانی كورد كرابێ‌.  سەید عەلی هاشمی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە میحوەری باكووری خورماتوو بە (رووداو)ی گوت: "لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە تائەمڕۆ بارودۆخ زۆر زۆر باشە و باری ئەمنی ئارامە، هیچ كەس لە سەرووی یاساوە نییە و پەیوەندی نەتەوەكان لە ناوچەكە زۆر ئاسایی و برایانەیە". 

گوتیشی: "ئەوانەی ئاوارەبوون زۆربەیان گەڕاونەتەوە، تەنیا ئەوانە نەبێ‌ كە لەلایەن یاساوە داواكراون".

هێزی بەرپرچەدانەوەی خێرا هیچ كێشەیەك لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەدا نابینن و پێیانوایە گەڕانەوەیان پەیوەستە بە رێككەوتی نێوان بەغدا و هەولێر.
لیوا سامر محەممەد، بەرپرسی فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا بە (رووداو)ی گوت: "هەموو نەتەوە و ئاینەكان بەیەك چاو سەیر دەكرێن، هیچ كێشەیەك لە نێوانیاندا نییە، هەر كەسێك زیان بە بەرامبەرەكەی بگەینێ لە هەر نەتەوە و ئاینێك بێت، رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".

 ئەو بەرپرسەی هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە رێگەی رووداوەوە داوای لە ئاوارەكان كرد بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، چونكە بە گوتەی ئەو، یاسا سەروەرە و هەر بەو هۆیەشەوە 90%ی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان.

سەبارەت بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە، لیوا سامر گوتی: "گەڕانەوەی پێشمەرگە بەندە بە رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر، ئێمە هیچ كێشەیەكمان لە گەڕانەوەیان نییە، ئەگەر رێككەوتن كرا ئێمە پێشوازی لێدەكەین".

بەڵام هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك رەتدەكاتەوە. نازم ساعدی، سەركردە لە هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی پێیوایە :"كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانە لەلایەن سوپای عێراقەوە باشترین چارەسەرە، تاوەكو ماددەی 140 لەبارەی ناوچەكە یەكلایی دەبێتەوە. پێشمەرگە لەو ناوچانە پێشێلكاریی زۆری كردووە، بۆیە خەڵك گەڕانەوەی سەرلەنوێی پێشمەرگە رەتدەكەنەوە".

وەزارەتی پێشمەرگە ئومێدی بە گەڕانەوەیە بۆ كەركووك، بەڵام لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "پێویستە كورد گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بكاتە مەرجێك لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا".