بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.2 پلەی رێختەر پارێزگای ئیلامی هەژاند
رووداو دیجیتاڵ
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 06-06-2021 لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.2 پلەی رێختەر و قووڵایی 9 کیلۆمەتر روویدا.
سەرچاوە لۆکاڵییەکان باس لەوە دەکەن ناوەندی بوومەلەرزەکە شارۆچکەی ساڵحاوا لە پارێزگای ئیلام بووە و تاوەکو ناوچەی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشانی گرتووەتەوە. ناوەندی بوومەلەرزەزانی ئێرانیش لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 4 بوومەلەرزە لە ناوچەی ساڵحاوای ئیلام روویداوە کە گوڕەکانیان لە نێوان 2.5 بۆ 5.2 پلەی رێختەر بووە و لە شارەکانی مێهران، ئیلام نزیک بووە.
ئەسەد قاسمی قایمقامی مێهران لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، چەند تیمێکی فریاگوزاری نێردراونەتە ناوچەی ساڵحاوا بۆ بەدواداچوون بۆ زیانەکانی بوومەلەرزەکە. تیمەکە رایانگەیاندووە؛ بوومەلەرزەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە. لە شاری مێهران ناوەندێک بۆ کۆنترۆڵی قەیران پێکهێنراوە و ئێستا لە کۆبوونەوەدان.
هەروەها دوێنێ لە باشووری کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3 پلەی رێختەر شارۆچکەی چەمچەماڵ و دەوروبەری هەژاند، بەڵام هیچ زیانێکی ماددی و گیانی نەبوو.