153 خێزانی ئاوارەی کوردی ئێزدی دەگەڕێنەوە شنگال

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، 59 خێزانی ئاوارەی کوردی ئێزدی لە کەمپی شاریا لە پارێزگای دهۆک دەگەڕێنەوە شنگال و رۆژی سێشەممەی داهاتووش 94 خێزانی دیکە دەگەڕێنەوە. دەشڵێت تەنیا لەماوەی کەمتر لە دوو مانگی رابردوودا 900 خێزان ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال تۆمارکردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 6-6-2022 پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ 59 خێزانی ئاوارەی کوردی ئێزدی لە کەمپی شاریاوە لە پارێزگای دهۆک بگەڕێنەوە بۆ قەزای شنگال و دەوروبەری، ئەوان پێشتر ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، بڕیاریشە رۆژی سێشەممەی هەفتەی داهاتوو 13ـی حوزەیران 94 خێزانی دیکە بگەڕێنەوە."
 
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەدا گەڕانەوەی ئاوارەکان بەپێی خشتەیەکی پێشوەختەیە و بە هاوئاهەنگی دەبێت لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) و ئەو رێکخراوە ئامادەکاریی بۆ کردوون.
 
پیر دەیان پیر جەعفەر گوتی: "ئەو رێکخراوە یارمەتی دارایی ئەو ئاوارانە دەدات و پێشتر خانووەکانی بۆ نۆژەنکردوونەتەوە و بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانانەش بڕێک هاوکاریی داراییان دەکات."
 
ئەو ئاوارانەی کە دەگەڕێنەوە شنگال و دەوروبەری، لە کەمپەکانی شاریا و بێرسڤ یەک لە پارێزگای دهۆکن.
 
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک گوتی: "ئەمساڵ ژمارەیەک خێزان گەڕاونەتەوە شنگال، بەڵام رێوشوێنەکانی گەڕانەوە خاون و ژمارەی خێزانەکان کەمن، چونکە تەنیا لەماوەی کەمتر لە دوو مانگی رابردوودا 900 خێزانی ئاوارە ناوی خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال و دەوروبەری تۆمارکردووە."
 
لە پارێزگای دهۆک 65 هەزار و 282 خێزانی ئاوارەی شنگال لە کەمپەکان دەژین، کە ژمارەیان 330 هەزار و 859 کەسن، بەپێی کارنامەی حکومەتی عێراقیش کە لە کۆتایی ئۆکتۆبەری ساڵی 2022ەوە متمانەی لە پەرلەمان وەرگرتووە، بڕیارە لەماوەی یەکساڵدا سەرجەم ئاوارەکانی عێراق بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.