کۆمیتەی ئەندامانی سازمانی خەبات لە هەولێر: ئەندامانمان دەبێت زیاتر خۆیان چاودێریی خۆیان بکەن
رووداو - هەولێر
پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 6ی حوزەیرانی 2022، لە گەڕەکی سێتاقانی شاری هەولێر خەڵک بە دەنگی تەقینەوەیەک راچڵەکین، کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری هیوندای تۆکسۆن لە گەڕەکەکە تەقییەوە و بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، کە ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانە، بە سەختی بریندار بوو.
دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، تەقینەوەکە لە نزیک بارەگای سازمانی خەبات روویداوە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە کردووە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامەکەی رادەگەیێنن.
محەممەد عوسمان، شایەتحاڵ ئاماژەی بەوە کرد، "راستەوخۆ دەنگەکە هات، دەنگەکە زۆر گەورە بوو، ناو دووکانمان هەمووی بووە دووکەڵ، هاتمە دەرەوە و بینیم بنی ئۆتۆمبێلەکە ئاگری گرتبوو، خەڵک هاتن بە ئاگرکوژێنەوە و ئاو کوژاندیانەوە."
هێشتا لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا نەکرابوون، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەئامانجگرتنی ئەندامێکی چالاکی حیزبەکەی راگەیاند کە لە هەوڵی کوشتن رزگار بووە.
شۆڕش حاجی، ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دەڵێت، "ئەوە یەکەمجار نییە کە بەرامبەر ئەندامان و ئەندامانی سازمانی خەبات هەوڵێکی وا دەدرێت، بە دڵنیاییەوە ئێمە حیزبێکی رووخانخوازین و چاوەڕوانی ئەو شتانە دەبین، هەرچەندە لەباری ئەمنییەوە زۆر وریاین، بەڵام ئیدی توانیویانە زەفەر بەو ئەندامەمان ببەن، زانیارییەکی سەرەتاییمان هەیە بەوەی کە بەداخەوە بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لکێندراوە."
ئەکبەر سنجاوی لەدایکبووی ساڵی 1973ی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، 12 ساڵە هاتووەتە باشووری کوردستان و تێکەڵ بە ریزەکانی سازمانی خەباتە و پێشتریش زیندانی سیاسی بووە.
ئەفسانە ئیبراهیم، بەرپرسی کۆمیتەی ئەندامانی سازمانی خەبات لە هەولێر رایگەیاند، "ئەو ئەندام و لایەنگرانەی کە لەنێو شاری هەولێرن هەر وەکو هاووڵاتییەکی کوردستان دەژین و زیاتر دەبێت بۆ خۆیان چاودێریی خۆیان بکەن، چونکە هەم ئەندام و لایەنگرەکان زۆرن، زیاتر بۆ خۆمان چاودێریی خۆمان دەکەین و لەلایەن سازمانیشەوە هەندێک رێنوێنیمان پێدەدرێت."
دوای رووداوەکە، ئەندامەکەی سازمانی خەبات گەیێندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گواسترایەوە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی و نەشتەرگەریی بەپەلەی بۆ کرا. بەگوێرەی دژە تیرۆری کوردستان، لێکۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەکان لەوبارەوە بەردەوامە.