سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی ئێران كۆبووەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد كە لە پارێزگارانی پارێزگاكانی هاوسنووری هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە نوێنەرانی ناوچەكە لە پەرلەمانی ئێران پێكهاتبوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا خۆشحاڵییان بە ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران دەربڕی و جەختیان لە فراوانكردنی جووڵەی بازرگانی و هاتوچۆ و گواستنەوە لە دەروازە سنوورییەكان كردەوە، "هەروەها چەند پێشنیارێك بۆ زیادكردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی و فراوانكردنی زیاتری هاریكاریی لە بوارەكانی پزیشكی و گەشتیاری، لەگەڵ كردنەوەی ناوچەی بازرگانیی ئازاد لەنێوانیاندا، تاوتوێ كرد."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كە هاوبەشییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرن و خواستی دوولایەنەیان بۆ برەودان بە هەموو بوارەكانی پەیوەندی و هاریكاریی هاوبەش دووپات كردەوە. شاندی میوان سوپاس و پێزانینی بۆ ئاسانكاریی تێپەڕینی زیارەتكارانی كۆماری ئیسلامی بۆ مەزارە ئایینییەكان لە باشووری عێراق، بە هەرێمی كوردستاندا نیشان دا.
 
لە كۆبوونەوەكەدا لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان و كۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر و كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی، ئامادە بوون.